"ئۆپۆزسیۆنێکی رامکراو"؛ بۆچی لەهەرێمی کوردستان خۆپیشاندان‌ و ناڕەزایەتییەكان بێ ئەنجامن

3 مانگ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

دوای زیاتر لە 12 ساڵ لەخۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات كە لەسلێمانییەوە لەژێر كاریگەری خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی سەریهەڵدا هێشتا ناڕەزایەتیەكان لەهەرێمی كوردستان بەردەوامن، بەڵام ئەوكات بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بوون و ئێستاش بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكان، چاودێرێكی سیاسی پێی وایە هۆكاری بێئەنجامبوونی خۆپیشاندانەكانی ئێستا ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنێكی رامكراو دروستبووە، پەرلەمانتارێكی پێشووتریش دەڵێت «ئەم دەسەڵاتدارانە تا نەڕووخێندرێن بەئاگا نایەنەوە»، رۆژنامەنوسێكیش پێی وایە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا خزمەت بەئەجێندای دەسەڵات دەكەن.

رۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2011 تۆڕی بەرگری لەماف و ئازادییەكانی خەڵك لەسلێمانی داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لەشۆڕشەكانی تونس و میسرو فشار خستنەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی  كرد .خۆپیشاندانەكان لە رۆژی 17ی شوبات ئەنجامدرا و زیاتر لەدوو مانگ بەردەوامبوون سەرئەنجام هیچ چاكسازییەك ئەنجامنەدراو خۆپیشاندانەكەش چەند قوربانییەكی لێكەوتەوە، جگە لەوەی ئەو كەسانەی دەستیان هەبوو لەكوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران هیچ سزایەك نەدران.

بەپێچەوانەی ناڕەزایەتیەكان لەهەرێمی كوردستان كە تائێستا بێئەنجام بوون، بەهاری عەرەبی لەسەرەتا بزوتنەوەیەكی گەورەی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە بوو لەكۆتاییەكانی ساڵی 2010و سەرەتای ساڵی 2011 سەریانهەڵدا، ئەویش لەژێر كاریگەری شۆڕشی تونس كە بەهۆی خۆسوتاندنی محەمەد بوعەزیزی سەریهەڵداو توانی ببێتەهۆی رووخاندنی رژێمی زەینولعابدینی سەرۆكی پێشووی تونس، دواتریش ئەو شۆڕشە درێژەی كێشاو لەزۆر وڵاتی دیكە وەكو میسرو لبییا ئەنجامی هەبوو، بەپێچەوانەشەوە لەچەند وڵاتێكی دیكە گۆڕانكاری ئەوتۆی دروستنەكرد.

ئەو هۆكارانەی لەو  وڵاتانە بۆ بەرپابوونی شۆڕش و ناڕەزایی هەبوون وەك گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابوری و سەركوتی سیاسی و مەدەنی لەئێستادا بەڕای چاودێران و رۆژنامەنوسان بەزیادەوە لەهەرێمی كوردستان هەن.

لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان خواست و داواكاری خەڵك لەچاككردنی سیستم و جیاكردنەوەی حزب لەحكومەت پاشەكشەی كردووە بۆ نان، بەڵام خواستە سەرەكییەكانی خەڵك هەر ماوەو لەبیر نەكراوە، ئەمەش ترسی لەخۆپیشاندان لای دەسەڵات كردووەتە پلان بۆیە رێگاكانی ئەنجامدانیان بەرتەسككردووەتەوە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لێدان و گرتنی چالاكوان و مۆڵەتنەدان بەخۆپیشاندانی هێمنانە کەمبووەتەوە، تەنانەت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین راپۆرتیان لەسەر بەرتەکسبوونەوەی ئازادییەکان لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.

سزادانی پێنج چالاكوانی خۆپیشاندانەكان لەسنوری بادینان لە رۆژی 16ی شوباتی 2021 بەپێی مادەی یەكەم لەیاسای ژمارە 21ساڵی 2003 واتە( سیخوڕی )كردن، پێدانی ئەو هۆشدارییەی دەسەڵاتە بەگوێی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت شەقام بجوڵێنن.

ئومێد قەرەداغی نووسەر لەسەر سزادانی خۆپیشاندەران و چالاكوانی مەدەنی باس لەبڵاوكردنەوەی ترس دەكات لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوەو ئەو دەڵێت: لەگەڵ راپەڕینی خەڵكی كوردستان لەبەهاری 1991و دواتریش دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، ئومێدمان هەبوو كۆمەڵگایەك لەدایك ببێت كەترس تیایدا رەگەزی سەرەكی نەبێت، كەئامرازەكانی بەرهەمهێنانی ترس كۆتاییان پێبێت و كۆمەڵگای ئازادو مرۆڤی ئازادی جێگای بگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە راستیەكە ئەوەیە لەهەرێمی كوردستاندا ، كۆمەڵگای ترس وەك بەدیلی كۆماری ترس هاتووەتە ئاراوە.

ئومێد لەپەیوەست بەسزادانی ئەو گیراوانە وەك ئامانجی بڵاوكردنەوەی ترس دەشڵێت: ئەمە لەڕاستیدا دروستكردنی كۆمەڵگای ترسە، دروستكردنی كۆمەڵگایەكە كە لەسەر بناغەی هێز راوەستاوەو ئامانجی دروستكردنی تاكێكە كە لەهەموو شت بترسێ ، تەنانەت لەگروپێكی ماسنجەرو كۆمێنتێكی فەیسبوك.

عەبدوڵا مەلا نوری، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خۆپیشاندان لەڕابردووشدا ئەنجامێكی زۆر گەورەو دڵخۆشكەری نەبووە، بەڵام نەبوونی ئەنجام هەرگیز ناكاتە ئەوەی مرۆڤ لەچالاكی مەدەنی و جەماوەری بێهیوا بێت.

وتیشی: «كارێكی سروشتییە لەسایەی ئەم حوكمڕانییەی هەرێمدا گوێ لەجەماوەر نەگیرێت، چونكە لەڕاستیدا ئەوانەی كەحوكمڕانن هیچ مەرج و بنەمایەكی ئەخلاقی حوكمڕانییان تێدا نییە، روون و راشكاو ئەمانە كۆمەڵێك خەڵكی گەندەڵ و هیچن كەحوكمڕانی دەكەن».

«بۆیە ئەوانە تا ئەم ساتە، لەزمانی خەڵك لەبەدبەختی و كێشەكانی خەڵك تێناگەن و توانای چارەسەریشیان نییە تەنها ئەوكاتەی كەدەڕوخێنرێن بەئاگابێنەوە». ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان وای وت.

ئارام سەعید نووسەرو چاودێری سیاسی پێی وایە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا رامكراون

ئارام سەعید بەهاوڵاتی وت:» هەمومان دەزانین داواكانی مامۆستایان رەوایەو مافی خۆیانە بۆ داواكاریەكانیان بایكۆت بكەن، بەڵام هۆكاری سەرەكی وەڵامنەدانەوەی دەسەڵات بەبایكۆتی مامۆستایان ئەوەیە مامۆستایان هەر بەتەنها خۆیانن و ئەمەش كارناكاتە سەر دەسەڵات و پێگەی ئابوری و بەمشێوەیە چەند بەردەوام بێت كێشە بۆ دەسەڵاتێك دروست ناكات كەباكی بەپەروەردەو بژێوی مامۆستایان نیە، بەڵام ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران و كاسبكاران و تووێژەكانی تر پێكەوەبن و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت و كار لەئابوریان بكات ئەوە دەبێتە مەترسی و ئەوكات سەركوت و رێگرتن و دیوە راستەقینەكەی دەسەڵات دەستپێدەكات و دەردەكەوێت».

ئارام سەعید وتیشی:» رەفتارەكانی دەسەڵاتی سیاسی دیارو روونە ئەگەر تووێژێكی وەك مامۆستا بەتەنها بێت ئەوا هیچ رێگریەكیان لێناكەن بەڵام ئەگەر خوێندكاران و فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانەی رۆژانە پارە بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە بچنە پاڵ مامۆستایان ئەوكات كاریگەری گەورە دروستدەكەن و دەسەڵات ناچاردەكەن بەوەڵامدانەوەیان».

«سەبارەت بەئۆپۆزسیۆنیش تائێستا پشتگیری دەكەن، بەڵام تێڕوانینێكی راشكاوانە نیەو ئەوەی دەیبینین لەڕاگەیاندنەكانیانەوە پشتگیرییەو ئەمەش پێناچێت هیچ ئاكامێكی هەبێت، مامۆستاش كاتێك پشتگیری ئۆپۆزسیۆن دەكات كەدڵنیابێت لەوەی بەرنامەكەیان گۆڕانكاری دروستدەكات، ریسك ناكەن بەوەی جارێكی تر وەك گۆڕان بێئومێدیان بكاتەوە، چونكە بەشێكی زۆری ئۆپۆزسیۆن خۆیان بەبەدیلی دەسەڵات نازانن و بوونەتە هاوپەیمانێكی سیاسی دەسەڵات، دەسەڵاتی سیاسیش ئەو رووبەرەیان پێدەبەخشێت لەناڕەزایی، ئەمەش لەسیاسەتدا پێی دەگوترێت توانای گۆڕینی هێزی بەرەنگاربوونەوە بەئۆپۆزسیۆنی رامكراو». ئارام سەعید وای وت.

ئیحسان فواد،  رۆژنامەنوس و چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنییە، پێی وایە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا خزمەت بەئەجێندای دەسەڵات دەكەن

ئیحسان فواد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەر مەسەلەی مووچە لەدوای 2014وە خۆپیشاندان ئەنجامدراوە ئەگەرنا پێشتر لە 1991ەوە ناڕەزایی هەبووە، دەیان خۆپیشاندان كراوە لەكابینەكانی رابردوو، بەڵام هیچ لەدۆخەكە نەگۆڕاوە، كێشەكە ئەوەیە ئەگەر پەیامیش نەگات دەبێت بەردەوامبێت».

ئەو چالاكوانە مەدەنییە دەشڵێت:»خەڵك دەزانێت داهاتی ناوخۆ هەیەو حكومەت توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە بەڵام نایكات، بەهیچ شێوەیەك هیچ بەرپرسێكی حزبی ئامادەنین یەك رۆژ بەبێ دەستكەوتی ماددی دەوام بكەن، بەڵام مەسەلەیەكی دیكە هەیە كەئەویش خۆپیشاندانەكان سەرتاسەری نین».

«خۆپیشاندانەكان هێشتا نەگەیشتووەتە پایتەخت، لەهەر وڵاتێكیش خۆپیشاندان نەگاتە پایتەخت ئەنجامی نابێت، ئەوە هیچ ئۆپۆزسیۆنی ئێستا یان كارتۆنین یاخود ئەجێندای دەسەڵات جێبەجێدەكەن، بەڵام پێشتریش كەئۆپۆزسیۆن هەبوو كاك نەوشیروانیش نەیتوانی ناڕەزایی بگەیەنێتە ئەودیو دێگەڵە، مەسەلە ئەوە نیە دژی لایەنێك بێت، بەڵام پایتەخت گرنگەو كاریگەری هەیە وەك شۆڕشەكان بەتایبەتیش ئەوانەی بەهاری عەرەبی كە لەپایتەختەكانەوە روویداوەو ئەنجامیشی هەبووە». ئیحسان فواد وای وت.

ئەو چالاكوانە پێی وایە «هەموو حزبە ناڕازییەكانی ئێستا كەمووچەخۆریشیان لەحكومەت هەیە نەیانتوانیوە 100 كەس لەپایتەخت كۆبكەنەوەو كاریگەری دروستبكەن، ئەوەش بەشێكە لەپۆپۆلیستیەتی ئەو حزبانە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار