زمانی ژمارە لەنێوان هەولێرو بەغدا کۆتایی هاتووەو حکومەتی فیدڕاڵی دەیەوێت ١٨% شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت

7 مانگ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا، زمانی ژمارە لەنێوان هەرێم و بەغدا كۆتایی هاتووەو هەرێم هەموو شتێكی رادەستی بەغدا كردووە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت بەدواداچوون دەكەن بۆ ئەو جیاوازیەی هەیە لەداتاكان، بەڵام پەرلەمانتارێكی دیكە رەتیدەكاتەوە هیچ جیاوازییەك هەبێت و نەناردنی شایستەكانی هەرێم بەفشاری شۆڤێنیەكان ناودەبات بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبەدواداچووندایە بۆ ئەوەی راستی ئەو بابەتە بزانن كە بۆچی جیاوازی هەیە لەزانیاری و ژمارەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتیشی: هێشتا بابەتی شایستە داراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی نەبووەتەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە لەلایەن لیژنەی داراییەوە، لیژنەكە دەیەوێت ئەو وەفدە بانگهێشت بكات كەپەیوەستە بەدانوستان لەگەڵ هەرێمی كوردستان».

بەوتەی نەرمین مەعروف»پێدەچێت تا ئەوكاتەی هەردوو وەزیری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەپەرلەمانی عێراق ئامادە دەبن ئەم كێشەیە بەردەوام بێت، دواتر لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی پێشكەشی پەرلەمان دەكات و پێشنیازەكانی خۆی دەخاتەڕوو كەدەكرێت لەئێستادا كاری لەسەربكرێت، نوێنەرانی كوردیش واژۆمان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی پەلەبەكرێت لەچارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دروستبووە».

لێدوانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە لەفراكسیۆنی یەكێتییە لەكاتێكدایە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی رەتیدەكاتەوە هیچ جیاوازییەك لەنێوان داتای هەرێم و بەغدا هەبووبێت و دەڵێت تەنها هەندێك تێبینی لەمیكانیزمی كۆكردنەوەی داهاتەكان هەبووەو ئەویش هاوتاكراون.

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت: ئەوەی ئێستا لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووەو بەهۆیەوە رێككەوتنی نێوانیان جێبەجێناكرێت لەسەر بودجە تێڕوانینێكی شۆڤێنیانەیەو هیچ پاساوێك نەماوە بۆ رادەست نەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.

سەبارەت بەهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردییەكان لەپەرلەمانی عێراق شوان محەمەد وتی: وەكو پەرلەمانتارانی كورد جگە لەپەرلەمانتارانی نەوەی نوێ هەموومان یەكدەنگین كە فشار دروستبكەین بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە وەك خۆی، هەموو ئەگەرێكیش كراوەیە، لەپێناو ئەوەی چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لەچاوەڕوانیدا نەبن.

وەك ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت «ناكرێت دەوڵەتێكی فیدراڵی پارە بۆ فەرمانبەرانی نەنێرێت لەكاتێكدا هەموو شتێك رادەست كراوە».

شوان محەمەد باس لەوەشدەكات چاودێری دارایی عێراق بۆ ماوەی 20 رۆژ لەهەرێمی كوردستان ماونەتەوەو هیچ تێبینییەكیان نەبووە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم، تەنها تێبینییان لەسەر میكانیزمی كۆكردنەوەی داهات لەهەرێم هەبووە كە جیاوازبووە لەبەغداو ئەوەش لەلایەن هەرێمەوە چارەسەركراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئێستا بابەتی ژمارە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق تەواو بووەو ئەوەی هەبووە وەفدی هەرێم رادەستی كردووە.

سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد « بەغدا دەیەوێت تەنها 18%ی شایستە داراییەكانی هەرێم رادەست بكات، ئەوەشی ناردوویەتی خێرە نەك شایستەو دوایین قسەی ئێمە ئەوەبوو كەپێویستە نۆ ترلیۆن و 299 ملیارو 513 ملیۆن دینار تاكۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت كەئەویش تەنها بۆ مووچەیە».

وتیشی: پێویستە خەرجیەكانی دیكە لە (ئەنفاقی تەشغیلی) بێت نەك ئەوەی ئەوان دەیڵێن كە دەبێت مووچەشی لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامەو ئەوەی لەسەر وەفدی هەرێم بووە جێبەجێی كردووە، ماوەتەوە فشاری سەركردایەتی كورد بۆ ئەوەی شایستە داراییەكان وەك خۆی بنێردرێت كە لەڕێككەوتنەكەی مانگی چواری ئەمساڵ جێگیركراوە، جگە لەوەش ئەوەی دەمێنێتەوە دەكەوێتە سەرشانی پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا».

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە «ئەو پارەیەی بۆ حەشدی شەعبی خەرجكراوە لەشایستە داراییەكانی هەرێم زیاترە، ئەمەش دەریدەخات بەغدا سیاسەتێكی شۆڤێنی و برسیكردن بەرامبەر هەرێم پەیڕەو دەكات، لەكاتێكدا هەرێم هەموو داهاتی ناوخۆو داتاكان و نەوتیشی رادەستی بەغدا كردووەو هیچ بیانویەك نەماوە تا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەنێردرێت».

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، ئێستا كێشەی سەرەكی كە بۆ رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دروستبووە، لەسەر جیاوازی ژمارەكانە لەنێوان هەرێم و بەغداو تێچووی دەرهێنانی نەوت لەهەرێم و تێچووی دەرهێنانی نەوت لەبەغدا كە جیاوازیەكەی زۆرە، هەرچەندە ئەو سەرچاوە ئاگادارەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كرد رەتیكردەوە بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لەداتاكان هەبێت بەڵام رەتینەكردەوە كەتێچووی نەوتی هەرێم كێشەی دروستكردبێت، باسی لەوەشكرد «كاتێك هەرێم نەوتی رادەست كردووە تێچووی دەرهێنانەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی عێراق».

لەدوایین لێدوانیدا لەسەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی بەغدامان داوەتەوەو وروژاندنی هەر پرسێكی دیكە كات كوشتنە.

پێشەوا هەورامانی، وتیشی: 906 ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێویستەو نەدەبوو حكومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە بكات، دەبوو وەكو ناوچەكانی دیكەی عێراق كە ئێستا مووچەی مانگی ئەیلول وەردەگرن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

سەبارەت بەو 500 ملیارەی بەغدا ناردوویەتی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت:حكومەتی فیدراڵ چەندین مانگی دیكەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەكانیان لاداوەو باسیان نەكردووە، هەروەها نەشیان وتووە بۆ ئەو چەند مانگە مافی هەرێمی كوردستان چەند بووە.

وەك پێشەوا هەورامی دەڵێت: لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی هاووڵاتیان حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن و دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ئامادەیە، لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆشەوە وردەكاری تەواوی داوەتە حكومەتی فیدراڵی.

رۆژی حەوتی ئەیلولی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: نەناردنی شایستە داراییەكانمان وەك لەبودجەی فیدراڵدا هاتووە لەلایەن بەغداوە زیان بەهاووڵاتیانمان دەگەیەنێت.

رۆژێك پێش پەیامەكەی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوەو لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند: پێویستە كۆی گشتی شایستە داراییەكانی هەرێم خەرج بكرێت، كە بەگوێرەی خشتەكانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەكاتە 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار، كە مانگانە بەگوێرەی ژمارەكانی بودجە دەكاتە یەك ترلیۆن و 375 ملیار دینار.

جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەكاتێكدایە، بەپێی زانیاریەكان فشاری نێودەوڵەتی بۆ نزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدا دەستیپێكردووەو باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا بەجیا سەردانی بەرپرسانی هەرێم و بەغدای كردووەو داوای كردووە بەپێی دەستور كێشەكان چارەسەر بكرێن، هاوكات باڵیۆزی ئێران لەعێراق چاوی بەبەرپرسانی هەرێم و بەغدا كەوتووە و مەبەستی سەردانەكەش جگە لەدۆسیەی ئەمنیی بەشێكی پەیوەست بووە بەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

پێشتریش شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لەپشكی پارتییە بەناوی هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان جگە لەنەوەی نوێ رایگەیاند: تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕوان دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دوای ئەوە هەموو ئەگەرێك كراوە دەبێت.

تائێستا روون نییە چارەنووسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا چی دەبێت، بەڵام ئەوەی روونە رێككەوتنەكە شكستی هێناوە، ئەوەش لەكاتێكدایە 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش لەدوای چەند مانگێك لەگفتوگۆكردنی لەپەرلەمانی عێراق.

لەوكاتەوە نوێنەرانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك دانوستان، بەڵام هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی پابەندیەكانیان لەبودجەدا جێبەجێنەكردووە، ئێستاش هەردوولا لەبارەی خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، خەرجی نانەوتی و پاكتاوكردنی حسابانی ساڵانی رابردوو ناكۆكن.

ناكۆكیەكان لەكاتێكدایە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئابیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا بەغدا دەستدەكات بەدابەشكردنی مووچەی ئەیلول، ئەمەش فشارێكی زۆری لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، هەرچەندە حكومەتی عێراق بۆ مانگەكانی 9-10-11 ی ئەمساڵ بڕیاریداوە 500 ملیار دینار مانگانە بەقەرز بداتە هەرێم تا ناكۆكییەكان چارەسەر دەبن، بەڵام حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە ئەو پارەیە بەشی دابەشكردنی مووچە ناكات كەمانگانە 944 ملیار دینارە.

لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئابوری سەربەخۆی راگەیاند، تامانگی ئاداری 2023 بەهۆی دۆڕاندنی دۆسیەیەك لەدادگای ناوبژیوانی پاریس هەرێمی كوردستان ناچاربوو فرۆشتنی نەوتەكەی بەشێوەی سەربەخۆ رابگرێت، لەوكاتەشەوە هەناردەی نەوتەكەی بەهۆی ئەو قەرەبووەی عێراق لەتوركیای داوادەكات دەستیپێنەكردووەتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار