دكتۆر صەباحی غالیب بۆ هاوڵاتی: ئاسان نییە شتێك بكرێ‌ بۆ چارەسەری پەرتەوازەیی كورد

9 مانگ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

نوسەرو مێژوونوسێكی كورد رەشبینە بەرامبەر دۆزی گەلی كورد كە بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێت و بەشێكی زۆر لەهۆكارەكەی بۆ حزبە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەگەڕێنێتەوە.

دكتۆر صەباحی غالیب، نوسەرو مێژوو نوسی كورد لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:» ئاسان نییە شتێك بكرێ بۆ چارەسەری پەرتەوازەیی كورد».

دەشڵێت:» ئەگەر حزب لەكوردستان واز لە کەڵەگایی و خۆسەپاندنی چەك و پارە بهێنێ، رەنگە بتوانین بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێین».

ناوبراو ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە» سەركردایەتی هەموو حزبەكان لە كوردستان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ خەڵك و دۆست و دوژمنیشدا، راستگۆ نین، لە ئێستادا هەرگیز خاوەنی بیرۆكەی ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی یادەوڵەتی كوردستانی نیین، بۆیە هەزار دەرفەت دێن و دەڕۆن».

 

هاوڵاتی: سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان تێدەپەڕێت، بەڵام كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان پەرتەوازەیە، دەتوانرێت چی بكرێت بۆ رێكخستەوەیان؟

دكتۆر صەباحی غالیب: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكان بدەمەوە، دەمەوێ سەرنجی خوێنەران و هەموو باسكاران و حزبەكانی كوردستان رابكێشم بۆ ئەو راستییەی كە ئەمساڵ واتا 2023، نەوەت و نۆ ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێدەپەڕێ نەك 100 ساڵ، بۆ ساڵی ئایندە 2024 كە دەبێتە ساڵیادی 100هەمین، حەق وایە مێژوونووسان، مامۆستایان و رووناكبیرانی كورد لەئێستاوە هیممەتی ئەوە بكەن كە ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسێكی شایان بۆ ئەو مەبەستە بكرێ، ئەمەش دەبێ بەڕووانگەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی و زانایانە كاری بۆ بكرێ، دوور بێ لەكاریگەری  حزب.

یەكێك لەگەورەترین كۆسپ لەبەردەم دۆزی كورد لەمێژوودا، هەڵنەكەوتنی پێشەوا، نەبوونی حزب و رێكخستنێكی نەتەوەیی سەرانسەری تۆكمە و بەبەرنامەییە، حزب بەمانا زانستییە سیاسییەكە نەك بە تێگەیشتنی كۆكردنەوەی ژمارە.

سیاسەت تێگەیشتنە لەواقیع بەناوخۆیی و بەهەلومەرجی دەرەكییەوە، هونەری مامەڵەكردنە لەگەڵ هێزی بەرامبەردا، لەحاڵەتی كورددا مامەڵەیە لەگەڵ ناوخۆو لەگەڵ داگیركەرو دوژمندا، بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەت بەسەركەوتوویی، حیكمەت، دڵسۆزی، شارەزایی و ئازایەتی باڵای دەوێ، كە لەكاتی تایبەتدا بڕیاری گەورە بدا، هەڵبەت لەگەڵ ئەوانەدا مەرجە مەیدانسازی بۆ زۆرترین كۆمەڵانی نەتەوەكە بكرێ و بە ئاراستەیەك كە لەسەر ئامانج و دواڕۆژ یەكگرن، ئەوەش بەو سیاسەتمەدارانە دەكرێ كە سیاسەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان ناكەن، هەموو خولیا و پەرۆشییەكیان بۆ خەڵك بێ، ئەگەر سیاسەتمەداری وامان تێدا هەڵبكەوێ، خەڵكی گشتی كوردستان بەهەموو مانایەكی قوربانیدان، لەدەوری كۆدەبنەوە، رێككەوتنی سەرداران و كەسایەتییە دیارەكان بۆ پشتگیری پێشەواكە مەرجی زۆر گەورەیە، لەگەڵ ئەوانەدا بۆ نەتەوەیەكی ژێردەستەو دواكەوتووی كورد كە بگاتە ئازادی و سەربە خۆیی، جگە لەداڕشتنی بەرنامەیەكی نەتەوەیی، پێویستی بە فەلسەفە جیاوازەكانی ئەم سەر و ئەوسەری جیهان نییە كە لەئەمڕۆدا، ئەو حزبگەلەی هەن پەیڕەوی لێدەكەن.

لەسەر پرسیاری یەكەم دەتوانرێ زۆر بنووسرێ، بەڵام بەكوردی و بەكورتی، ئاسان نییە شتێك بكرێ بۆ چارەسەری پەرتەوازەیی كورد، چونكە ئەگەرچی كورد دۆزێكی هەیە، بەڵام حزب لەكوردستان نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی ئەو دۆزە، ئەگەر حزب لەكوردستان، واز لە کەڵەگایی و خۆسەپاندنی چەك و پارە بهێنێ، رەنگە بتوانین بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێین، بەقەناعەتی من، ئەوەش لەولای خەیاڵەوەیە.

 

هاوڵاتی: بۆ بەشداری كردن لەكۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان دەیان هەزار كورد لەتەواوی جیهانـەوە چوونەتە لۆزان بۆ ئەوەی بە زلهێزانی جیهان بڵێن، پێش سەد ساڵ بۆ رازیكردنی دەوڵەتی توركیا چاوتان داخست لەئاست مافی یەكێك لەگەلە رەسەنـەكانی ناوچـەكە كاتی ئەوە هاتـووە هەڵەی سەد ساڵەتان راست بكـەنەوە، ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر دۆزی كورد؟

دكتۆر صەباحی غالیب:دەڵێن گوایە (پێ كە كە) دەیەوێ خۆپیشاندانێكی سەد هەزار كەسی لەشاری لۆزان سازبكا، من پێموایە ئەوە نەك بەو حزبە ناكرێ بەڵكو بەهەموو حزبەكان كە لەكوردستان هەن ناچێتەسەر، مانگ سەر لەئێوارە دیارە، ئەوانە با خۆیان و ئێمە و دۆستانی جیهانی دۆزی كورد نەخەڵتێنن، چونكە ئەو كۆنفرانس و بەرزكردنەوەی ئاڵاو رەسمی ئەم ئەو، خراپترین شێوەی ناتەبایی و دووبەرەكی ریزەكانی كورد بۆ جیهان زیاتر دەسەلمێنێ، نەكردنی یەكجار بەكەڵكترە، ناتوانن هیچ كاریگەرییەك نە لەسەر ئاستی ناوخۆی كورد و نە لەسەر ئاستی جیهان بۆ پێشەوەچوونی دۆزی كورد بكەن.

 

هاوڵاتی: پەیماننامەی لۆزان چیمان پێدەڵێت لەئێستادا؟

دكتۆر صەباحی غالیب: پەیمانی لۆزان پێمان دەڵێ (دوای كڵاوی بابردوو مەكەون)، بڕۆن تێبگەن.

 

هاوڵاتی: كورد لەدوای پەیماننامەی لۆزان دەرفەتی هاتۆتە پێش ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەتایبەت لەباشوری كوردستان دوای ساڵی 2003 بۆ نەتوانرا بكرێت كەعێراق هیچ شتێكی لەجێی خۆی نەمابوو؟

دكتۆر صەباحی غالیب: سەركردایەتی هەموو حزبەكان كە لەكوردستان هەن، لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ خەڵك و دۆست و دوژمندا، راستگۆ نین، لە ئێستادا هەرگیز خاوەنی بیرۆكەی ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی یا دەوڵەتی كوردستانی نیین، بۆیە هەزار دەرفەت دێن و دەڕۆن.

 

هاوڵاتی: بەڕێزتان لەبارەی مێژووی كوردو پەیماننامەی لۆزان چەندین كتێب و نووسینتان هەیە؟ پێتانوایە كورد دەرسی لەهەڵەكانی رابردوو وەرگرتووە؟

دكتۆر صەباحی غالیب: ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستمان بەوشەیەك بێ، نەخێر.

 

هاوڵاتی: بەبڕوای بەڕێزتان كورد خۆ خۆری خۆیەتی یان وڵاتانی ئقلیمی بوونەتە هۆكار بۆ ئەوەی كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نەبێت؟

دكتۆر صەباحی غالیب: وەڵامی ئەم پرسیارە لەوەڵامەكانی سەرەوەدا هەیە، دەشتوانم بڵێم، وەڵامەكە لەتەماشاكردنی واقیعی مێژوویی و ئێستای كوردستاندا دەخوێنرێتەوە.

 

هاوڵاتی: ئەگەر چاوێك بەسەر رووداوەكانی شۆڕشەكانی رابردووی كورد ببینیت، كورد پێش بێگانە و تەدەخولی وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمی هۆكار بوون بۆ ئەوەی كورد كیانێكی سەربەخۆی خۆی نەبێت؟

دكتۆر صەباحی غالیب: كاكی رۆژنامەنووس، ئەتۆش و خەڵكی كوردیش دەبێ زۆر چاك بزانن، كە لەمێژووی كورددا كەم  بزووتنەوە  هەبووە كە بەشۆڕش تاریف بكرێ، زۆربەی هەرە زۆریان بزووتنەوەی چەكداری بوون، بزووتنەوەی چەكداریش نە كورد دەگەیەنێتە ئامانج نە نەتەوەیەكیش توانیوێتی بەوە سەربەخۆ بێ، بزووتنەوەی چەكداری جیایە و شۆڕشیش جیایە.

 

هاوڵاتی: كورد لەئێستادا لەباشورو رۆژئاڤا سیستمێكی خۆبەڕێوبەری هەیە، بەڵام ناكۆكی هەیە لەنێوان پارتی و یەكێتی لەباشورو لەڕۆژئاڤاش مەترسی بەردەوامی تورك هەیە، چۆن بتوانین لەئاستی نێودەوڵەتی و هەروەها ناوخۆیی پتەوو بەهێزی بكەین؟

دكتۆر صەباحی غالیب:  ناوەرۆك و واقیعی رۆژئاواش هەمان واقیعی باشوورە، من جەوهەر نابینم، ئەوانە توێكڵن.

 

هاوڵاتی: پێتانوایە ئەگەر كورد خۆی یەك دەست و یەك دەنگ بێت، وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمی ناچار ئەمری واقع قبوڵ دەكەن؟

دكتۆر صەباحی غالیب:  من یەكێكم، ئینسان بەبزوێنەری ژیان و مێژوو، هەروەها هەموو گۆڕانكارییەكان دەزانم. كێ‌ ئەو یەك دەستی و یەك دەنگییە دێنێتە مەیدانی كارەوە؟ چۆن و كەی و لە كوێ‌؟؟


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار