كابینەی نۆ ژمارەیەك پڕۆژەی كابینەكانی پێشوو وەك دەستكەوتی خۆی هەژمار دەکات

6 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، كارو چالاكییەكانی وەزارەتەكە لەسەرجەم سێكتەرەكانی تایبەت بەوەزارەتەكەی بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو بەنداوانەی كەوەزارەتەكە دەڵێت كابینەی نۆیەم تەواوی كردوون زۆرینەیان لەسەردەمی كابینەكانی پێشوودا بودجەیان بۆ تەرخانكراوە، بەشێكی زۆریشیان هەر لەكابینەكانی پێشوودا تەواوكراون، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە بەدەستكەوتی كابینەی نۆیەم لەقەڵەمدراون.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٩ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنرا و وەزیرەکانی کابینەکە سوێندنی یاساییان لە پەرلەمان خوارد و دەستبەکاربوون.

وەک لە ئامارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەردەکەوێت، بەشێکی زۆر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی پێشتردا بەردی بناغەیان دانراوە و تەنانەت هەندێکیان لەپێش کابینەی نۆیەمەوە تەواو بوون بەجۆرێک ١٤ بەنداو لە پێش ساڵی ٢٠١٩ تەواو بووە کە پێش پێکهێنانی کابینەی نۆیەمە، بەڵام بە دەستکەوتی کابینەی نۆیەم هەژمار کراوە.

لەو ١٤ بەنداوە لە سنوری پارێزگای هەولێر چوار بەنداو، لە سنوری پاریزگای سلێمانی سێ بەنداو، لە سنوری پارێزگای دهۆک یەک بەنداو و لە سنوری ئیدارەی گەرمیان شەش بەنداو بە دەستکەوتی کابینەی نۆیەم هەژمار کراون.

بەشێك لەئامارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بەمشێوەیەیە كەتێیدا باس لەبەنداوەكان دەكات

بەنداوەكانی سنووری پارێزگای هەولێر:

١- بەنداوی جەلی لەكۆیە، بەگوژمەی ١٠ ملیارو ٧٢٩ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار دینار لە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٣ تەواوبووە.

٢- بەنداوی دێگەڵە لەكۆیە، بەگوژمەی شەش ملیارو ٢٣٧ هەزارو ١٨٥ هەزار دینار لە شەشی كانوونی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٤ تەواوبووە  .

٣- بەنداوی حەمادۆك لەكۆیە، بەگوژمەی چوار ملیۆن و ١٤٢ هەزارو ٤٢٥ دۆلار لە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ تەواوبووە.

٤- بەنداوی كۆدەڵە لەدەشتی هەولێر، بەگوژمەی دوو ملیارو ٧٧٤ ملیۆن و ٢٦٩ هەزار دینار لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٥ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە.

٥- بەنداوی چەمرگە لەدەشتی هەولێر، بەگوژمەی سێ ملیارو ٧٥٧ ملیۆن و ١٩٢ هەزار دینار لەپێنجی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ تەواوبووە.

بەنداوەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی:

١- بەنداوی شیوەسوور لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ١١ ملیارو ٥٨٥ هەزارو ١٦٠ دینار لەحەوتی نیسانی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە.

٢- بەنداوی هەشەزینی لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی سێ ملیارو ٨٦٤ ملیۆن و ١٣١ هەزارو ١٥٢ دینار لەسێی شوباتی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ تەواوبووە لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە.

٣- بەنداوی چەمی سمۆر لەقەرەداغ، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٤٤٢ ملیۆن و ٨٢٣ هەزارو ٨٣٦ دینار لەسێی تەموزی ٢٠١٢ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ تەواوبووە.

٤-  بەنداوی دێوانە لەقەرەداغ، بەگوژمەی ٢٦ ملیارو ٢٨٠ ملیۆن و ١٠٠ هەزارو ٩٠٠ دینار لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو تەواوبوونی تائێستا لەپڕۆسەدایە.

بەنداوەكانی سنووری پارێزگای دهۆك:

١- بەنداوی بێدۆهی لەدهۆك، بەگوژمەی ١١ ملیارو ٧٨٧ ملیۆن و ٥٣٤ هەزار دینار لە ٢٣ی شوباتی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢١ی ئابی ٢٠١٤ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە.

٢- بەنداوی خەنەس لەشێخان، بەگوژمەی نۆ ملیارو ٢١٨ ملیۆن و ٤٨٦ هەزارو ٧٥٠ دینار لە١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تەواوبووە.

بەنداوەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان:

١- بەنداوی باوە شاسوار لەكفری، بەگوژمەی هەشت ملیارو ١٩٠ ملیۆن دینار ساڵی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١١ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا تەواوبووە.

٢- بەنداوی حەسەن كەنووش لەگەرمیان، بەگوژمەی دوو ملیۆن و ٤٤١ هەزارو ١٤٥ دۆلار لە ١٤ی ئابی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٣ تەواوبووە .

٣- بەنداوی هەڕاوە لەچەمچەماڵ، لەنۆی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٩ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١١ تەوابووەو گوژمەی تەواوبوونەكەی نادیارە، لەسەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمدا بەردی بناغەی دانراوەو هەر لەسەردەمی كابینەی شەشەمیشدا تەواوبووە.

٤- بەنداوی قادركەرەم لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی چوار ملیۆن و ٦٢٣ هەزارو ٢٠ دۆلار لە٢٧ی كانوونی یەكەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی نیسانی ٢٠١٥ تەواوبووە.

٥- ئاوە سپی لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ١٥ ملیۆن و ٩٢٨ هەزارو ٩٧.١٠٢ دۆلار لەسێی تشرینی یەكەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥ تەواوبووە.

٦- بەنداوی ویری قادركەرەم لەكفری، بەگوژمەی ٩٨٦ ملیۆن و ٧١٧ هەزار دینار لە حەوتی نیسانی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانراوەو لەنۆی تەمموزی ٢٠١٥ تەواوبووە.

٧- بەنداوی توەجار لەكەلار، بەگوژمەی پێنج ملیارو ٨٠٠ ملیۆن دینار لەپێنجی ئایاری ٢٠١٢ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٢ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تەواوبووە.

لەسەر ئەم پرسە هاوڵاتی پەیوەندی بەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە كرد تا لەهۆكاری ئەوە بپرسن بۆچی ئەم پڕۆژانە بەدەستكەوتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەقەڵەمدراون، بەڵام هیچكامێكیان وەڵامیان نەدایەوە.

هاوكات، چەند بەنداوێكیش كەژمارەیان ١٤ بەنداوە تائێستا لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان، بەڵام هیچكامێكیان بەرواری تەوابوونیان لەسەر نییە لەكاتێكدا لەكابینەكانی پێشوودا بەردی بناغەیان دانراوە، ئەوانیش:

ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای هەولێر كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان:

١- بەنداوی گۆمەسپان لەشەقڵاوە، بەگوژمەی ٩٥ ملیارو ٢٨ ملیۆن و ٧٨٢ هەزار دینار لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە.

٢- بەنداوی ئاقوبان لەشەقڵاوە، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٩٥٥ ملیۆن و ١٨٤ هەزارو ٦٨٦ دینار لەپێنجی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە.

٣- بەنداوی شەوگێر لەكۆیە، بەگوژمەی پێنج ملیارو ٦٣٠ ملیۆن و ١٦ هەزار دینار لە ١٨ی ئاداری ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە.

٤-بەنداوی بانووی تاڵەبان لەكۆیە، بەگوژمەی هەشت ملیارو ٩٨٦ ملیۆن و ٦١ هەزارو ٥٥٣ دینار لەشەشی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوە، لەیەكی نیسانی ٢٠١٤وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

٥- بەنداوی نازەنین لەكۆیە، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٩٣٥ ملیۆن و ٩٠٨ هەزارو ٤٢٤ دینار لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوە ، بەپێی نوسراوی ژمارە ٢٠١٣ لەیەكی ئاداری ٢٠٢٣ جەخت لەكۆمپانیا كراوە بۆ دەستبەكاربوونەوە لەنزیكترین ماوەدا. 

ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای سلێمانی كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان:

١- بەنداوی سورقاوشان لەدوكان، بەگوژمەی ١٣ ملیارو ٣٤٥ ملیۆن و ١٤٠ هەزارو ٨٨٠ دینار لەدووی حوزەیرانی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٤وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

٢- بەنداوی زەلان لەشارباژێڕ، بەگوژمەی ٢٥ ملیارو ١٧٥ ملیۆن و ٢٨٠ هەزارو ٣٢٨ دینار لەدووی شوباتی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی ئابی ٢٠١٥وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

٣- بەنداوی چەقچەق دوو لەناوەندی سلێمانی، بەگوژمەی ١٦ ملیارو ٨٩ ملیۆن و ٩٧٥ هەزارو ٧٠ دینار لە١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی كانوونی دووەمی ٢٠١٦وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

٤- چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان، بەگوژمەی دوو ملیارو ٢٣٦ ملیۆن و ٤٥٨ هەزارو ٤٩٠ دینار لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بەردی بناغەی دانراوەو لەنۆی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای دهۆك كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان:

١- بەنداوی صینە دوو لەئامێدی، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٢٦٣ ملیۆن و ٦٠ هەزارو ٧٠٠ دینار لەسێی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە.

٢- بەنداوی گەلی بەنداوا لەسێمێل، بەگوژمەی حەوت ملیارو ١٨٧ ملیۆن و ١٩٦ هەزارو ٧٥٠ دینار لە ٢٨ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە.

ئەو بەنداوانەی سنووری ئیدارەی گەرمیان كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان:

١- بەنداوی باوەنوور لەكەلار، بەگوژمەی ٢٤٤ ملیارو ٢٣٢ ملیۆن و ٥٠ هەزارو ٦٦٦ دینار لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی تەمموزی ٢٠٢٠ كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە.

٢- بەنداوی باسەڕە لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ٩٨ ملیارو ٦٠٥ ملیۆن و ٢٨٠ هەزارو ٦١١ دینار لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

٣- بەنداوی خۆرنەوازان لەكفری، بەگوژمەی ١٦ ملیارو ٥٠٨ ملیۆن و ٥٢٩ هەزارو ٧٩٥ دینار لە ٢٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە.

چەند پڕۆژەیەكیش تەنها دیراسەو دیزاینیان تەواوبووەو نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەك دەستكەوتی كابینەی نۆیەم هەژماركراوان، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەشبوون:

١- پارێزگای هەولێر ١٦ پڕۆژە

٢- پارێزگای سلێمانی ١٣ پڕۆژە

٣- پارێزگای دهۆك پێنج پڕۆژە

٤- پارێزگای هەڵەبجە یەك پڕۆژە

٥- ئیدارەی گەرمیان چوار پڕۆژە

٦- ئیدارەی راپەڕین سێ پڕۆژە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار