رۆژنامەیەکی ئەمریکی رێککەوتنێکی ئیسرائیل و هێزەکانی غەززە ئاشکرا دەکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژنامەیەکى ئەمەریکى نوێترین پێشهاتى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و حەمماس ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ نزیکن لەوەى رێک بکەون.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس گەیشتون بە رێککەوتنێکی سەرەتایی لە بارەی ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگر بەست، بەڵام کۆشکی سپی ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە.
لە رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە ئیسرائیل و بزوتنەوەی ئەماس گەیشتون بە رێککەوتنێک کە ئازادکردنی دەیان ژنان و منداڵی بارمتە لە خۆدەگرێت، لە بەرامبە ئازدکردنیشیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئاگربەست رادەگەیەنرێت.
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ئازادکردنى دیلەکان بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتو دەستپێبکات و ئەگەرى هەیە لەمڕێیەوە گرژییەکانى غەززە تا رادەیەک کەم ببێتەوە، ئەگەر بێتو ئیسرائیل و حەمماس بەپێى رێککەوتنە شەش لاپەڕەییەکەى نێوانیان هەڵسوکەوت بکەن.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، رێککەوتنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی دیکە ئەنجامدەررێت.
بەڵام وتەبێژانی کۆشکی سپی دەڵێن، "ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس هێستا نەگەیشتون بە رێککەوتنی راگرتنی ململانێ چەکدارییەکان بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام ئەمریکا لە نێوەندگیری تایبەت بەو پرسە بەردەوامە."
ئەمڕۆ 43 رۆژە، شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەمماس بەردەوامە بەوهۆیەوە تا ئێستا 12 هەزار و 300 کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە پێنج هەزاریان منداڵن و سێ هەزار و 300 ژن، جگە لەوەش 30 هەزار کەسیش بریندارن.