وەرزێکی خوێندن لەسنووری سلێمانی تێپەڕی؛ منداڵان قوتابخانەیان بیرچووەتەوە

5 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

وەرزێكی خوێندن لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین تێپەڕی، بەشێوەیەك بەشێك لەقوتابیان خوێندنیان بیرچووەتەوە، مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن سورن لەسەر بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێت حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە و ئامادەش نییە لەگەڵ مامۆستایان گفتوگۆ بكات.

سێ مانگ بەسەر دەستپێکی وەزری نوێی خوێندن لەهەرێمی كوردستان تێپەڕدەبێت و هێشتا لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، چارەنووسی خوێندن نادیارەو بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن کراوە، بەو هۆیەشەوە ٣٧٩ هەزارو ٨٠٧ قوتابی لەسنووری پەروەردەی سلێمانیدا لەپڕۆسەی خوێندن دابڕاون، دایكی قوتابییەكیش دەڵێت منداڵەكەی پێشتر پرسیاری كاتی كردنەوەی قوتابخانەی دەكرد بەڵام ئێستا بێئومێد بووە.

رۆژی یەکشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەشارەکانی سلێمانی و کەلارو چەمچەماڵ و قەڵادزێ و پێنجوێن و سەیدسادق خۆپیشاندانی بەرفراوانی فەرمانبەران و مامۆستایان و وانەبێژان بەڕێوەچوو، بۆ داواکردنی موچەو شایستە داراییەکانیان.

عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: تائێستا هیچ بڕیارێکی نوێ سەبارەت بەپڕۆسەی خوێندن نییەو لەسەر رێڕەوو کاری خۆمان بەردەوامین و درێژە بەناڕەزایەتییەکان دەدەین.

هەرچەندە دوو رۆژ ماوە تامانگی کانوونی یەکەم بگاتە نیوە، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی ئابیان وەرگرتووە لەکاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق موچەی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ٣٧٩ هەزارو ٨٠٧ قوتابی لەناوەندەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانیدا دەخوێنن بەم شێوەیە: ١٦ هەزارو ٤٠٦ قوتابی باخچە، ٢٨٤ هەزارو ١٥٤ قوتابی بنەڕەتی، چوار هەزارو ٨٦٦ قوتابی دواناوەندی، ٦٨ هەزارو ٨٦٧ قوتابی ئامادەیی، ٩٥١ قوتابی فێرکردنی خێرا، سێ هەزارو ٦٣١ قوتابی پیشەیی، ٥٤٥ قوتابی کۆمەڵگەکان و ٣٨٧ قوتابی نەهێشتنی نەخوێندەواری.

داخستنی قوتابخانەکان زیاتر بەلای قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتییەوە مایەی نیگەرانییە بەتایبەتی ئەو قوتابیانەی کەبڕیاربوو بۆ ئەمساڵی خوێندن قوناغی یەکەم بن، بەوتەی دایکێک کەمنداڵەکەی لەپۆلی یەکەم ناونووس کردووە دەڵێت: « لەکاتی پشووی هاوینەوە تامانگی یانزەش پرسیاری کردنەوەی دەرگای قوتابخانەی دەکرد بەڵام ئێستا نایکات.»

كانی جەمال، دایکی ئەدا، کەپیشەی مامۆستایەو دایکی قوتابییەکی پۆلی یەکی بنەڕەتییە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: کاتی پشووی هاوین منداڵەکانمان چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بوون، تا کۆتایی مانگی یانزەش پرسیاری کردنەوەی قوتابخانەیان دەکرد، بەڵام ئێستا وازیانهێناوەو بێئومێدبوون، سێ قوتابیم هەیەو یەکێکیان دەوام دەکات لەپۆلی ١٢یە،  ئەویش بەدوودڵی و دیارنەبوونی ئایندەی تەنها ئەوەیە دەڕوات و دەچێت هەستەکەم ئومێدی لەدەستداوە.

ئەو مامۆستایە وتی: منداڵەکانم بەیاریکردن و کتێب خوێندنەوەوە چوونە دەرەوەو تێکەڵی هاوڕێکانیان و ئامێرە زیرەکەکان کاتەکانیان بەسەردەبەن، من یەکێکم لەو دایکانەی کە لەکاتی قوتابخانەدا رێگەم نەداوە منداڵەکانم ئامێرە زیرەکەکان بەکاربهێنن و لەکاتی پشووشدا سوورم لەسەر ئەوەی کەدەبێت کاتی بۆ دیاریبکەیت تا بەکاریانبهێنێت، کەقوتابخانە نەکرایەوە بەرنامەکە تێکچوو ئێستا ناچارم ئامێرە زیرەکەکانیان بدەمێ و کاتی پێ بەسەرببەن.

«ئەو منداڵەم کە لەپۆلی یەک ناونووس کردووە وەک قوتابخانە وانەی پێناڵێم، بەڵام رۆژانە بەهۆکاری تر شتی فێردەکەم لەڕێی یاری و نووسین و ڤیدیۆوە، چونکە من لێرە وەک قوتابخانە وانەی پێبڵێم کاتی کردنەوەی قوتابخانە تاقەتی نامێنێ گوێ لەمامۆستا بگرێ، هەروەها ساڵی رابردووش لەباخچە فێری پیتەکان و ژمارەکان بووە بەکوردی و ئینگلیزی.» دایکی ئەدا وای وت.

سەبارەت بەبارودۆخی پڕۆسەی پەروەردە ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد کە لەم بارودۆخەدا تەنها قوتابی زەرەرمەند نەبووە، بەرپرسی سەرەکی لەنەکردنەوەی قوتابخانە دامودەزگاکانی حکومەتن، مامۆستا یەکێکە لەو کارەکتەرانەی لەناو کۆی پڕۆسەی پەروەردەکردن و فێرکردندایە، مامۆستا بەرپرسی سەرەکی نییە.

شیلان ئەحمەد، دایکێکی دیکەیە خاوەنی یەک منداڵە کەتەمەنی شەش ساڵەو لەیەکێک لەقوتابخانە حکومییەکانی شاری سلێمانی ناونووسی کردووە، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: پێش ئەوەی بۆ قوتابخانە ناونووسی بکەم تامانگێک پێش ئێستا رۆژانە پرسیاری کردنەوەی قوتابخانەی دەکرد تەنانەت سەرجەم کەلوپەلەکانی قوتابخانەم بۆ کڕی، بەڵام ئێستا پرسیاری کردنەوەی قوتابخانە ناکات.

وتیشی: بەهۆی نەبوونی قوتابخانەوە رۆژانە کاتێکی زۆر بەبەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و تەلەڤزیۆن و چوونە دەرەوەوە بەسەردەبات و ناشتوانێت بەکتێب خوێندنەوەوە کاتەکانی پڕبکاتەوەو زیاتر دەیەوێت ئامێرە زیرەکەکان بەکاربهێنێت.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە و ئامادەش نییە لەگەڵ مامۆستایان كۆببێتەوە

عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»سەبارەت بەبایكۆت چونكە حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە و كۆبوونەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك ناكات و گوێ ناگرێت وایكردووە بەشێوەیەكی گشتی بایكۆت لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە».

وتیشی:»ئەوەی جێگەی مەترسییە پۆلی 12 یە چونكە لەبەشێك لەشوێنەكان ئەوانیش دەوام ناكەن كە ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە و دواتر تاقیكردنەوەی وزاری قەرەبوو ناكرێتەوە، پرۆسەكە لەتونێلێكی تاریكدایە و ئەوسەری دیار نییە».

«حكومەت ئەگەر ناشتوانێت چارەسەری مووچەی مامۆستایان بكات دەبێت ڕازی بێت مووچەی مامۆستایان بچێتە سەر بەغدا و حكومەتی عێراقیش ئامادەیی تێدایە بۆیە دەبێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت و دواتریش ڕێگەچارەیەك دابنرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی خوێندن تا ئەوزیانەی بەر خوێندن كەوتووە ئەگەر هەمووشی قەرەبوو نەكرێتەوە بەشێكی قەرەبوو بكرێتەوە». عەتا ئەحمەد وای وت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار