ئیلام زۆرترین خوێن دەبەخشێت
لە ساڵێکدا زیاتر لە 18 هەزارکەس خوێن دەبەخشن

2 ساڵ لەمەوپێش
بەڕێوبەڕێکی تەندروستی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ دانیشتوانی ئەو پارێزگایە زۆرترین خوێنیان بەخشیوە و لە ریزبەندنی دووەمی خوێن بەخشیندان.
لەیلا عاسم ئابادی، بەڕێوبەری گشتی گواستنەوەی خوێن لە پارێزگای ئیلام لە مەراسیمی رێزلێنان لەو کەسانەی خوێنیان بەخشیوە ئاشکرای کرد؛ لە ساڵێکدا زیاتر لە 21 هەزار کەس سەردانی بانکەکانی خوێن بەخشینیان کردوە.
ئەو وتویەتی: لە ساڵێکدا 18 هەزار و 171 کەس کە جەستە و تەندروستیان گونجاو بوە لە پارێزگاکە خوێنیان بەخشیوە و بەوەش لە روی خوێن بەخشینەوە ئیلام کەوتوەتە ریزبەندی دووەم پارێزگا لە ئێران کە زیاترین خوێنی بەخشیبێت.
رونی کردوەتەوە جگە لە پیاوان خانمانی ئیلام زۆرترین خوێنیان بەخشیوە و لە ریزبەندی دووەمی خانمانی دانیشتوی ئێراندا بون کە زۆرترین خوێنیان بەخشیوە.
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 608 هەزار کەس و رێژەی خوێنبەخشینی لەو پارێزگایەدا بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی زۆر بوە.
