هاوڵاتی زانیاری نوێ لەبارەی كوشتنی گەنجەكەی دهۆك لەلوبنان ئاشكرادەكات

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی - عەممار عەزیز

ئەو گەنجەی دهۆك كە لەوڵاتی لوبنان لەلایەن چەند كەسێكەوە كوژرا، پێشتر لەسەر روداوێكی كوشتن لەدهۆك ئەو شارەی جێهێشتوەو بۆ كاری بازرگانی سەردانی دوبەیی و لوبنانی كردوەو چەند كەسێكیش بەفێڵ بردویانە بۆ گوندێكی لوبنان و دوای كوشتنی تەرمەكەیان سوتاندوە.
ئازاد ئەحمەد كە گەنجێكی شاری دهۆكە، چەند رۆژێك لەمەوبەر لەوڵاتی لوبنان لەلایەن چەند كەسێكەوە ئەشكەنجە دەدرێت و دوای كوشتنی بەشێكی تەرمەكەی دەسوتێنن.
 بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ هاوڵاتی، كوشتنی ئەو گەنجە پەیوەندی بەڕووداوێكی كوشتنەوە هەیە لەدهۆك كە مانگی شەشی ئەمساڵ ڕویداوەو پۆلیسی ئینتەرپوڵ سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لەڕووداوەكە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەر روداوەكە تایبەت بە هاوڵاتی وت: "لەمانگی شەشی  ئەمساڵ بەهۆی روداوێكی تەقەكردن لەگەڕەكی ئیتیتی دهۆك كەسێك كوژرا، كەسوكاری كوژراوەكەش داوایان لە چەند كەسێك كردوە بكوژی كوڕەكەیان بۆ بكوژن".
"چەند كەسێك ئازاد ئەحمەدیان بەفێڵ بردوەتە گوندێكی لوبنان، یەكەمجار ئەشكەنجەیان داوەو دواتر كوشتویانەو پاشانیش تەرمەكەیان سوتاندوەو دواتر تەرمەكەی لەدارستانێكی لوبنان دۆزراوەتەوە، حكومەتی لوبنانیش تا ئێستا ڕادەستی كەسوكاری نەكردوەتەوە تا كێشەكە یەكلایی دەكرێتەوە" سەرچاوەكە وای وت.
بەپێی زانیارییەكان ئەو گەنجە پاش ڕووداوەكەی دهۆك لەسلێمانی و لوبنان ژیاوەو كاری بازرگانی كردووە، سێ برای ئازاد ئەحمەد لەچاكسازی زركای دهۆكن، دوو برای تریشی لەئەوروپا دەژین. 
سەرچاوەكە وتیشی"ئازاد سەرەتای ئەم مانگە بۆ كار دەچێتە دوبەی، چونی بۆ دوبەی بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارەكانی وەرگرتنی بریكارنامەی براندێك بووە، هەر لەدوبەی پەیوەندیی بە ئەرشەدی برایەوە دەكات و پێی دەڵێت دەیەوێت بۆ دوو رۆژ بچێتە لوبنان و سەردانی هاوڕێیەكی بكات، هەرچەندە براكەی داوا لەئازاد داوای لێدەكات نەچێتە لوبنان و پێی دەڵێت كارەكانت لە دوبەی تەواو بكە، مەچۆ بۆ بەیرووت، بەڵام براكەی سوور دەبێت لەسەر چوون بۆ بەیروت و رۆژی 4-12-2023 لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی (ج.) دەچنە بەیروت".

وەك براكەی باسی دەكات، بڕیاربوو كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بگەنە بەیروت، بەڵام كات تێدەپەڕێت و هیچ هەواڵێكی ئازاد نییە.
ئەرشەد ئەحمەدی برای كە بۆ "ڕووداو" قسەیكردووە ئەوەی خستوەتەڕوو"چاوەڕێ بووم براكەم مۆبایلەكەی بكاتەوە، قسە بكەین لەسەر گەیشتنی بۆ لوبنان، بەڵام هەر ئەو چاوەڕوانییە بوو و هیچم لێی نەبیست، 24 كاتژمێر تێپەڕی و هیچ هەواڵێكی نەبوو، پەیوەندیم بە هاوڕێكەی كرد كە لەگەڵی چوو بوو بۆ دوبەی و ئیمارات، بەڵام وتی ئاگاداری نیم و گەڕاومەتەوە، لە فڕۆكەخانەی بەیرووت ونم كردووە".
براكەی ئازاد بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و گەڕان بۆ چارەنووسی براكەی، بەڵام هیچ شتێكی دەستناكەوێت، رۆژی 8-12-2023 دەچێتە بەیرووت بۆ چارەنووسی براكەی، بۆی دەردەكەوێت كە دوای دەرچوونی لە فڕۆكەخانە، لەگەڵ چەند كەسێك بینراوە، هەرچەندە هەوڵدەدات بگاتە چارەنووسی براكەی، بەڵام هیچی دەستنەكەوتووە، پاشان پارێزەرێكی بۆ دەگرێت و بەدواداچوون بۆ هۆكاری دیار نەمانی دەكرێت.
 ئەرشەد ئەحمەد دەشڵێت: "بۆ چارەنووسی براكەم و بەبڕیاری دادگا دەستكرا بەگەڕان بەدوای ئازاد، پاش نزیكەی 10 رۆژ لە ونبونی، دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەكانی لوبنان پێیانوتین براكەتان كوژراوە."
ڕۆژی 21ی مانگی 12ی 2023 هەواڵی كوژرانی ئازاد لە لوبنان راگەیەنرا، بەڵام بێ ئەوەی تەرمەكەی بدۆزرێتەوە، بەپێی وتەی براكەی دەزگا ئەمنییەكان راسپێردران بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئازاد، پاش هەفتەیەك گەڕان دواجار تەرمەكەی لە گوندی بقەعتوتەی قەزای كەسرەوان لە پارێزگای جەبەل دۆزرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار