بەغدا و ئەنقەرە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆدەبنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتوون بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە.

باسم محەممەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی حکومی راگەیاندووە، "رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی."

عەبادی ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ماوەکانی رابردوودا هەردوولا پەیامیان بۆ یەکدی ناردووە لەسەر ئەوەی پێویستە پابەندبن لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."

راشیگەیاند، ئەنقەرە ئاماژەی بەوەکردووە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوە و پشکنی تێدا دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسم محەممەد عەبادی ئەوەی خستووەتەڕوو، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی رۆژانە لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری بەسرە جێگیرە، عێراق پابەندە بەو بڕەی کە ئۆپێک پڵەس دیارییکردووە بۆ پشتیوانی لە هاوسەنگیی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز هەفتەی  لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە  بڕیارە عێراق و تورکیا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆی تەکنیکی بکەن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، ماوەی 80 ڕۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا ڕاگیراوە و زیانەکەشی گەیشتوەتە دوو ملیار دۆلاری ئەمەریکی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار