واشنتن دەیەوێت جەنگی غەززە لەسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بێت

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا تادێت فشارەکانیان زیاددەکەن بۆ سەر ئیسرائیل کە کۆتایی بەبۆردومانە فراوانەکانی بهێنێت و قۆناغی جەنگ تەواو ببێت، ئیدارەی بایدن پەیامێکی بەگوێی بەرپرسانی ئسیرائیلدا داوە کە «دەبێت لەسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بەجەنگ بێت».

رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، ئیدارەی بایدن و چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەستیان کردووە بەفشار خستنەسەر ئیسرائیل کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئیسرائیل پێگەی خۆی لە «ئۆپراسیۆنی سەربازی چڕ»ەوە بگۆڕێت بۆ هێرشی دیاریکراوو بۆردومانی وردو کوشتنی سەرکردەکانی حەماس.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە گەیشتە ئیسرائیل و جەیک سەڵیڤان، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی کەهەفتەی رابردوو سەردانی ئیسرائیلی کرد، هەردووکیان پەیامێکی روونیان بە بەرپرسانی ئیسرائیل داوە لەسەر ئەو بابەتە.

بەشێوەیەکی ئاشکرا، واشنتن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی ئامانجەکانی ئیسرائیل. دوای سەردانەکەی سەڵیڤان، جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی بایدن پێیوایە «ئەم ململانێیە رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت.» کێربی باسی لەوەشکرد ئیسرائیل و ئەمریکا تاووتوێی گۆڕانکاری جەنگیان کردووە لەئۆپەراسیۆنی چڕەوە بۆ ئۆپراسیۆنی ناچڕ.

دوای کۆبونەوەی لەگەڵ یۆڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئۆستن وتەیەکی کورتی لەسەر کۆبونەوەکەیان بڵاوکردەوەو وتی کە باسیان لەئامانجەکانی جەنگ، قۆناغەکانی داهاتوو و هەروەها پارێزگاریکردن لەخەڵکانی مەدەنی کردووە.

رۆژنامەی هائارتز لەزاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیل کە لەسەر کۆبوونەوەکە زانیاری پێدراوە دەڵێت کەوەزیری بەرگری ئەمریکا ئەوەی بەڕاشکاوی گەیاندووە کە قۆناغی ئێستای جەنگ، کەتێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لەقوڵایی غەززە خەریکی ئۆپەراسیۆنی چڕن و زیانێکی زۆریان گەیاندووە، دەبێت تاسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بێت.

پێش ئەوەی بگاتە ئیسرائیل، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا وتی لەئەزمونی وەزیری بەرگری لەئەفغانستان و عێراق پەیوەندیدارە بەو گرێکوێرەیەی ئێستا ئیسرائیل تێیکەوتووە. پێشتر لۆید ئۆستن فەرماندەی جەنگ بووە.

«ئەو دەتوانیت روانگەی گرنگ لەسەر ئەو پرسانە بخاتەڕوو و هەر ئەوەش دەکات. ئەو دەیەوێت قسە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکات سەربارەت بە رێگەشێوازی گۆڕینی قۆناغە جیاوازەکانی جەنگ»، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وای وت.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا بەنهێنی ئەوەیان راگەیاندووە کەدەیانەوێت قەبارەی جەنگ لەماوەی چەند هەفتەیەکدا کەم ببێتەوە.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئەوەیان بۆ رۆژنامەکە ئاشکرا کردووە کە جەیک سەڵیڤان فشاری لەسەرکردەکانی ئیسرائیل کردووە کەئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی کەمبکاتەوەو لەغەززەو بەرەو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئامانج بۆدانراو هەنگاو بنێت. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، سەڵیڤان هۆشداری ئەوەشیداوە کە جەنگی درێژخایەن دەبێتە هۆی ئەوەی لەداهاتوودا بەڕێوەبردنی ناوچەکانی فەڵەستین قورس بێت.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە لەدانیشتەنەکاندا ئامادەیی هەبووە ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کەئیسرائیل بێچەندوچوون ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەیەوێت لە «ئامانجەکەی» سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کەگرتنی غەززەو لەناوبردنی حەماسە.

تەنها ئیدارەی بایدن نییە کە ئەم پەیامەی بەئیسرائیل گەیاندووە لە چەندرۆژی رابردوودا بەریتانیاو ئەڵمانیا، کە بەدوو وڵاتی بەرگریکاری سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێن، داوای «ئاگربەستێکی جێگر»یان کرد، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی داواکاری ئەو دوو وڵاتەی نەداوەتەوە. هاوکات واشنتن تاکە وڵاتەکە کەدژی ئاگربەستەو ئەمەش لەدەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکەوت کە لەهەفتەی رابردوودا ئەنجامدراو ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ئاگربەست دا.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییەی کەقسەی بۆ رۆژنامەی هائارتز کردووە، داوای ئاگربەست لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان و رەخنە زۆرەکانی ناو کۆنگرێس لەسەر ئیسرائیل بەئاگاداری ئیدارەی بایدنە.

«بایدن بیر لەم شتانە دەکاتەوەو جارێ بەڕاستەوخۆ نایانڵێت، بەڵام قسە بۆ خەڵکانی تر دەکات و ئەوانیش بەدڵنیاییەوە پەیامەکە دەگەیەنن»، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە کە ناوی نەهاتووە وای وت.

هاوکات سیناتۆر کریس کوونس، کەیەکێک لەنزیکترین هاوپەیمانی بایدن لەکۆنگرێس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرکوەزیرانی ئیسرائیلی بە «هاوبشیکی سەخت» ناوزەند کرد بەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ دژایەتی کۆنترۆڵکردنی غەززە دەکات لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوەو روانگەی بایدن لەسەر چارەسەر دوو دەوڵەتە.

لەهەفتەی رابردوو، کریس کوونس بەکەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی راگەیاند، ناتانیاهۆ «هەموو شتێک دەکات کە لەدەسەڵاتیدا بێت بۆ لەباربردنی روانگەیەکی ئەرێنی سەبارەت بەپرسی ئاشتی بۆ ئیسرائیل».

کریس کوونس کەسیناتۆرێکی دیموکراتی جولەکەیە باسی لەوەکرد کە بایدن «بێزاربووە لەجەنگە بێسنورەکەی بیبی [ناتانیاهۆ]» و هۆشداری ئەوەیدا کەدەبێت «بۆردومانەکان بەشێوەیەکی فراوان سنورداربکرێن ئەگەر نا ئیسرائیل هاوڕێ راستەقینەکەی لەدەستدەدات».

شیکەرەوان گومانیان هەیە لەوەی ئیسرائیل بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەوکاتەی ئەمریکا بۆی دیاریکردووە، بەتایبەتی ئەگەر ناچاربکرێت ئۆپەراسیۆنەکەی تاکۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو سنوردار بکات.

«ئەگەر ئێستا جەنگ کۆتایی پێ بهێنین، ئەوا دەبێتە شکستێکی خراپ بۆ ئیسرائیل»، جیۆرا ئیلاند، جەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئەمەی بە رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ وتووە.

ئیلاند دەشڵێت کەپێیوانییە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و پشتبەستن بەهێرشە ئاسمانی و پەلاماری کۆماندۆیی سەرکەوتوو بێت لەڕیشەکێشکردنی حەماس.

رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند «هێرشی بەئامانجگیراو»ی لە خان یونس ئەنجامداوەو بنکەیەکی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی حەماسی دۆزیوەتەوە.

حاتم سالم، کە لەگەڕەکی ئەلدەراج لەغەززە دەژی بەرۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی راگەیاندووە کە چەندرۆژی رابردوو زۆر سەخت بووە بۆ ئەو دانیشتوانانەی غەززە کە ماونەتەوەو نەڕۆیشتوون.

«گولـلەتۆپی تانکەکان نە بەڕۆژ نە بەشەو نەوەستاون، ئێمە لیرە دەژین بچین بۆ کوێ؟ سوپای ئیسرائیل پەیام دەنێرێت بۆ خەڵک کە بچن بۆ پەناگەکان، کام پەناگانە؟»، سالم وای وت.

بەپێچەوانەی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیلی داناوە بۆ کۆتایهێنان بەجەنگ، جەنەڕاڵەکەی پێشووی سوپای ئیسرائیل پێیوایە جەنگ درێژە دەخایەنێت.

«لەئێستادا، پێموانییە نزیک بین لەسەرکەوتن لە خان یونس، رەنگە چەند هەفتە یان زیاتری پێبچێت»، جیۆرا ئیلاند وای وت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار