ئێران بەهەر نرخێک بێت دەیەوێت ساڵیادی ژینا ئەمینی نەکرێتەوە

سەرەڕای فشارەکان، بنەماڵەی ژینا ئەمینی سوورن لەسەر یادکردنەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

حکومەتی ئێران لەساتەوەختی نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو، فشارەکانی زیاتر کردووە بۆ سەر خەڵک و چالاکوانانی مەدەنی، تەنانەت لەهەندێک شار سیمای بەسەربازگەکردنی پێوە دیارە.

ئەو فشارانە زیاتر بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان و بەتایبەتتر بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینییە کەهەڕەشە لەباوکی کراوە رێوڕەسم بۆ گیانلەدەستدانی کچەکەی نەگێڕێت.

فشار بۆ سەر بنەماڵەکان

رۆژی 13ی ئەیلولی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بەهۆی «رەچاونەکردنی باڵاپۆشی»، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران دەستگیرکراو دوای تێکچوونی باری تەندروستی لەبنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ی هەمان مانگ لەگۆڕستانی ئایچی سەقز لەناو ئاپۆڕای خەڵکدا بەخاکسپێدرا.

دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولی 2022، خۆپیشاندانی فراوان لەئێران دەستیپێکرد کە تێیدا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکراو بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان بەتوندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو لەئەنجامدا 500 کەس کوژران کە 71 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون. ئەم خۆپیشاندانانە دواتر لەنێو خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە «شۆڕشی ژینا» ناسرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەمیدیا جیهانییەکان و ناوخۆی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە ٢٣ بنەماڵە، لەبنەماڵەی کوژراوانی شۆڕشی ژینا لەدوو مانگی رابردوودا بانگ کراونەتە ناوەندە ئەمنییەکان، هەڕەشەیان لێکراوە یان دەستگیرکراون.

ئاژانسی رادیۆ فەردا، لەڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە ٢٣ بنەماڵەی کوژراوان بانگکراونەتە بنکە ئەمنییەکان و دەستگیرکراون.

لەمانگی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، بەرپرسانی ئێران «خێزانی قوربانییەکانیان رووبەڕووی رەشبگیری و دەستگیرکردن کردووەتەوەو سنوردارییەتی توندیان چەسپاندووە کەنابێت لەسەر گۆرەکانیان گردبوونەوە سازبکرێت و هەندێکجاریش گۆڕی قوربانییەکانیان شێواندووە».

ئەم فشارانە زیاتر بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینییە کە بەردەوام لەژێر چاودێریدان و هەڕەشەیان لەسەرە.

کەسێکی نزیک لەبنەماڵەی ژینا ئەمینی لەسەر ئەو دۆخەی بنەماڵەکەی قسەی بۆ هاوڵاتی کرد بەڵام نەیویست لەبەر دۆخی ئەمنی خۆی ناوی ببرێت. ئەو دەڵێت، تەلەفۆن و هاتووچۆی بنەماڵەی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و لەژێر چاودێریدایە.

«چەندجار بەفەرمی بەبنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە نابێت رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی بەڕێوە ببەن، بەڵام بنەماڵەی ئەمینی بەبێ گوێدانە هەڕەشەکان رایانگەیاندووە کە رۆژی ١٦ی ئەیلوول، لەگۆڕستانی ئایچی و لەسەر گڵکۆی ژینا رێورەسمی نەریتی، ئایینی بەڕێوە دەبەن».

لەهەفتەی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کەهێزە ئەمنییەکانی ئێران خاڵی ژینا ئەمینییان دەستگیرکردووەو بەبێ فەرمانی دادگا ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاون، دەستیشیان گرتووە بەسەر چەند بەڵگەنامەیەکی کەسی خاڵی ژینا ئەمینیدا.

ئەو کەسەی نزیکی بنەماڵەی ژینا پشتڕاستیکردەوە کە سەفا عائلی، خاڵی ژینا، ئەمینی دەستگیرکراوە.

هەروەها رۆژی ٦ی ئەیلول، ئومێد قەدیمی، برای فوئاد قەدیمی یەکێک لەکوژراوانی «شۆڕشی ژینا»، لەشاری دیواندەرە دەستگیرکرا.

کەسێکی نزیک بەبنەماڵەی ئومێد قەدیمی بەهاوڵاتی وت، «فشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی قەدیمی هەر لە رۆژی یەکەمەوە بەردەوام بوو. سەرەتا لەژێر گوشاردا باوکی  فوئاد قەدیم»یان ناچارکرد بڵێت فوئاد قەدیمی بەدەستی حزبە کوردییەکان کوژراوە. پاشان فشاریان بۆ بنەماڵەکەی دەهێنا بەوەی ملکەچی خواستەکانیان بن. دەستگیرکردنی ئومید قەدیمی بەمەبەستی ئەوەیە بنەماڵەکە بیدەنگ بکەن، بەڵام بنەماڵەی قەدیمی بڕیاریانداوە بێدەنگ نەبن».

فشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی

فشارەکان بۆ سەر چاکوانانیش دەستپێکردووەو هەر چالاکییەک سازبکەن یان دەوەستێندرێت یان سنوردار دەکرێت.

ئەفخەم مورادیان چالاکی مەدەنی شاری سەقز، لەکۆتاییەکانی مانگی ٦ی ٢٠٢٣ەوە دەستبەسەرە. کەسێکی نزیک لەبنەماڵەی  ئەفخەم مورادیان بەهاوڵاتی وت، «ئەفخەم بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیرکراوە. تائێستاش ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی روون نییە. ماوەی نزیک بەسێ مانگە لەگرتووخانەی شاری سنەیە. تەنها دوو خولەک توانیویەتی بنەماڵەکەی ببینێت. ئاسەواری ئەشکەنجە و ئازار بەڕوخسارییەوە دیار بووە. مافی بوونی پارێزەری نییە. هەوڵی بنەماڵەکەشی بۆ ئازادکردنی بێئەنجام بووە.

نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی تەباتەبایی شاری تاران، ئەو کچە رۆژنامەنووسەی کە بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی وتووێژی کرد، لەمانگی شەشەوە تائێستا دوو جار دەستگیرکراوە. بەگشتی لەماوەی ساڵێکدا چوار جار دەستگیرکراوە. دوایین جار رۆژی ٣٠ی ئاب ٢٠٢٣ لەماڵەکەی خۆی و بەجلی خەوەوە دەستگیرکرا. دوایین جار، لەگرتووخانە دەستدرێژی سێکسی کرایەسەری. نازیلا لەپەیامێکی دەنگی لەزیندانی ئیڤینەوە رایگەیاند :» لەحاڵێکدا دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە لەگرتووخانە  دەستدرێژی کراوەتە سەری. مەعرووفیان رۆژی ١٠ی ئەیلوول، بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازادکرا.

هەر لەدرێژەی فشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ١٠ی ئەیلوول، ٣٥ کەس لەئەندامانی چیای سەوزی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتر ٣٢ کەسیان ئازادکران بەڵام تائێستا سێ کەسیان چیا بەناوەکانی مادێح خۆشنەواز، کاوە کەریمیان، کاوە دەستان دەستبەسەرن.

یەکێک لەئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لەمبارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند:» رۆژی یەکشەممە  کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن دەربارەی کارو چالاکییەکانمان، ژینگەو کوژاندنەوەی ئاگرەکان و بەرینی ئاگرەکان بەڕێوەچوو. لەکاتی کۆبوونەوەکەدا هێزە ئەمنیەتییەکان  بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆبوونەوەکەو ٣٥ کەسیان دەستگیرکردووە».

چالاکێکی مەدەنی شاری مەریوان هەر لەمبارەوە بەهاوڵاتی وت:» ئەنجومەنی سەوزی چیا چەن ساڵە لەبواری ژینگە کاردەکات، کاری ئەوان خزمەتە بەژینگە. ئەوەی کە بەم شێوەیە ئەم ژمارە زۆرە لە ئەندامانی چیا دەستگیرکراون، پەیوەندی هەیە بەنزیکبوونەوە لە ١٦ی ئەیلوول، ساڵڕۆژی مەرگی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا».

بەسەربازگەکردنی شارەکان

لەسەرەتای مانگی ٩وە، بەشێکی زۆر لەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سیمایەکی سەربازگە بوویان پێوە دیارە. خاڵی پشکنین لەزۆربەی زۆری شارەکان دانراوە. لێکۆڵینەوە توند بووە.

لەسەر ئەم دۆخە سەربازییە مامۆستایەکی زانکۆی مەریوان، بەهاوڵاتی وت:» شار سیمایەکی سەربازی پێوە دیارە. ژمارەی ئەو کامێرایانەی جێگیرکراون لەناوشار زیاتر بووە. دەیانەوێ بەر بەهەرچەشنە جووڵەیەک بگرن».

هاووڵاتییەکی شاری جوانڕۆ بەهاوڵاتی راگەیاند کەخاڵە پشکنینەکان زیادیان کردووەو لێکۆڵینەوەکان تووند کراونەتەوە، جگەلەوەی «پشکنین  وسووکایەتی بەو کەسانە دەکەن دەیانەوێ بچنە ناوشار».

دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ

بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی اعتمادی ئێران بڵاوی کردووەتەوە ، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی  ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆماری ئێران، ١١٠ مامۆستای زانکۆو ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆکان لەسەر کار دەرکراون.

بەپێی زانیارییەکان، لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ٥٢ مامۆستای زانکۆو ئەندامی لێژنەی زانستی، بەتاوانی پشتیوانیکردن لەشۆڕشی ژیناو پشتیوانیکردن لەمانگرتن و خواستی خوێندکاران لەسەرکار دەرکراون.

لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی شوێنەکانی تری ئێران، دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ بەشێک بووە لەو فشارەی کە بۆ سەر کۆمەڵگا بوونی هەیە.

رۆژی ٤ی ئەیلوول، بەهرۆز چەمەن ئارا، مامۆستای بەشی کوردی زانکۆی سنەو ئەندامی لێژنەی زانستی ئەو بەشە، لەئەژمارەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند کە لەسەر کار دەکراوە.

چەمەن ئارا نووسیویەتی، « لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیتلاعاتی پارێزگای سنەوە پێیان راگەیاندووم کەشیاوی وانەوتنەوە نیەو ناتوانێت لەلیژنەی زانستیدا بمێنێتەوە.

دکتۆر سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆی و ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی ئازادی سەقز لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە لەگرتووخانەی شاری سنە دەستبەسەرە. پاشایی تائێستا لەمافی پارێزەر بێبەرییە.

سەردار پاشایی،  برای سامان پاشایی، لەهەژماری تایبەتی خۆی لەفەیسبووک نووسیویەتی: هەڕەشەکان بۆ سەر سامان بەردەوامە، دەیانەوێت بەزۆری دان بەهەندێ شتدا بنێت کە نەیکردووە.

فشار بۆ سەر حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان

لەساڵی رابردووداو لەگەڵ دەستپێکی «شۆڕشی ژینا»، فشار بۆ سەر حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، هەر لەبۆردومانکردنی کەمپەکانیانەوە بگرە تا تیرۆری ناو شارەکان.

ئێران ١٩ی ئەیلوولی وەک دوایین مۆڵەت بۆ چەککردنی حزبەکان دیاریکردووە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر باشووری کوردستان دەکات لەئەگەری چەک نەکردنیان.

عەبدوڵڵا ئازەربا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پرسی چەککردنی حزبەکانی بەهێڵی سوور ناوبرد، بەڵام باسی لەوەکرد کەهێزەکانیان لەسەر سنوور کێشاوەتەوەو هەندێ ئاڵوگۆڕی شوێنی نێشتەجێبوون هەیە.

دەربارەی ئەگەری هێرشی زەمینی ئێران، ئازەربا ئەو ئەگەرەی بەلاواز زانی، لەهەمانکاتدا وتی هیچ شتێک «سەدا سەد نییە، ئێمە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین، ئەو چەکانەی پێمانە بۆ پاراستنی خۆمانەو ئامادە نین بەهیچ شێوەیەک دای بنێن، ئەگەری ئەوەی کۆماری ئیسلامی  بەدرۆن یان مووشەک هێرش بکات بۆ سەر کەمپەکان زۆر زیاترە لەوەی هێرشی سەربازی و زەمینی بکات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار