زاگرۆس هیوا بۆ هاوڵاتی: تورکیا دەیەوێت لۆزانێکی تر بەسەر کورددا بسەپێنێت

زاگرۆس هیوا : ئیمراڵی؛ لۆزانی سەدەی بیست و یەكەمە

9 مانگ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەبارەی تێپەربوونی 100 ساڵ بەسەر لۆزاندا دەڵێت: توركیا دەیەوێت لۆزانێكی نوێ بەسەر كورددا بسەپێنێت، ئەردۆغان لەساڵی ٢٠١٩دا لەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەم لۆزانەی ئاشكراكرد، نەخشەیەكی نیشانی هەموو جیهاندا. قەبارەی ئەم پلانە سەد ئەنفال تێپەڕ دەكات».

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»  لەلۆزانی نوێدا كورد تەنیا لە رووی جوگرافییەوە دابەش ناكرێن، بەڵكو لەڕووی دیمۆگرافییەوە دابەش دەبن. دانیشتووانی كورد بەزەبری هێز ناچار دەبن نیشتمانی باب و باپیرانیان بۆ داعش و نوسرەو ئەلقاعیدە جێبهێڵن».

هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات كە» ئیمرالی لۆزانی سەدەی بیست و یەكەمە، ئەوانەی كە بەگەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی رێبەر ئۆجەلانیان رفاندو گۆشەگیرییەكی دژواریان بەسەریدا سەپاند، هەمان ئەو هێزانەن كەبەشداری پەیمانی لۆزانیان كردووە.  گەلەكۆمەی لۆزان چەندە گڵاو بوو گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لە دژی رێبەر ئۆجەلان سەد هێندە گڵاو بووە. هەم پەیمانی لۆزان و هەم گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی پلانی جینۆسایدی كوردن».

 

هاوڵاتی: بەشێك لەتوێژەران دەڵێین كورد لەدەرەوەی مێژووە، ئایا لۆژیكی سیاسی و فكری ئەمە دەسەلمێنێت؟

زاگرۆس هیوا: ئەگەر لە روانگەی سیاسی و فكری  دەسەڵاتدارانەوە، لە روانگەی ئیمپراتۆرو پادشاو سەرۆك دەوڵەتانەوە، سەیری مێژوو بكەین، وایە كورد لەدەرەوەی مێژووە. باشتر كە وایە. چۆنكە ئەم مێژووە پڕە لەداگیركاری، جینۆساید، كۆمەڵكوژی، وێرانكاری، دەستدرێژی و تاڵان. لەهەمان كاتدا پڕە لە درۆ. دەسەڵاتداران هەمیشە هەوڵدەدەن كەمێژوو بەگوێرەی خۆیان بنووسن. ئەمە مێژووی فەرمییە. ئەم مێژووە تەنیا بەشان و باڵی هێزەكانی دەسەڵاتدا دێتەوە، چەند فتووحاتیان كردووە، لەكوێ چەن كەسیان كۆمەڵكوژ كردووە، چەن شاریان وێران كردووەو هتد. ئەم مێژووە هەموو راستییەكان ناخاتەڕوو. هەوڵدەدات پاكانە بۆ هێزەكانی دەسەڵات بكات و نكۆڵی لە رۆڵی هەموو فاكتەرەكانی دی بكات. لەم مێژووەدا ژن نییە، گەلان ونن، رەنجدەران و زەحمەتكێشان هەر دیار نیین. واتە لەسەدا ٩٩ی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەم مێژووەدا جێگای نییە. سێگوچكە گەورەكانی فیرعەون و ناوی فیرعەون دیارە، بەڵام ئەو سێگوچكانە كێ دروستیانی كرد دیار نیین.

ئەوانەی كەمێژووی فەرمیدا دیار نیین، پێكهێنەری مێژووی راستەقینەی مرۆڤایەتین، داینامۆی سەرەكی گەڕاندنی رەوڕەوەی میژوو ئەم هێزانەن. دەتوانین بەم مێژووە بڵێن مێژووی ئازادی. مێژووی ئازادی گەلان، مێژووی ئازادی ژنان و مێژووی ئازادی رەنجدەران. مودێرنیتەی ‌‌هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات كە رێبەر ئاپۆ وەكو مۆدێرنیتەی دیمۆكراتی فۆرمیلەی دەكات. ئەم مێژووە پڕە لەبەرهەم و سەرچاوەی مەعنەوی بۆ مرۆڤایەتی. ئەم مێژووەیە كە كەلتوور پێكدێنێت، كە كۆمەڵایەتی بوون پێكدێنێت. ئەم مێژووە پڕە لەخۆڕاگری، لەهێز و ورە، لە رەنج و ئەمەك، لەداهێنان. لەم واتایەدا، كورد لەسەرەتای مێژووە هەبوونی هەیە. ژن هەر لەسەرەتای مێژووە هەیە مۆركی خۆی لەزۆر پێشكەوتن داوە. یەكەم شۆڕشی مرۆڤایەتی كە بوو بەهۆی پێشكەوتنی هزرو ژیانی مرۆڤ شۆڕشی نیۆلیتیكە، یان شۆڕشی كشتوكاڵی . یەكەم داهێنانەكانی مرۆڤ لەم شۆڕشەدا پێشكەوتن. یەكەم گوند، یەكەم ماڵ، یەكەم ئاواز، یەكەم گۆرانی، یەكەم نان، یەكەم كەوچك و یەكەم دەفر بەرهەمی ئەم شۆڕشەن. كوردو ژن لەناوەندی ئەم شۆڕشەدان و بەڕەنج و زەحمەتی خۆیان مێژوویان خۆڵقاندووە.  شوێنەوارەكانی «خرابە رەشك» لە ئۆرفای باكووری كوردستان ئەم راستییە دەسەلمێنن. لێكۆڵینەوە ئەنترۆپۆلیجییەكان لێكچوونی شێوازی ژیان و جلوبەرگی مرۆڤی ئەو سەردەمەو مرۆڤی ئێستای كورد دەسەلمێنن.  بۆ نموونە جلوبەرگی كوردانی ئێزیدی یان لۆڕەكان سەلمێنەری ئەم راستییەن. ئەگەر كەلتووری گوندنشینی لەكوردستاندا لەهەموو شوێنێكی دونیا بەهێزترە، لەبەر ئەم هۆكارە مێژووییەیە.  بەدرێژایی ١٢٠٠٠ ساڵ كورد یەكێكە لەداینامووە سەرەكییەكانی مێژوو. هەر ئەم فاكتەرەیە كە زمان و كەلتووری كوردی، وێڕای هەموو نكۆڵی لێكردن و كۆمەڵكوژییەكان زیندوو راگرتووە. كاریگەری زمانی كوردی لەسەر هەموو زمانی هیندوئەوروپییەكان دیارە. لێكۆڵینەوە ئێتیمۆلۆژییەكان ئەم راستییە دەردەخەن.

ئەگەر كورد نەبووە بەدەوڵەت نایەتە ئەو واتایەی كە كورد خاوەنی مێژوو نییە. دەوڵەت دامەزراوەی چینی سەردەستە. دەوڵەت نوێنەری گەل نییە. ئەوەی كە دەڵێین دەولەت نوێنەری گەلە درۆیەكی مەزنە.  دەوڵەت واتە داگیركاری و كۆمەڵكوژی. دەوڵەتی ئەمریكا لەسەر بنەمای كۆمەڵكوژكردنی بەملیۆنان لە خەڵكە رەسەنەكەی ئەمریكا (چەرمسوورەكان) دامەزرێنراوە، چەن ئەمریكی رەسەن لەدەوڵەتی ئەمریكادا هەنە؟  دەوڵەتانی ئەمەریكای لاتین لەلایەن ئیسپانیاوە لە سەر گۆڕی بە دەیان ملیۆن خەڵكی رەسەنی ئەمریكای لاتین دامەزرێنراون كە ئێستا هەر ئاسەواریشیان نەماوە. دەوڵەتی توركیا لەسەر مەزاری دوو ملیۆن ئەرمەن، یەك ملیۆن كورد، نیو ملیۆن پونتۆس و چەركەس و بەسەدان هەزار لەئاسوری و كریستیان و رۆم دامەزرێنراوە.  دامەزرێنەرانی دەوڵەتی توركیا بو خۆیان تورك نیین. توركبوونی ئەتاتورك جێ مشتومڕە، لەیۆنان لەدایكبووەو جولەكەی هەڵگەڕاوە(sebataist). دەوڵەتانی دیش بەم شێوەیەن.

هەر بۆیە پێویستە لەمێژوو بكۆڵینەوەو مێژووی خۆمان بەدەستی خۆمان بنووسینەوە. شەرم لەمێژووی خۆمان نەكەین، مێژووی ئێمە جێی شانازییە. مێژووی كۆمەڵگاو كەلتووری خۆمان بنووسینەوە، لەدەرەوەی چەمكی دەڵەت. لەهەمان كاتدا ئەگەر دەمانەوێت لەسەر شاشەی مێژوو بمێنینەوە، پێویست دەكات كۆمەڵگاو كەلتوور و ئابووری رەسەنی خۆمان لەسەر بنەمای ئازادی و دیموكراسی و ژینگەپارێزی بونیاد بنێین.

 

 هاوڵاتی: لەدوای لۆزان و كوشتارەكانی دژی گەلی كورد، ئێمە هەندێ چەمكی خۆ نەفرەتی و خۆلاواندنەوە هاتۆتە ئاراوە، نمونەی كورد خیانەتی وەك سیفەت هەیە، خێڵەكین، سادەین و زوو ئەخڵەتێین. رەخنەی ئەم باسە چۆن دەكەن؟

زاگرۆس هیوا: راستە، ئەم چەمكانە دەگوترێن، چونكە داگیركاری سەر كوردستان بەر لەهەموو شتێك داگیركارییەكی زیهنییەتییە، داگیركاری چەمك و پێوانە. ئەم داگیركارییە توانای بیركردنەوەو دانانی چەمك و پێوانی بۆ هەموو رەهەندەكانی ژیانی لەكورد گرتۆتەوە. ئەمە وادەكات كە زۆربەی كەسەكان  بەگوێرەی ئەو زیهنییەتەی كە داگیركەران بۆیان چاندووە، پێوانێك بۆ خۆی دانێت و بەسەر خەڵكدا بیسەپێنێت.  ئەم زیهنییەتانەش فرەرەنگن، چۆنكە داگیركاری سەر كوردستان فرەڕەهەندە.  زۆر هێز لەمێژوودا كوردستانیان داگیركردووە و  هەریەكەو زیهنییەتێكیان و شوێنپەنجەیەكیان لەكەسایەتی كورددا دروستكردووە.  ئەمە وادەكات كەكورد ئێدی توانای بیركردنەوەی وەك كورد نەمێنێت. سیاسەتی كورد، شەڕی كورد، ئابووری كورد، كۆمەڵگای كورد، هونەری كوردو هتد پێویستە چۆن بێت؟ هەموو ئەمانە وەڵامیان دەوەێت.  بەتایبەت لەم سەردەمە كە كۆنترۆڵی تەكنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن لەدەستی داگیركەراندایە زۆر ئاسانتر دەتوانن فۆرمی زیهنییەتی كورد بگۆڕن. هێزی شۆڕشگێڕی كورد پێویستە وەڵامی بۆ ئەمە هەبێت. پێویستە بتوانێت چەمك و زیهنییەت و پێوان دیاربكات. ئەوەی رێبەر ئۆجەلان و پەكەكە دەیكەن ئەمەیە. زیهنییەتی نوێ و پێوانی نوێ  دادەهێنن و خۆیان بەگوێرەی ئەو چەمك و پێوانانە ژیان دەكەن.  هەموو دەۆڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوین و  ئەوروپا و ئەمریكا گەلەكۆمەیان لێكرد، وەكو تیرۆریست نیشانیان دا، گرتیان و  ئەوە ٢٥ ساڵە لەزیندانەو زیاتر لە ٢٨ مانگە هیچ كەس نەیدیتووەو نەیبیستووە، بەڵام ئەو هەر كاریگەری خۆی لە سیاسەتی دۆنیادا هەیە. بۆ؟! چۆنكە بە بیرو كردەوەو ژیانی خۆی پێوانی بۆ رێبەرایەتی داناوە. هەموو هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان هەوڵدەدەن لەبیری خەڵكی ببەنەوە، لەبەرچاوی خەڵكی رەش بكەن. ناوەكەی و وێنەكەی لە راگەیاندنەكان، لەسەر شەقامەكان، لەكۆڕو كۆبوونەوەكان، لەتەلەفیزیۆن و رۆژنامە و  هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە فەیسبووكەوە بگرە تا ینستاگرام قەدەخەیەو دەبێتە هۆكاری سزا،  بەڵام خەڵك هەر رێگایەك دەبینێتەوە ناوی دەهێنێتە سەر زمان. لەئەڵمانیا هەركەسێك وێنەیەكی ئەو لەسەر لاپەڕەی فەیسبووكی خۆی بڵاوبكاتەوە سزای ساڵێك زیندانی هەیە، هەڵگرتنی وێنەی ئەو سزای زیندانی هەیە.  بەڵام خەڵك هەر كۆڵ نادات و ئەو بەڕێبەری خۆی دەزانێت. خۆی لە زیندانە بەڵام ئەو پێوانەی كە ئەو دیاری كردووە، «ژن، ژیان، ئازادی» بووەتە دروشمێك و هەموو دونیای تەنیوە.  كەسیش هەیە هەموو دونیای لێ كۆبووەتەوە كە بیكەنە رێبەر یان سەركردەی كورد، وەكو سەركردەیەك بەسەر كورددا بیسەپێنن و بەو ئامانجەش چی ئیمكانی ئابووری و سیاسی و راگەیاندنی ئەم دونیایە هەیە خستوویانە  بەردەستی، بەڵام ناتوانێت رێبەرایەتی بكات. جارێك پاپا دێنن بۆ لای، جارێك دەعوەتی دەكەن بۆ كۆشكی سپی، هەموو مانگێك سەرۆكێك، سەرۆك وەزیرانێك، وەزیرێك، باڵیۆزێك دیداری لەگەڵ دەكات و ٢٤ سەعاتە لەسەر شاشەكانە، بەڵام بەدەر لەیەك دوو شار، ئەویش بەترساندن و برساندن نەبێت، كەس دانی پێدانانێت.  گەریلا هەیە سێ ساڵە لەئەشكەوتێكدایە، سوپای توركیا چواردەوری داوە، سێ ساڵە خۆری نەدیتووە، بەڵام ئەو هەر كۆڵنادات و خۆڕاگری دەكات. بۆچی؟ بۆ ئەوەی پێوانی جەنگاوەری بۆ كوردو بۆ هەر ئازادیخوازێك دیاری بكات. هەمان گەریلا لەشەنگال و لەكۆبانێ و لەمەخموور پێوانی بۆ شەڕی دژی داعش دانا. ئەگەر ئەو گەریلایە نەبایا، پێوانی شەڕو خۆڕاگری ئەو كەسانە دیارییان دەكرد كە لەبەر داعش هەڵاتن و بوونە هۆكاری كۆمەڵكوژی.  بۆ زیندانیش هەروایە، سەكینە جانسز و كەمال پیر پێوانن بۆ خۆڕاگری زیندان. لەوان نزمتر ناتوانێت ببێتە پێوان. 

با بگەڕێمەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكەتان؛ راستە، پەیمانی لۆزان وایكردووە كە هەموو ئەو چەمكانە ببنە جێگای باس. لەخۆیدا، ئارمانجی سەرەكی پەیمانی لۆزانیش ئەوەیە كە كورد وەكو گەلێكی دواكەوتوو، نەزان، خائینی خۆ، دوور لەسیاسەت و هتد پێشان بدات. كوردیش پێویستە ئەمە پەسند نەكات و بۆ دانانی پێوان و چەمك لەسەر بنەمای وڵاتپارێزی، ئازادی و دیموكراسی تێكۆشان بكات. ئەوەی پەكەكە و رێبەر ئاپۆ دەیكەن هەر ئەمەیە. دانانی چەمك و پێوانی نوێ بۆ كورد. ئەگینا نە ئارمانجی دەسەڵات هەیە و نە پارە.

هاوڵاتی: سەد ساڵی رابردوو لەمێژووی گەلی ئێمەدا چۆن دەبینن. بێگومان باری ئەرێنی و نەرێنی تێدایە. هەردوو بارەكە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 

زاگرۆس هیوا: لۆزان بڕیاری سڕینەوەو جینۆسایدی كورد بوو. كوردیش سەد ساڵە لەدژی سڕینەوەی ناسنامەی خۆی خۆڕاگری دەكات. لەم خۆڕاگرییەدا بە ملیۆنان كورد شەهید و بریندار بوون، ئاوارە بوون، تووشی ئەشكەنجە و زیندان و ئیعدام و ئەنفال و كیمیاباران بوون. واتە، كورد ئەو چارەنووسەی كەبۆیان دیاری كردبوو رەتی كردەوە. لەپەنجا ساڵی یەكەمی ئەم خۆڕاگرییەدا كەسایەتی وەكو شێخ سەعید، سەید رەزا، ئیحسان نوری پاشا، سمكۆی شكاك، قازی محەمەد، عبدالرحمن قاسملو، شێخ مەحموود، مەلا مستەفا، ئیبراهیم ئەحمەد، مام جەلال و عوسمان سەبری و  هتد دەركەوتنە پێش. لەپەنجا ساڵی دووەمدا لەگەڵ ئەوەی كە  كاریگەرییەكانی ئەم رێباز و كەسایەتییانە بەردەوام بوون، رێبازێكی نوێی تێكۆشان دەركەوت كە لەگەڵ ئەوانی پێشوو جیاوازی هەبوو. لەپەنجا ساڵی یەكەمدا زۆربەی سەرهەڵدانەكان وەكو كاردانەوەبوون لەدژی لۆزان، بەڵام لە زیهنییەت و چەمكدا لۆزانیان تێپەڕ نەكردبوو. ئەگەر بیرێكی  واش هەبووبێت، كە هەبووە، نەكراوە بەگوتار و كردارێكی درێژخایەن. زیاتر لەجوارچێوەی یەك  بەشی كوردستاندا سنووردار ماونەتەوە. لە پەنجا ساڵی دووەمدا ئەو رێبازەی كەدەركەوت، زیاتر لەوەی كەتەنیا كاردانەوەیەك بێت، بەتیۆر و پرۆگرام و كردار زیهنییەتی لۆزانی تێپەڕاند و كاریگەری لەسەر هەر چواربەشی كوردستان دانا. هەربۆیە لەپەنجا ساڵی دووەمدا هەر دوو رێبازەكە لەگەڵ ئەوەی كە لەدژی پەیمانی لۆزان تێكۆشانیان دەكرد، لەناو خۆیانیشدا لەسەر تێپەڕبوون یان تێپەڕنەبوون لە لۆزان لەناو شەڕو ناكۆكیدا بوون. خەندەقەكانی سەر سنووری رۆژئاوای كوردستان نیشانەیەكی ئەم ناكۆكیانەن. سنووری نێوان دوو بەشی كوردستان وەكو فیزیكی نەماوە، بەڵام سنووری لۆزان لەمێشكدا هەر ماوە و لەلۆزان لۆزانترە. لەئاستی گەل و لەناو جەماوەردا سنوورەكانی لۆزان كەمڕەنگتر بوونەتەوە. واتە گەل  بەگشتی سنووری لۆزانی تێپەڕاندووە. كاردانەوەی گەل لەهەر چوار بەشی كوردستان لەكاتی گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لەدژی رێبەر ئاپۆو خاوەن دەركەوتنی گەلی هەر چوارپارجە لەخۆڕاگری كۆبانێ سەلمێنەری ئەم راستییەن. خەم و شادی گەل بووەتە یەك. واتە لەناو گەلدا یەكێتی نەتەوەیی هاتووتە ئاراوە، ئەوەی كە ئاستەنگە پێكدادانی بەرژەوەندی «سەرچاوە-لۆزانە» كە هێشتا لەناو هێزە سیاسیەكانی كورددا ماوە.

 

هاوڵاتی: باسی دەوڵەت لەلایەن پسپۆڕ و رۆشنبیرانەوە زۆر دەكرێت كە لەئەو پەیماننامانەدا بەدینەهاتووە بۆ كورد. ئایا ئەڵتەرناتیفی خۆبەڕێوەبردن و فیدراڵی ئەتوانن كورد بگەیەننە ئەو خواستەی كە لەپەیماننامەكەدا بەدیهاتووە؟ لەبەری یاسای نێودەوڵەتییەوە ئەو دوو ئەڵتەرناتیفە چۆن تەماشا دەكرێ؟

زاگرۆس هیوا: ئەگەر بەشێوەیەكی درێژخایەن لە راستی كوردو راستی دەوڵەت بڕوانین، بۆمان دەردەكەوێت كە نەبوونی دەوڵەت بۆ كورد شانسێكە. كورد بەدەوڵەتەوە نەبووە بەكورد، نەبوونی دەوڵەتیش كورد لەناو نابات، ئەگەر خۆی خۆی بەڕێوەببات.

تەمەنی دەوڵەت ٢% مێژووی مرۆڤایەتی پێكدێنێت. هەمووی چوارسەد ساڵە.  لە ٩٨%ی دی مێژوودا مرۆڤ بەبێ دەوڵەت ژیاوە. ئەو كارەساتە مرۆڤی و ژینگەییانەی كە لەم ماوەی ٢%ی مێژووی مرۆڤایەتییەدا بەهۆی چەمكی دەوڵەتەوە هاتوونەتە ئاراوە لەگەڵ ئەو ٩٨%ی دی هەر بەراورد ناكرێ. كورد لە ٩٨%ی مێژوودا هەیە، رۆڵی هەیە بەڵام لەم ٢%ی دواییدا غایبە.

دەوڵەت سەرچاوەی ستەم و كۆمەڵكوژی و داگیركاری قۆڕخكردنی دەسەڵاتە لە دەستی كەمینەیەكدا. لەگەوهەری خۆیدا دژی دیموكراسییە. دیمۆكراسی تەنیا وەكو رووكەشێك بۆ رەوایەتیدان بە خۆی بەكاردەهێیت. رێكخراوێكە كە لەبڵندترین ئاستدا گوزارشت لەبەرژوەندی چینی باڵادەست دەكات. ئەم چینە باڵادەستە بۆی گرنگ نییە چ ناسنامەیەكی هەبێت. بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی دەتوانێت ببێتە تورك، كورد، فارس یان عەرەب. لە سەردەمی عوسمانیدا چینە باڵادەستەكانی كورد هەموو بەدوای شەجەرەنامەیەكی عەرەبی بوون بۆ خۆیان!! وەك چۆن ئێستا بەدوای پاسپۆرت و ئیقامەی ئەوروپی و ئەمریكین.  چینی دەسەڵاتدارانی تورك و فارسیش هەر بەهەمان شێوە بوون. پەلەیان بوو شەجەرەنامەیەكی عەرەبی بۆ خۆیان دەرخەن.  كورد بەم هەموو تایبەتمەندییە ئەرێنییەی كە لەمێژوودا هەیەتی بۆ دەبێت خۆی رادەستی دێوزمەیەكی وەك دەوڵەت بكات؟ كورد قوربانی دەستی دەوڵەتانە، بۆ دەبێت عاشقی دەوڵەت بێت؟

كارەساتی پەیمانی لۆزان ئەوە نییە كە كوردی نەكردە خاوەن دەوڵەت. كارەساتەكە ئەوەیە كە نكۆڵی لە هەبوونی كورد كرد و رێگەی لەبەردەم جینۆسایدی كورد كردەوە. كوردی وەكو كۆمەڵگا، وەكو كەلتوور، وەكو ئابووری نكۆڵی لێكردو فەرمانی سڕینەوەی دا. ئەمە لەكاتێكدایە كە مافی زۆر كەمە نەتەوەو ئایینی دی گەرەنتی كرد. بەڵام بۆ زۆرینەیەكی وەكو كورد ئەمەی نەكرد. 

بەڵام كورد لەگەڵ ئەوەی كە چەمكی دەوڵەت رەتدەكاتەوە، پێویستە جێگرەوەی بۆ دەوڵەت هەبێت بۆ ئەوەی لەناو نەچێت. ئەم جێگرەوەش خۆبەڕێكخستنكردن و خۆبەڕێوەبردنی كۆمەڵگایە لەدەرەوی چەمكی دەوڵەت. مەرج نییە خۆبەڕێوەبردن ئیللا بەشێوەی دەوڵەت بێت. كورد بەدرێژایی مێژوو بەشێوەكانی وەك كلان، ئێل، خێڵ، عەشیرەو تیرە و هتد خۆی بەڕێوەبردووە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە كە ئەم شێوازانەی بەڕێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای ئازادی ژن، دیمۆكراسی و پاراستنی ژینگە نۆژەن بكرێنەوە.

رێبەر ئاپۆ پێناسەیەكی نوێ بۆ ئەم جۆرە كۆمەڵگایە داڕشتووە: “كۆمەڵگای ئەخلاقی و پۆلیتیك» یان «كۆمەڵگای رەوشتی و رامیاری»  واتە كۆمەڵگایەك كە، لەیەكینەی هەری بچووكییەوە تادەگاتە گەورەترین ئاست، بتوانێت بۆ خۆی بڕیار بدات و شێوازی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دیاری بكات. واتە هەر كۆمەڵگایەك كە نەتوانێت سەبارەت بە خۆی بڕیار بگرێت، بێ ئەخلاق و رەوشتە. ئەگەر نەتوانێت بڕیارەكانی خۆی بخاتە واری كردارییەوە،  بێ سیاسەت و رامیارییە. واتە رەوشت و رامیاری دوو دیاردەن كە پێویستە هەموو ئان و سات لەژیانی كۆمەڵگادا بەرجەستە بكرێن. ئەم دوو میكانیزمە پێویستە رادەستی دەوڵەت نەكرێن. ئەگینا دەوڵەت هەم كۆمەڵگا بێئەخلاق دەكات و هەم لەسیاسەت دایدەبڕێ. سروشتی دەوڵەت ئەمەیە، سروشتی كۆمەڵگاش ئەوەیە كە لەبەرامبەر ئەم تایبەتمەندییە گەوهەرییەی دەوڵەت خۆڕاگری بكات و خۆی خۆی بەڕێوەببات. لۆزان دەیەوێت ئەم سروشتەی كۆمەڵگای كوردستان بشێوێنێت و تەسلیمی چینی سەردەستی دەوڵەتانی دی بكات.

لێرەدا رێبەر ئاپۆو كەجەكە بەدانانی پێنج پێوان بۆ پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەكی كۆمەڵگای كوردستان جێگرەوەیەك بۆ لۆزان پێشنیار دەكات، كەئەمە خۆی لە سیستەمی كۆنفیدراڵی دیمۆكراتی كۆمەڵگای كوردستاندا دەبینێتەوەو وەكو هاوپەیمانی كۆمەڵایەتی نوێیە.

پێوانی یەكەم، پێوانی شەڕ و ئاشتییە. كورد پێویستە بڕیار بدات لەگەڵ كێ شەڕ بكات و لەگەڵ كێ ئاشتی بكات.

پێوانی دووەم: پێوانی یەكێتی نەتەوەیی، بەشێوەیەك كە كورد هەم لەناو ئەو بەشەی كە تیایدا ژیان دەكات یەكبگرن كێشەی خۆیان لەچوارچێوەی دەوڵەتی پەیوەندیداردا چارەسەر بكەن و هەم لەگەڵ كوردانی بەشەكانی دی بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمەڵایەتی، كەلتووری، ئابووری و پەروەردەیی یەكبگرن.

پێوانی سێیەم: پێوانی دیموكراسییە بەو شیوەیەی كە دەوڵەتانی دەسەڵاتداری سەر كوردستان ئەو ماددە یاسایی و دەستوورییانەی كە لەدژی كوردن لایانبەرن و دان بە مافی دیموكراتی گەلی كوردد بنێن. هەروەها كورد پێویستە دیموكراسی ناوخۆیی خۆیان بەهێز بكەن و هاوپەیمانێكی نوێ كۆمەڵایەتی بۆ خۆیان دابڕژێنن. 

پێوانی چوارەم: پێوانی سیاسەتی دیموكراتییە. واتە كورد بتوانێت وەك هەبوونێكی سیاسی لەسەر بنەمای هێڵی سێیەم ببێتە خاوەنی بڕیاری خۆی و لەم بوارەدا لەناو پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی وڵاتانی پەیوەندیدار وەك فاكتەری دیموكراتی دەربكەوێت و گەشەبكات.

پێوانی پێنجەم: پێوانی خۆپاراستنە. رێبەر ئاپۆ دەڵێیت: «ئەگەر هێزی ئەوەمان هەبێت كە هەموو دونیا شكست بدەین، هێرش ناكەین. ئەگەر هەموو دونیا یەكبگرن و هێرشمان بكەنەسەر خۆمان دەپارێزین.” لەم چوارچێوەیەدا «تیۆری گوڵ» پێشنیار دەكات. واتە گوڵ چەندە هەبوونێكی جوان و ناسكە، بەڵام دڕكیشی هەیە و ئەم دڕكانە بۆ پاراستنی خۆی بەكاردەهێنێت.

 

هاوڵاتی: كەجەكە لە باری كردارییەوەو ئاراستەیەك كەیاسا نێودەوڵەتییەكان قبووڵی بكات لەسەر پەیمانی لۆزان چۆن كاردەكات؟

زاگرۆس هیوا: لەم بوارەدا، رێبەر ئاپۆ لەساڵی ٢٠١٣دا پێشنیاری چوار كۆنفرانسی كردو كەجەكەش خستیە واری كردارییەوە.  كۆنفرانسێك لەئامەد، یەك لەهەولێر، یەك لەئەنكارا، و یەك لەئەوروپا (لۆزان).

كۆنفرانسی ئامەد «كۆنگرەی جڤاكی دیمۆكراتیDTK» ی لێ بەرهەمهات، واتە رێكخستنەوەی ژیانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، كەلتووری و پەروەردەیی و خۆپاراستنی و هتد گەلی كورد.

كۆنفرانسی هەولێر لەپێناو یەكێتی نەتەوەیی لەنێوان كوردانی هەر چوار بەشی كوردستاندا بوو. كە ئەمە لەساڵی ٢٠١٣دا تائاستێك هات، بەڵام پەدەكە بە فەرمانی دەرەكی لێی پاشگەز بووەوە.

كۆنفرانسی ئەنكارا بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان كوردو تورك لەسەر بنەمایەكی دیموكراتی بوو كە ئەم كۆنفرانسەش هەوێنی «كۆنگری دیموكراتی گەلان HDK” و  «پارتی دیموكراتی گەلان» HDPیە.

كۆنفرانسی ئەوروپاش لەهەمان ساڵدا بەستراو وەكو زنجیرە كۆنفرانسێك تا لووتكەی كۆنفرانسی ئەمساڵ بەردەوام بوو. ئامانج لەم كۆنفرانسە پێكهێنانی یەكێتی لەنێوان گەلی كورد و هەموو گەلانی دونیاو گەیاندنی ئەو پەیامە بەهێزە نێودەوڵەتییەكان كەپێویستە دەست لەسیاسەتی سڕینەوەی كورد هەڵبگرن، وەك ئاكتەرێكی سیاسی مامەڵە لەگەڵ كوردی هەر چوارپەش بكەن و بۆ چارەسەری سیاسی كێشەی كورد رۆڵ بگێڕن.  لەپاڵ ئەم كۆنفرانسەدا بەدەیان كۆنفرانس تا ئێستا لەپەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتانی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە و لەگەڵ رۆشنبیران و كەسایەتییەكان و  هێزە دیموكراسیخوازەكانی دونیا پەیوەندییەكی باش هەیە.

 

هاوڵاتی: كۆنگرەی ئەمساڵی لۆزان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا تاچەندە كاریگەر دەبێت لەڕەواندنەوەی مەترسیەكانی پەیمانی لۆزان؟

زاگرۆس هیوا: ئەو كۆنگرەیەی لۆزان كە لەسویسرا بەسرا، خاوەن گرنگییەكی مێژووییە. لەچواربەشی كوردستان و لەسەرانسەری دونیاوە كورد لە لۆزان كۆبوونەوە و گوتیان راستە كە سەد ساڵ لەمەوبەر لێرەدا بڕیارە جینوسایدی ئێمە درا، بەڵام ئێمە هێشتا هەر زیندووین و لەدژی ئەم بڕیارەی ئێوە تێكۆشان دەكەین. پێویستە مرۆڤ دەستخۆشی لە رێكخەران و بەشداربووانی ئەم كۆنگرەیە بكات و پیرۆزباییان لێبكات. بەڵام هێشتا زۆر كار ماوە بكرێت. پێویستە مرۆڤ ئەم كۆنگرەیە بەس نەبینێت. راستە كۆنگرەكە پەیامێكی بەهەموو لایەنی پەیوەندیداردا بەڵام ئەنیا ئەم پەیامە بەس نییە. لۆزان لەفۆرمی نوێدا هێشتا هەر بەردەوام دەكات و بڕیارەكانی لۆزان هێشتا كاری پێدەكرێن. كاریگەرییەكانی لۆزان لەسەر تاكی كورد و لەسەر سیاسەتی كورد هێشتا هەر بەردەوامە. لۆزان تەنیا لەسنوورێكی دیاریكراودا رێگە بەكورد دەدات كە بیربكاتەوەو سیاسەت بكات. ئەم كاریگەرییەی لۆزان لەكۆنگرەكەشدا دەكەوتە بەرچاو. لەگەڵ ئەوەی كە زۆر گفتۆگۆی هێژاش هەبوون، بەڵام زۆرێك لە گفتۆگۆكان هێشتا كاریگەری لۆزانیان لەسەر بوو. بۆ نموونە، باسی چەكی ژەنگاوی كرا. گوایە ئیدی سەردەمی بەسەر چووە. بەڵام بیری مێژوویی هەندێك برادەر هێندە كورتبینە كە ناتوانێت ببینێت كەكورد، وێڕای هەموو كەموكورتییەكان كە رەنگە ئێستا جێگەی باسی نەبێت،  لەسایەی ئەو چەكە ژەنگاوییەوە ئەم هەموو دەستكەوتەی بەدەست خستووە. فەیسبووك و تویتەرو ئابووری لیبراڵ هیچ كاتێك ناتوانێت جێگای چەكی ژەنگاوی بگرێتەوە. چۆنكە پلەپیتكەی چەكە ژەنگاوییەكە لەدەستی خۆماندایە، بەڵام هەوساری فەیسبووك و تویتەرو ئابووری لیبراڵ لەدەست خاوەنەكانی لۆزاندایە. خاوەنەكانی لۆزانیش وەك فریشتە نیین كە بەفەیسبووك و تویتەر لەگەڵ كورد قسە بكەن، بەڵكو بەپێشكەوتووترن تەكنۆلۆژیای سەربازی هێرشمان دەكەنە سەرو وەك لەنموونەی هەڵەبجە و سەرێكانی و ئێستاش لەئاڤاشین و زاپ و مەتینا دەبینرێت بەچەكی كیمیایی و چەكی فۆسفۆڕ و چەكی بۆشایی و چەكی ناووكی تاكتیكی كورد كۆمەڵكوژ دەكەن. هەربۆیە ئەگەر چەكە ژەنگاوییەكەی شانی چەند فەرەنجی پۆشێكی وەك مامە ریشە و مەعسوم قورقماز نەبوواییە، كورد نەیدەتوانی بەچەند پۆست و شەیرێكی فەیسبووك و تویتەرو ئینستاگرام لەشاری لۆزان كۆنگرەیەك دروستبكات كە تەنانەت هەندێك دەوڵەتیش ناتوانن شتێكی وەها رێكبخەن. پێویستە لەجیاتی ئەوەی تەشیر بەچەكی ژەنگاوی پێبكرێت، وەكو ئامرازێكی گرنگی تێكۆشانی مان و نەمان رێزی لێبگیرێت و  پیرۆز بكرێت.

هەروەها باس لەوە كرا كەئیدی كاتی خەباتی چەكداری نەماوەو كورد پێویستە بە فەیسبووك خەبات بكات. وەك بڵێ كە ئیدی داگیركاری لەسەر كوردستان نەماوەو دەوڵەتانی داگیركەر لەبەرامبەر كورد زمانی ئاشتی و دیموكراسی بەكاردهێنن!! بەپێچەوانەوە، داگیركەرانی كوردستان هێشتاش هەر بەزمانی چەك لەگەڵ كورد قسە دەكەن لەدەرەوەی زمانی چەك هیچ زمانێكی دی نازانن. لەجیاتی ئەوەی پرۆژەی چەككردنی كورد گەڵاڵە بكرێت، پێویستە ئەم پەیامە بەداگیركەران بگەیەنرێت ئێدی بەزمانی چەك لەگەڵ ئێمە قسە نەكەن. هەربۆیە لەجیاتی ئەوەی كە دەست لەچەكی ژەنگاوی  هەڵبگرین پێویستە دەست لەو زیهنییەتە ژەنگاوییە هەڵبگرین كە لۆزان لەمێشكماندا چاندوویەتی.  هەروەها هەندێك برادەر دەڵێین كە پێویستە واقیعی چوارپارچە بوونی كوردستان پەسند بكەین، هەر كوردێك تەنیا لەبەشەكەی خۆیدا خەبات بكات و كاری بەسەر بەشەكانی دیەوە نەبێت. ئەمەش تێڕوانینێكە كەپەیمانی لۆزان لەمێشكی كورددا چاندوویەتی  هەمان زیهنییەتی لۆزانە، بیركردنەوەیە تەنیا لەو چوارچێوەی كە لۆزان بۆ كورد دیاری كردووە. ئەی بۆ توركیا مافی هەیە رادیۆی كوردی قاهیرە دابخات، مافی هەیە دەستتێوەردان لە رێككەوتنی كوردو بەغدا بكات، باشورو رۆژئاڤا داگیر بكات و داواكارییە دژ-كوردەكانی خۆی بەسەر ناتۆدا بسەپێنێت؟ مێژووو دیالێكتیكی تێكۆشانی ئازادی كوردستان ئەوەی سەلماندووە كەپاڵپشتی راستەقینە كورد لەبەشێكی كوردستان، ئەو كوردانەن كە لەبەشەكانی دی كوردستان ژیان دەكەن. خەبات لەبەشێكی كوردستان كاریگەری لەسەر خەبات لەبەشەكانی دی كوردستانیش دادەنێت.

 

هاوڵاتی: هەندێك باس هەیە پەیمانی لۆزان تەمەنی تەنیا سەدساڵەو ئێدی رەوایەتی نامێنێت. هەندێك كەسیش دەڵێن كە پەیمانی نوێ لۆزان بەسەر كورددا دەسەپێنرێت. ئەم قسانە تاچەند راستن؟ رەهەندو كاریگەرییەكانی لۆزانی نوێ چین؟

زاگرۆس هیوا: تەنیا كورد نییە كەپەیمانی لۆزان پەسند ناكات، زیهنییەتی داگیركاری توركیاش پەیمانی لۆزان پەسند ناكات. بەڵام چۆن؟ ئەو پێی وایە كە ویلایەتەكانی موسڵ و كەركووك و حەلەب و حەسەكە بەشێكن لەخاكی توركیا. پێی وایە كەسوریا و عێراق تائێستا نەیانتوانیوە وەك ئەوەی توركیا دەیەوێت كورد لەناوبەرن و جینۆسایدی فیزیكی و كەلتووری بكەن. هەربۆیە پێویستە خۆی داگیریان بكات و جینۆسایدی كورد تەواو بكات. داگیركردنی باشورو رۆژئاوا بۆ ئەم ئارمانجەیە. ئێستا لەعەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی كەس بۆی نییە بەكوردی قسە بكات، بەكوردی پەروەردە بەمنداڵی خۆی بدات. توركیا هێشتا دانی بەكیانی باشوری كوردستاندا نەناوە، هەر دەڵێ «باكووری عێراق”. هەموو دونیا دانی بەستاتۆی باشوردا ناوە، بەڵام توركیا هەر نكۆڵی لێدەكات. عەرەبێك، فارسێك، ئەڵمانێك و هتد.. بۆی هەیە بڵێ رۆیشتم بۆ كوردستان، بەڵام توركێك یان كوردێكی باكور بۆی نییە بڵی رۆیشتم بۆ كوردستانی عێراق!! چونكە ئەمە پشتیگیرییە لەتیرۆر!!! كوردێكی باشور بۆی نییە لە توركیا بڵێ كە من خەڵكی كوردستانم! ئەگەریش گوتی، بەشی لێدان و لوت شكانەو هیچی تر. خۆ بڵێ حكومەتی كوردستانی عێراق زاوری ئەوەی هەبێت بچووكترین كاردانەوەی هەبێت؟!!

دەمەوێت ئەوە بڵێیم كە توركیا دەیەوێت لۆزانێكی نوێ بەسەر كورددا بسەپێنێت. ئەردۆغان لەساڵی ٢٠١٩دا لەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەم لۆزانەی ئاشكراكرد. نەخشەیەكی نیشانی هەموو جیهاندا. قەبارەی ئەم پلانە سەد ئەنفال تێپەڕ دەكات. لەلۆزانی نوێدا كورد تەنیا لە رووی جوگرافییەوە دابەش ناكرێن، بەڵكو لەڕووی دیموگرافییەوە دابەش دەبن. دانیشتووانی كورد بەزەبری هێز ناچار دەبن نیشتمانی باب و باپیرانیان بۆ داعش و نوسرەو ئەلقاعیدە جێبهێڵن. كۆبانێ و شەنگالمان لەبیرنەچووە.  پێشتر پانتایی سنووری نێوان بەشەكانی كوردستان بەپانتایی كێلی سەر سنوورەكان بوو. بەڵام لە لۆزانی نوێدا  پانتایی ئەم سنوورە ٤٠ بۆ ٥٠ كیلۆمەترەیە.  واتە، كاتێك كەكوردێك بیەوێت لەباشور، رۆژئاوا، یان رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بچێتە باكووری كوردستان، ئەگەر سنووری تێپەڕاند و ویستی لەقاوەخانەیەك چای یان قاوەیەك بخواتەوە، شارێكی كوردی نابینێت، شارێك دەبینێت كە یان پڕە لەعەرەبی جیهادی یان شیشان و ئەفغانی هاوردە. واتە كەمەرێكی جیهادی لەنێوان بەشەكانی كوردستان دروستدەكرێت. ئەم كەمەرە لەعەفرین و سرێكانی دروستكراو و لەسایەی سەری سیاسەتی حەكیمانەی هەندێك حزبی كوردی ئەوەتا لەباشوریش دروستدەكرێت، هەم بەهێزی چەك چیاكان داگیردەكرێن و هەمیش بە هێزی دۆلار و دراما شارەكان داگیردەكرێن. گەنجی كوردی داماویش با بۆ خۆی بڕوات لەدەریای ئیجە بخنكێت.

كۆدی مانەوەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ هەر ئەم سیاسەتەیە، واتە سووربوونی دەوڵەتی قووڵی توركیایە لەجێبەجێكردنی ئەم پلانەدا. ئەگینا ئەردۆغان لەمێژە لەسەر دەسەڵات نەمابوو.  ئەردۆغان هەبوون و نەبوونی خۆی بە نەبوون و هەبوونی كوردەوە گرێدراوە. هەربۆیە هەموو پلاتفۆرمێكی نێودەوڵەتی بۆ سڕینەوەی كورد بەكاردەهێنێت. كۆبوونەوەكانی ناتۆ، G20، ئاستانا، جنێڤ، UN و شانگهای و هتد بەئاشكرا بڕیاری جینۆسایدی كورد دەگرن، لەژێر ناوی تێكۆشان لەدژی تیرۆریزمدا. هەر كەسێك بەكردەوە داوای مافی كورد بكات بەتیرۆریست لەقەڵەمدەدرێت. بەتایبەت لەكۆبوونەوەكانی سەبارەت بە بەئەندامبوونی سویدو فینلاند لەناتۆدا هەموو ماددەكانی رێككەوتنەكان لەدژی كوردن. واتە ناتۆ ئێدی بووەتە جێگرەوەی لۆزان.

رەهەندی هەرە گرنگی لۆزانی نوێ ئەو سیاسەتەیە كە لەدوورگەی ئیمرالی بەڕێوەدەچێت. ئیمرالی لۆزانی سەدەی بیست و یەكەمە. ئەوانەی كە بەگەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی رێبەر ئۆجەلانیان رفاندو گۆشەگیرییەكی دژواریان بەسەریدا سەپاند، هەمان ئەو هێزانەن كە بەشداری پەیمانی لۆزانییان كردووە.  گەلەكۆمەی لۆزان چەندە گڵاوو بێئەخلاقانەیە، گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لەدژی رێبەر ئۆجەلان سەد هێندە گڵاو و بێ ئەخلاقانەیە. هەم پەیمانی لۆزان و هەم گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی پلانی جینۆسایدی كوردن. ئەو هێزانە ئەو راستییەیان بینی كە رێبەر ئۆجەلان لەهەموو بوارەكانی تێكۆشانی ئازادیدا، بەتایبەت لەبواری فەلسەفی و سیاسیدا پەیمانی لۆزانی تێپەڕاندووەو هەر دەچێت ئەم پەیمانە پووچەڵ دەكاتەوە. هەر بۆیە بەدانانی بەرفرەترەن تۆڕی سیخوڕی و  هەواڵگری لەهەموو دونیادا بە بارمتەیان گرت تاكۆ بتوانن درێژە بەپەیمانی لۆزان بدەن.  تەنیا بەبارمتەگرتن بەس نەبوو، بۆ ئەوەی نەتوانێت بەهیچ شێوەیەك بیرو هزری خۆی بگەیەنێتە كۆمەڵگا، ئەمە زیاتر لە ٢٨ مانگە نەیانهێشتووە هیچ كەسێك بیبینێت.  سیاسەتی گۆشەگیركردن و ئەشكەنجەی ئیمرالی تەنیا سیاسەتی توركیا نییە، سیاسەتی ناتۆیە، سیاسەتی ئەوروپاو ئەمریكاو ئیسرائیلە. هزر و فەلسەفەو سیاسەتی رێبەر ئۆجەلان هەم لۆزانی سەدەی بیستەم پووچەڵدەكاتەوە و هەم رێگری لەسەپاندنی لۆزانی نوێ بەسەر كورددا دەكات. هەر بۆیە هەم هێزی نێودەوڵەتی و هەم توركیا دەستیان داوەتە دەستی یەك كەنەهێڵن یەك وشەی رێبەر ئۆجەلان لەئیمرالییەوە بێتە دەرەوە و بگات بەكۆمەڵگا. گەورەترین شەڕ لەدژی لۆزان، بەڤێرژنە كۆن و نوێیەكەیەوە، لەئیمرالی بەڕێوەدەچێت. خۆڕاگری واتاداری ئیمرالی بڵندترین پێوانی  تێكۆشانە لەدژی لۆزانە. شكاندنی گۆشەگیری لەسەر ئیمرالی پووچەڵكردنەوەی لۆزانە. هەربۆیە هەركەسێك كە لەدڵ و لەمێشكدا لەدژی پەیمانی لۆزانە، پێویستە لەدژی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئۆجەلان تێكۆشان بكات و هەوڵ بۆ مسۆگەركردنی ئازادی ئەو بدات.  ئەو كۆنگرەیەی لەم رۆژانەی دواییدا لە لۆزان بەسترا كاتێك ئەنجامگیر دەبێت كەهەموو بەشداربووانی كۆنگرە خەبات بۆ ئازادی رێبەر ئۆجەلان بكەن. نابێت تۆ لەدژی لۆزانی كۆن رێپێوان بكەیت و ئیدانەی بكەیت و لەسەری وتار بدەیت، بەڵام لە دژی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئۆجەلان بێدەنگ بیت. بێدەنگی و بێهەڵوێستی لەبەرامبەر ئەشكەنجەی ئیمرالی قبووڵكردنی لۆزان و ئەرێكردنی جینۆسایدی كوردە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار