رێككەوتنی ئەمنیی ئێران‌و عێراق بۆ دەركردنی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە

بەرپرسێكی كۆمەڵە: رێككەوتنە ئەمنییەكە وەك خۆی جێبەجێكراوە تەنها رادەستكردنی داواكراوەكان نەبێت

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی ١٩ی ئەیلوول ٢٠٢٣، مۆڵەتەكەی ئێران كە بۆ چەككردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێران لەھەرێم دیاری كردبوو، كۆتایی ھات، ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت هەموو رێككەوتنە ئەمنییەكەی عێراق و ئێران جێبەجێكراوە تەنها ئەوە نەبێت كە پەیوەستە بەڕادەستكردنەوەی داواكراوەكان.

لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو كرا كە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی سكرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، واژوویان كرد، یەكێك لەخاڵەكانی نێو رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتە بەكۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوان ھەردوو وڵات.

رۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلوول ھێزێكی پاسەوانی سنوور رەوانەی گەرووی زینی وەرتێ لەناحیەی سیدەكان سەر بەپارێزگای ھەولێر كرا، بەڵام لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە، رێگری لەجێگربوونی ھێزەكە كراو بەوھۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ھەردوولا روویدا.

ھاوكات رۆژی ١٥ی ئەم مانگە فەرماندەیی ھێزەكانی پاسەوانی سنوور رایگەیاندبوو كە لەچوارچێوەی ھەوڵەكانیانیدا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھێزێكی سەر بە لیوای ناوچەی سنووری دوو و فەوجی كۆماندۆی ناوچەی سنووری یەك بەپاڵپشتی ھێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران كۆنترۆڵ بكەن.

دووشەممە 18-9-2023 رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی ھەرێم، و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بەئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لەھەولێر كۆبوونەوەو لەمیانیدا رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانیان تاوتوێ كرد، ئەوەش لەكاتێكدایە لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران رایگەیاندووە تەواوی بارەگاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەسنورەكانی نێوان هەردو وڵات بەشێوەیەكی بنەڕەتی دورخراونەتەوە.

بەڵام سەرچاوەیەك لەكۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەهاوڵاتی وت:»رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئێستا ئەگەر بڵێین رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە ئێران فشاری زیاتر دەخاتەسەر هەرێم، ئەگەر بشڵێین چەككراوین كاریگەری خراپی لەسەر كۆمەڵگەكەی خۆمان هەیە بۆیە جارێ قسەی لێنەكرێت باشترە».

وتیشی:» هیچ هێزێكی غەیرە كوردی نەهاتووەتە ئەو شوێنانەی كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆڵیان كردووەو بەشێك لەو هێزانە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانن و پێشتریش لەو شوێنانە بوون بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات وەك ناوبژیوانیكردن».

هەرچەندە لەڕاگەیەندراوی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران ئاماژە بەوەشكراوە، «تەواوی گروپەكان لەچەك داماڵراون و وەكو پەنابەر بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی پەنابەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و هەروەها لەسنورەكان و ئەو ناوچانە، هێزی سوپای عێراق جێگیركراون بەبەردەوامیی».

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە «لایەنی عێراقی جەختی كردووەتەوە لەوەی پابەندن بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەی نێو رێككەوتنەكە و هەروەها چارەسەركردنی هەر ئاستەنگ و گرفتێك كە بێتە پێشەوە».

لەلایەكی دیكەوە نەوید میهرئاوەرد، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەهاوڵاتی وت:»هەموو رێككەوتنە ئەمنییەكەی عێراق و ئێران جێبەجێكراوە تەنها ئەوە نەبێت كە پەیوەستە بەڕادەستكردنەوەی داواكراوەكان كە خۆشم یەكێكم لەو داواكراوانە».

وتیشی:»خێزانی پێشمەرگە و خێزانەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە مەدەنین هەموویان لەجێگاكانی خۆیانن».

لەلایەكی دیكەوە، ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بەهاوڵاتی وت: «بۆ ئەوەی هەرێم تووشی گرفت نەبێت، هێزەکانمان لەسنوور کشاندووەتەوە، بارەگاکانیشمان تەنها خەڵکی مەدەنی تێدایە.»

بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی ناوخۆ «لەسەروو خۆیانەوە ئاگاداركراونەتەوە بەهیچ شێوەیەك دەربارەی ئەو رێككەوتنە ئەمنییە لێدوان بۆ میدیاكان نەدەن».

بەوتەی سەرچاوەكە «چیتر رێگە بەحزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نادەن، هاوشێوەی جاران چەکداربن، چونکە هەرێم لەژێر فشاری گەورەدایە».

بەوتەی سەرچاوەیەکی  نزیک لەحزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران « ئێران لەڕێگەی عێراقەوە داوای دەستگیرکردن و رادەستکردنی 22 سەرکردەی حزبە کوردییەکان دەکات، لەحاڵەتی رادەست نەکردنیشیاندا هۆشداری داوەتە عێراق و هەرێمیش».

بەوتەی سەرچاوەکان بەشێک لەناوەکان بریتین لە «مستەفا هیجری، رەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدان پەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربارو چەند کەسێکی تر.»

سەرچاوەكە وتیشی»هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لەبارەگاکانی کۆمەڵەو دیموکرات لەزڕگوێزو کۆیە جێگیرکراون، هیچ چەکدارێک لەناو بارەگاکاندا نەماون.»

کۆنترۆڵکردنی بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناوچەی زڕگوێزو کۆیە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو هێزە چەکدارەکانی سەر بەو دوو پارتە لەناوچە سنوورییەکانی ئێران کشانەوە.

لەبەدواداچوونەكانی هاوڵاتی دەركەوت، هەرچەندە بارەگاکانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهێزی چەکداری چۆڵ کراون، بەڵام هەتا ئێستا چۆنیەتی لەچەکداماڵینی ئەو هێزە کوردییانە یەکلایی نەکراوەتەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار