سەرۆكی رێكخراوی پڵنگانی بێ سنوور بۆ هاوڵاتی: زیادبوونی بەراز دەرئەنجامی لەناوچوون‌و كەمبوونەوەی ئاژەڵە كێوییە گۆشتخۆرەكانە

9 مانگ لەمەوپێش



ڤانە بەهیر

بەهۆی چالاكیەكانی مرۆڤ و شۆڕشی پیشەسازی راستەوخۆ لەلایەن وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهانەوە، چەندین دامەزراوەی جیهانی بەتایبەت دەستیان بەپاراستن و كاركردن لەپێناو لەناونەچوونی جۆرە جیاوازەكانی زیندەوەران دەستپێكردووە، لەكوردستانیش  چەند رێكخراوێك كار بۆ ئەم مەبەستە دەكەن.

 هانا ئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی پڵنگانی بێسنوور لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی باس لەكەمبوونەوەی ئاژەڵی كێوی و بەتایبەتیش گۆشتخۆر دەكات و دەڵێت ئەگەر سەرنج بدەین هەندێك گیانەوەری كێوی، بەتایبەتی گۆشتخۆرەكان  كەمیان كردووە لەوانەش  پڵنگ، كەوایكردووە بەراز رێژەكەی زۆر بەرزبۆتەوە و ئەمەش لەسەر بەرهەمی جوتیاران بەڕوونی هەستی پێدەكرێت.

هاوڵاتی: كاری سەرەكی رێكخراوەكەتان چیەو ئامانجتان چییە؟

هانا ئەحمەد: ریكخراوی (پڵنگانی بێسنوور) لەساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوەو مەبەست لەڕێكخراوەكەمان پاراستن و پەرەپێدانی ژیانیی ئاژەڵە كێویەكانە، لەڕێی دروستكردنی هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارو هاووڵاتیان، لەڕێی دروستكردنی ناوچەی پارێزراوو چاودێری كردنی گیانەوەرە كێوییە دەگمەنەكان و كاریگەرییەكانیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان،  لەڕێگەی هەوڵەكانمانەوە دەمانەوێت كار لەسەر گەنجان بكەین و بیانهێنینە بوارەكەوە، چونكە ئەوەی پێی دەوترێت « پاراستنی ئاژەڵ گیانەوەرو ژیانی كێوی لەكوردستان بابەتێكە كە زۆر  پشتگوێخراوە، هیچ زانیاریەكیش لەبارەیەوە نیە.

هاوڵاتی: چۆن ئەم كارە دەكەن؟

هانا ئەحمەد: بەڵێ ئەو كەسانەی خولیایان هەیە بەشداربن، ئێمە خولی تایبەتیان بۆ دەكەینەوە، ئاشنایان دەكەین بەو رێگایانەی پێویستە بیگرینە بەر لەپێناوی پاراستنی ئاژەڵی گیانەوەری كێوی.

هاوڵاتی: بەگشتی كۆی پڕۆسەكە چۆن دەبینن لەهەرێمی كوردستان بەراورد بەوڵاتان؟

هانا ئەحمەد: وڵاتەكەمان تاڕادەیەك لەزۆر رووەوە دواكەوتووە، فریای هەموو شتێك ناكەوین، ئەمەش لەبەرئەوەی سەرقاڵكراوین بەبابەتی لاوەكی و هەندیك بابەتی سەرەتایی ژیانەوە.

هاوڵاتی: تائێستا پەیوەندیتان چۆن بووە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەم بابەتە؟

هانا ئەحمەد: بەدڵنیایی پەیوەندیمان هەیەو هەماهەنگیمان زۆر باشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بەبابەتی ژینگەو هەروەها لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی حكومەتیش، بەڵام ئەوانیش خۆیان كێشەیان زۆرە، هەم لەڕووی پسپۆڕی، هەم لەڕووی بودجەش، كێشەیەك كە زۆر زیانی لەژینگەپارێزی داوە ئەوەیە كەوەزارەتی ژینگە بچووك كرایەوە بۆ دەستەی ژینگە، بەشێكی سەرەكی كارەكانیان بووە بەچاودێریكردنی كارگەكان و سزادانیان.

هاوڵاتی: رۆڵی پۆلیسی دارستان چۆن دەبینیت لەپاراستنی ژینگە وئاژەڵی كێوی؟

هانا ئەحمەد: پۆلیسی دارستان لەكوردستان كۆمەڵێك ئەركی گەورەو گران خراوەتەسەریان كە بەهیچ جۆرێك فریای ناكەون، رۆڵەكان بەباشی دابەش نەكراون و پێداویستیەكانیان بۆ دابین نەكراوە، بەشێكیان یان خوێندەوارییان نیە یان لەئاستێكی نزمی خوێندەواریدان، هەندێكیشان توانای جەستەییسیان گونجاو نیە بۆ ئەم كارە، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیش هەندیك هەندێك جار وادەكەن كەسی سەرپێچیكار سزا نەدرێت، ئەویش لەبەر  كەلتور و دابونەریت، بۆیە وا باشترە پۆلیسی دارستان لەنزیك ئەو ناوچانە جێگیرنەكرێن كە خۆیان خەڵكی ئەوێن.

هاوڵاتی: گەورەترین مەترسی و كێشەی ئێوە چیە كە لەم بوارەدا رووبەڕووتان بووەتەوە؟

هانا ئەحمەد: گەورەترین كێشەی ئێمە «راوكردنە»، كۆمەڵگە وادەزانێت راوكردن كەمی كردووە بەڵام وانیە، بەشێك لەمیدیاكانیش رۆڵێكی خراپ دەگێڕن لەم بوارەدا و بەبێ هەبوونی زانیاری و بایەخدان بەخودی بابەتەكە، دەست دەدەنە بابەتێك.

بۆ نموونە ئەوكاتەی پڵنگەكەی ناحیەی باتیڤا برینداربوو قاچی بوو بەتەڵەیەكی گورگەوە، زۆربەی میدیاكان هەمان سەردێڕیان بۆ هەواڵەكە داناو نوسیبوویان « پڵنگێك بوو بە تەڵەی گورگێكەوە»، ئەمە خۆی داپۆشینی راستیەكان بوو، چونكە گەرچی تەڵەكە بۆ گورگیش داندرابێت، بەڵام كڕین و هەبوونی ئەو جۆرە تەڵەیە خۆی بۆ خۆی نایاساییە، بەڵام هیچیان لەو بارەیەوە بەدواداچوونیان نەكرد.

لەپاڵ ئەمانەشدا، بەكارهێنانی پێستی ئاژەڵانیش كەئێستا كۆمەڵێك خەریكی ئەو كارەن و مەترسییە لەسەر ئاژەڵە گیانەوەرە گەورە شیردەرەكان و  كەحكومەت گوێی پێ نادات پێویستە ڕێكاری پێویست لەبەرامبەریان بگرێتە بەر.

هاوڵاتی: چ ئاژەڵێكی كێوی لەكوردستان لەلیستی سوردایەو مەترسی لەناوچوون و كەمبوونەوەی لەسەرە؟

هانا ئەحمەد: گیانەوەرمان زۆرە كە لەسەر هێڵی سوری  رێكخراوی « IUCN» پۆلینكراون، بۆ نموونە ئاژەڵەكانی وەك پڵنگ و كەمتیار و بزنی كێوی و ئاسك، لەسەر ئاستی جیهانی مەترسیان لەسەرەو لەسەر هێڵی سوورن، بەڵام لێرە مەترسیەكە لەسەریان زۆر گەورەترە، ئەگەر دۆخەكەش بەم جۆرە بەردەوام بێت بەرەو لەناوچوون دەچن.

وەكچۆن زۆرێك لەگیانەوەرە كێویەكان كەساڵانێك لەوڵاتەكەماندا هەبوون ئێستا نەماون، بۆ نموونە جۆرە ئاسكێكمان هەبووە  بەناوی» فیلە گێژە» كە لەكوردستان لەناوچەی دەوروبەری دهۆك و ناوچە سنوریەكان هەبووە، سورە ئاسك و وێز نەماون و بە نەبوو هەژمار دەكرێن.

هاوڵاتی: ئێوە كار لەسەر پڵنگ دەكەن، تائێستا چەند پڵنگ لەناوچوون؟

هانا ئەحمەد: لەماوەی ئەم سێ ساڵەی رابردودا واتە لە ٢٠٢١ بەدواوە ئەوەندەی كە تۆمار كراون و ئاگادارین سێ پڵنگ كوژراون كە دوانیان لە بەمۆ بووە و ئەوی دیكەشیان لەپیرەمەگرونە، لەكاتیكدا ژمارەی پڵنگ زۆر كەمە لەكوردستان، ئەو پڵنگەی  باتیڤاش كە قاچی بڕدرایەوە، دەكرێت هەر بەنەبوو دایبنێین، چونكە لە باخچەی ئاژەڵان دانراوەو بەهیچ جۆرێك نابرێتەوە ناو سروشت.

هاوڵاتی: كەواتە بەپلەی یەكەم راوكردن گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاژەڵانی كێوی؟

هانا ئەحمەدڕەزا: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، بەتایبەت لەسەر ئاژەڵە گیانەوەرە شیردەرەكان، چونكە ژمارەیان كەمە، یەك دانەیان راوبكرێت یان بكوژرێت مەترسیە لەسەر هەموویان.

هاوڵاتی: ئایا ئەو ئاژەڵە كێویانەی زیانیان پێدەگات، بەشێوەیەكی زانستی چارەسەر دەكرێن ؟

هانا ئەحمەد: بەداخەوە لەكوردستان پسپۆڕی چارەسەركردن و گەڕاندنەوەی ئاژەڵە گیانەوەرە كێویەكان  نییە، بۆیە هەر ناتوانین بەشێوازی زانستی فریای هەر گیانەوەرێك بكەوین تەنانەت ئەگەر لەمەترسیشدا بێت.

هاوڵاتی: واتە ئەگەر ئاژەڵێكی كێوی وەك پڵنگ تووشی كێشەی دەروونی یان رووداوێكی نەخوازراو ببێتەوە، ناتوانێت زیاد بكات؟

هانا ئەحمەد: بەدڵنیایی كاریگەری گەورەی هەیە، چونكە گیانەوەری كێوی وەكو مرۆڤ ئاڵۆزە، ئەوانیش تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، گیانەوەری كێوی تەنها بەو سروشتە ئاشنایە كە لێوەی هاتووە، بە بەندكردن و پەیوەست كردنی بەمرۆڤ و مامەڵەی ناتەندروست، بەدڵنیاییەوە تووشی چەندین نەخۆشی دەروونییان دەكات.

هاوڵاتی: سەبارەت بەو ئاژەڵانەی لەناو باخچەكانی ئاژەڵاندان چی دەڵێیت؟

هانا ئەحمەد: لەهەموو عێراقدا هیچ كام لەباخچەكانی ئاژەڵان پسپۆڕیان نیە لەچاودێری ئاژەڵەكان، زۆربەیان دەستیان تێكەڵە لە بازرگانی نایاسایی بەئاژەڵە كێویەكان وهانی راوكردنیش دەدەن.

ئەو راوچیانە كە ئاژەڵیكی دەگمەنیان دەستدەكەوێت دەیدەن بەم باخچانە كە نە خواردن و نە شوێنی مانەوەشیان گونجاو نیە، جگە لەوەش كەشارەزایی تەواو نیە بۆ چاودێری كردنیان، ئەگەر كەسی شارەزاش هەبێت كەرەستە و دەرمانی پێویست لەبەردەستدا نییە.

هاوڵاتی: كاریگەری كەمبوونەوەی ئاژەڵی كێوی و راوكردنی لەسەر كارو ژیانی مرۆڤ چییە؟

هانا ئەحمەد: جووتیارەكانمان هاواریان لێ هەستاوە لەزیادبوونی لەڕادەبەدەری بەراز، لەساڵانی رابردوو بەهۆی ئاژەڵە كێوییە گۆشتخۆرەكانەوە ژمارەیان سنوورداربوو، بەڵام كاتێك ئاژەڵە كێویەكان لەڕادەبەدەر راوبكرێن، ئەوا ژمارەی ئاژەڵانی دیكە زیاد دەكات و ئەمەش هاوسەنگی ژینگەو گیانەوەران تێكدەدەن و كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هەریەكەمان، بۆیە  دەبێت چاودێری توند بخرێتەسەر راوكردن و چەكهەڵگرتن قەدەغە بكرێت، هاوكات دەبێت سەرچاوە سروشتیەكان بپارێزین و ناوچەی پارێزراویش بۆ ئاژەڵان دروستبكرێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار