عەلی خامنەیی: روانگەی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە، جوولەکەو زایۆنیستەکان بخرێنە دەریاوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە وتاردانێکدا جارێکیتر وێڕای پشتیوانیکردن لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا رایگەیاند روانگەی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە کە زایۆنیست و جوولەکەکان بخرێنە دەریاوە.

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتاردانەکەیدا کە لە دیدار لەگەڵ بەسیجییەکان ئەنجامیدا وتی :" کۆماری ئیسلامی رازییە بەوەی ریفراندۆم لە فەلەستین بکرێت و رای خەڵک وەربگیردرێت".

بەدرۆ خستنەوەی بیرۆکەی لەناوبردنی ئیسرائیل و خستنە دەریای زایۆنیستەکان لە لایەن رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی خامنەیی، ساڵانێکی زۆر باسیان لە پێویستی نەمانی ئیسرائیل کردوەو بەڵێنی نەمانی ئیسرائیلیان داوە.

لەوانە ساڵی ٢٠١٩ ، فەرماندەی ئەو کاتەی هێزە زەمینییەکانی سوپای ئێران هەڕەشەی نەمانی ئیسرائیلی کرد و وتی:" لەسەر تەواوی بنکە سەربازییەکانی هێزە زەمینییەکانی سوپا، رۆژژمێری لەناوچوونی ئیسرائیل دانراوە.

هەروەهاعەلی خامنەیی ساڵی ٢٠١٥ وتبووی :" ئیسرائیل ٢٥ ساڵی داهاتوو نابینێت"و دوای ئەو قسانەی خامنەیی رۆژژمێری نەمانی ئیسرائیل لەبەشێک لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ژمارەیەک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکان دانرا.

خامنەیی، لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووهەم، هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی بە (گەردەلوولی الاقصی) ناوبرد و وتی :" هەرچەن ئەم هێرشە دژی ئیسرائیل بووە، بەڵام ئامانجەکەی لێدان بووە لە  ئەمریکا ".

ئەمریکا و یەکیەتی ئەورووپا حەماسیان لە لیستی گرووپە تیرۆریستەکان داناوە.

خامنەیی لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتی:" هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل توانی خشتەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکبدات و بە ئومێدی خوا درێژەی ئەبێت و خشتەکە ئەسڕێتەوە".

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەروەها هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی بە یەکێک لە "ناوکەکانی بەرگری لە هەموو دونیا " ناوبرد و وتی :" ئەمە هەمان بەسیجە، بەسیجی ئێمە نییە، بەسیجی خۆیانە، بەڵام هەمان کەلتوورە".

خامنەیی ٣ رۆژ پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم، هێرشی توندی کردە سەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوەو بە قومار لەسەر گای دۆڕاو ناوی برد و وتی :" بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین بە زووترین کات بە ئامانج ئەگات".

زۆر کەس ئەم وتانەی خامنەیی وەک فەرمان بۆ حەماس ناوبرد و هێرشی حەماسیان گرێ دایەوە بە قسەکانی خامنەییەوە. عەلی خامنەیی ٣ رۆژ دوای هێرشەکە و رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، لە وتاردانێکیدا بۆ هێزە سەربازییەکان، ئەوەی رەت کردەوە ئێران دەور و نەخشی هەبێت لەم هێرشەدا و رایگەیاند حەماس سەربەخۆیانە ئەم کارەی کردوە.

هەڵبەت خامنەیی ئەوەی راگەیاند کە ئەوان پشتیوانی خەباتی فەلەستینن ، بەڵام هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم کاری خودی فەلەستینییەکانە و ئەوانەی ئەیانهەوێت گرێی بدەن بە کۆماری ئیسلامیەوە دەیانهەوێت وەها پاساو بۆ شکستی خۆیان بهێننەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار