خۆبەخشانی گەرمیان چوار مانگە مووچەیان پێنەدراوە

خۆبەخشێكی نەخۆشخانەی قەڵا: بەهۆی پێنەدانی مووچەكانمان ناتوانم منداڵ بخەمەوە

9 مانگ لەمەوپێش



نیگار عومەر

بەشێک لەخۆبەخشانی نەخۆشخانەی قەڵا كەنزیکەی هەشت ساڵە خۆبەخشن ماوەی نزیکەی چوار مانگە هیچ جۆرە هاوکاری و موچەیەکیان پێنەدراوە لەكاتێكدا سەختی و ناڕەحەتیەکانی باری دارایی خۆبەخشان بەجۆرێکە کەچەندین گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردوون.

سومەیە کەریم، تەمەنی 30 ساڵەو بۆ ماوەی هەشت ساڵە خۆبەخشە بۆ هاوڵاتی وتی: لەکاتی سەرهەڵدانی کۆرۆنادا ئێمە کۆمەڵێ خۆبەخش بووین لەنێو نەخۆشخانەکانی دیکەی سنوری گەرمیاندا درێژەمان بەکارەکانمان داو ژیانی خۆمان خستە مەترسییەوەو خزمەتی تووشبوانی کۆرۆنامان کرد.

وتیشی: لەو کاتەدا کەهیچ کارمەندێکی تەندروستی ئامادەنەبوو لەوێ دەوام بکات، بەڵام ئێمەی خۆبەخشان ئەرکی ئەو نەخۆشخانەیەمان گرتە ئەستۆ، لەماوەی کۆرۆنادا من دووگیان بووم و بەزەحمەت دەوامم دەکرد، هەندێ کات ئەو ژنانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون پێیان دەوتم لێرە دەوام مەکە چۆن دەتوانی بەم دووگیانییەوە لێرە دەوام بکەی.

سومەیە زیاتر باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: من و مێردەکەم هەردووکمان لەوێ دەوام دەکەین دوو منداڵیشمان هەیە، ئەمە چەند مانگە ئێمە هیچ موچەو هاوکاریەکمان وەرنەگرتووەو لەتەنها ژوورێکدا دەژین ژیان و گوزەرانمان زۆر زەحمەتە کەناتوانین پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاسایی بۆخۆمان دابین بکەین.

خۆبەخشانی نێو نەخۆشخانەی قەڵا ژمارەیان نزیکەی  70 کارمەند دەبێت و ماوەی سێ ساڵە لەقەڵا دەوام دەکەن، چەندین جار گردبوونەوەتەوە بۆ ئەوەی دامەزراندیان بۆ بکرێت .

سەنگەر عەلی، خۆبەخشێکی دیکەی نەخۆشخانەی قەڵایە بۆ ماوەی شەش ساڵە خۆبەخشە، تەمەنی 29ساڵە و خێزاندارە بۆ هاوڵاتی وتی: لەسەردەمی کۆرۆنادا کاتێک من بەخۆبەخشی دەوامم دەکرد کار گەیشتە ئەوەی خێزانم لێم بسێننەوە دەیان وت تۆ لەقەڵا دەوام دەکەیت و دوای دێنە ماڵ ئێمەو ئێمە تووشی نەخۆشیەکە دەکەیت بەزۆر قەناعەتم پێکردن کەبتوانم بەردەوام بم خزمەت بکەم، بەم شێوازە تائێستا بەردەوامین، بەڵام بۆ ماوەی چوار مانگە هیچ موچەیەکمان وەرنەگرتووە.

ئەو خۆبەخشە وتیشی: من چوار مانگە کرێ خانوم نەداوە، کاتێک خاوەن خانوەکە دەبینم شەرم دەکەم سەیری بکەم و نازانم چی پێبڵێم بەبۆنەی ئەمەشەوە رێگری لەوە دەکەین کەمنداڵمان ببێت چونکە ناتوانم بەخێوی بکەم، ترسی ئەوەشمان هەیە ئەگەر رۆژێ تەعینات هەبێ خاوەن واستەکان پێش ئێمە دابمەزرێن.

سەنگەر باس لەوەش دەکات هۆکاری دانەمەزراندنی ئەوان پشتگوێخستنی گەرمیان و کەرتی تەندروستیەو لاوازی تەندروستی گەرمیانەو ئەگینا هاوڕێکانیان لەهەموو شوێنەکانی دیكە دامەزراون.

نەخۆشخانەی قەڵا لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوه، ئەم نەخۆشخانەیە لەسەرشانی خۆبەخشان دەچێت بەڕێوەو لهئێستاشدا کارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بەردەوامە سەڕای سەختی ژیانی خۆبەخشان کاری تێدادەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار