پارتی ناچێتەوە کەرکوک؛ دۆسیەی وەرگرتنەوەی بارەگاکانی داخست

9 مانگ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەوڵەكانی بۆ كردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كەركوك پاشەكشەی كردووە، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە پێی وایە كە بەشێوەیەكی كاتی بڕیاری ئەوەیانداوە ئەو پرسە دوابخەن و جارێ چاوەڕێی ئارامبوونەوەی دۆخەكەو بڕیاری لیژنەكەن.

پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.

لە 27ی مانگی رابردوو بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو.

دواترو لەڕۆژی دووی ئەم مانگە کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کردو چوار هاووڵاتی کورد شەهیدبوون و 16 کەسی تریش برینداربوون.

لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە.

لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی، کەژمارەیان 33 بارەگایە، راگرت.

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، پارتی پاشەكشەی لەو هەڵوێستەی كردووەو لەئێستادا دۆسیەی كردنەوەی بارەگاكەی لەكەركوك داخستووە، لەوبارەوە دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، بەهاوڵاتی وت، «بەشێوەیەكی كاتی وازمان لەداواكەمان هێناوە، نامانەوێت پشێوی و ئاڵۆزی زیاتر دروست ببێت، ئێمە بەشێوەیەكی مەدەنی داوای خۆمان كردووەو مافێكی ئاسایی خۆمانە وەك حزبێك بارەگامان لەو شارەدا هەبێت».

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە لەژێر فشارێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی، پارتی لەو هەڵوێستەی پاشەكشەی كردووەو ئەو بریارە بەناچاری دراوە، لەوبارەوە لەتیف فاتیح فەرەج نوسەرو رۆژنامەنوس بەهاوڵاتی وت، «فشاری عێراق و توركیاو خەڵكی تریش بۆسەر پارتی هەبوو، بۆیە ئەو حزبە بڕیاریدا پاشەكشە بكات، جگەلەوەش كەركوك ئەوە ناخوازێت لەئێستادا پشێوی تیا دروست ببێت، كەركوك پێویستی بەئارامی هەیەو ناكرێت بەو جۆرە كێشەی بۆ دروست بكرێت».

لەناوخۆی پارتیشدا، ناڕەزایی هەبووەو بەشێك لەسیاسی و رۆشنبیرەكانی ئەو حزبە پێیان وابووە كە پارتی كەوتۆتە هەڵەوەو داواكاری كردنەوەی بارەگا نیشانەی بچوكبوونەوەی حزبەكەیە، لەوبارەوە لەتیف فاتیح فەرەج بەهاوڵاتی وت «جگە لەو فشارانە، لەناو خودی پارتیشدا هەڵوێستەیەك كرا، ئەگەر ئاگاداربن كادری پارتی رەئی وابووە ناكرێت لەداواكاری كەركوك دڵی كوردستانەوە بێیتە سەر ئەوەی داوای بارەگایەك بكەیت. تۆ هەموو كەركوك هی تۆیە نەك تەنها بارەگایەك، رۆژنامەنووسێكی پارتیش بڵاویكردەوە كە هەموو ماڵێكی كەركوك دەكرێت ببێتە بارەگای پارتی نەك تەنها داوای كردنەوەی بارەگایەك بكەیت».

لەكاتی پشێوییەكانی كەركوك، بەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەك راسپێردرا بۆ بەدواداچوون و چارەسەری كێشەكان، بەڵام تا ئێستا لیژنەكە هیچ بڕیارێكی نەداوەو پارتیش چاوەڕێی ئەوە دەكات، لەوبارەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «ئێمە چاوەڕێی بڕیاری لیژنەكەین، چونكە وەك چۆن بڕیاری چۆڵكردنی بارەگاكان دراوە، دەبێت بەهەمان شێوەش بڕیاری كردنەوەی بارەگاكەی ئێمەش بدرێت، ئەنجا ئێمە بۆ ئەوەی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز نەبێت، بۆیە ویستومانە بەشێوەیەكی ئاسایی و یاسایی بڕۆینەوە كەركوك. پاش گەڕانەوەمان بۆ كەركوك سەرەتایەكە بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری هەڵبژاردن بكەین و كاریگەریمان هەبێ و سەنگی كورد زیاتر بكەین لەشارەكەدا».

پاشەكشەی پارتی لەهەڵوێستەكەی، گوڕوتین و پەرۆشی كوردانی شارەكەی خامۆش كرد، كە لەسەرەتای كێشەكانەوەو بەهەڵوێستێكی نیشمانیانەوە لەگەڵ داواكارییەكەی پارتیدا بوون، بەڵام سەركردەیەكی یەكێتی پێی وایە كەئەوەی روویدا سیناریۆ بوو. ئامانج لێی كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بوو بۆ هەڵبژاردنەكان و هاووڵاتیان قوربانیەكەیان دا، دڵپاك تاهیر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەهاوڵاتی وت «ئەوەی روویدا بۆ مەرامێكی سیاسی بوو، هیچ ئامانجێكی نەتەوەیی لەپشت نەبوو، ئێمە دەمانزانی كەهەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پشێوی شارەكە بشوێنێت، تا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سودی لێوەربگرن».

پێشتریش راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بڵاویكردەوە كە لەناو ئاوەڕۆی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك چەندین لاشە دۆزراوەتەوە، كە گومان دەكرێت پاش ئەشكەنجەدان تیرۆركرابن، بەڵام پارتی رەتیدەكاتەوە، دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان بەهاوڵاتی وت «هیچ بنەمایەكی نییەو ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بۆ ناشرینكردنی وێنای كورد و پارتییەو دەیانەوێت بەو رێگەیە بەربەست لەبەردەم بڕیاری گەڕانەوەمان دروست بكەن».

پاش رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر، پارتی لەكەركوك كشایەوەو بڕیاریدا تا رزگاكردنی یەكجاری شارەكە، نەگەڕێتەوەو هیچ بارەگایەك نەكاتەوە. بەڵام ئەو حزبە لەبڕیارەكەی پاشگەزبووەوەو لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە داوای گەڕانەوەو وەرگرتنەوەی ئەو بارەگایە دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار