سەفەری رەئیسی بۆ تــورکیاو ئەنـجامەکانی

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی  ٢٤ی کانوونی دووهەم ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەرەو تورکیا بەڕێکەوت و سەردانی تورکیای کردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاو ژمارەیەک لەبەرپرسانی تورکیا کۆبووەوە.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران پێش سەفەرەکەی بۆ تورکیا، لەفڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بەمیدیاکانی راگەیاند:» ئەم سەفەرە لەسەر داوای سەرۆککۆماری تورکیاو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی دوو وڵات و هەروەها گفتوگۆکردن بۆ پەرەپێدان بەپەیوەندییە دوولایەنەکانیان و پرسە ئابوورییەکان، رێکخراوە.

رەئیسی لەبەشێک لەقسەکانیدا وتی: پرسی گرنگی ناوچەکە کەموسڵمانەکان و مرۆڤە بەئاگاکانی لەهەموو دونیا نیگەران کردووە، پرسی فەلەستینەو ئێران و تورکیا وەک یەک بیردەکەنەوە لەسەر پشتیوانیکردن لەفەلەستین و بەرگرییەکەیان. هەوڵدراوە بەوەی بۆمبارانەکان رابگیردرێت، بەڵام بەهۆی پشتیوانییەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا لەڕژێمی زایۆنیستی، بەردەوام دەبینین کەژن و مناڵی فەلەستین دەبن بەقوربانی.

رەئیسی هەروەها وتی:» بەستینەکان بۆ پەیوەندی ئێران و تورکیا لەبارەو وەک دوو وڵاتی دراوسێ، هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا وەک وڵاتێکی ئیسلامی دراوسێ هەبێت و پەرە بەپەیوەندییەکانمان دەدەین.

سەرۆككۆماری ئێران و توركیا لەئەنكەرە كۆبوونەوەوەو رێككەوتنێكی 10 خاڵیان لەبوارە جیاوازەكانی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی و رۆشنبیری  واژۆ كرد.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران دوابەدوای سەردانەكەی بۆ توركیا لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاری بڕیارەكانیان رایگەیاند «هەردوو وڵات چەند بڕیارێكی گرنگیان لەبارەی رووبەڕووبونەوەی تیرۆریزمداوە».

 

ئامانجی سەفەرەکە

کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی وڵات تووشی کێشەی قووڵی ئابوورییەو لەهەمانکاتدا ناڕەزایەتییەکان لەناوخۆی ئەو وڵاتە کەم و زۆر بوونی هەیە. مانگرتنی مامۆستایان، کرێکاران و خانەنشینکراوەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ لەپەرەسەندندایە. بەهای تمەن بەرامبەر بەدراوەکانی تر رۆژ لەگەڵ رۆژ لەدابەزینە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی قورسایی ئەم دۆخە ئامادەبوو لەگەڵ تورکیا لەسەر مێز دابنیشێت.

ئەمە جگە لەوەی هەردوو وڵات سەرەڕای کێشەکانیان لەگەڵ یەکتر هەرکات باسی پرسی کورد هاتووە، هاوپەیمان و کۆک بوون. هەر لەپەیمانی سەعدئابادەوە لەساڵی ١٩٣٧ تائێستاکە تورکیاو ئێران ئەوەیان خستۆتەڕوو سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان یەکجۆر روانینیان هەیە بۆ پرسی کوردو هەردوو وڵات کوردو بزووتنەوەکەی بەتیرۆریست ناودەبەن.

بەڵام لەم دیدارەدا پرسی سەرەکی بۆ لایەنی ئێرانی وەک چۆن ئیبراهیم رەئیسی پێش سەفەرەکەی باسیکردبوو، پرسی ئابووری بوو. هەر لەم بوارەدا بەپێی وتەی «حوجەتوڵڵا عەبدولمەلەکی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی ئێران، تاران پێشنیاری سەرمایەگوزاری ٢٠ میلیار یۆرۆی ئامادە کردووە بیخاتە بەردەم تورکیا.

بەڵام میدیا تورکییەکان پرسێکی تریان زەق کردووەتەوە. بەپێی وتەی میدیا تورکییەکان وەستانەوە بەرامبەر بەکوردو بزووتنەوەی کوردستان پرسی سەرەکی باسەکەیان بووەو میدیا تورکییەکان باسکردن لەپرسی کوردیان وەک پرسی تیرۆریزم ناوبردووە.

تورکیا لەچەندمانگی رابردوودا بەردەوام بووە لەهێرشکردن بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پ.ک.ک لەباشووری کوردستان، بەڵام جگە لەوەی نەیانتوانیوە بەوتەی خۆیان پ.ک.ک لەناوببەن، چەندجار لەلایەن گەریلاوە هێرش کراوەتەسەریان و لەنزیک بەدوو مانگی رابردوودا دەیان سەربازیان لەباشووری کوردستان بەدەستی گەریلا کوژراون. ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی تورکیا لێکەوتووەتەوە. تورکیا بۆ ئەم مەبەستە دەستەودامانی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە ئێران بووە بەوەی بەهاوکاری ئێران بتوانێت دژی پ.ک.ک بوەستێتەوە.

ئێرانیش بەهەمانشێوە پرسی کورد وەک پرسێکی تیرۆریستی دەبینێت. لایەنی ئێرانی لەقسەکانیاندا جەخت لەسەر ئەم کێشە هاوبەشەی دوو وڵات دەکەنەوە، بەڵام لایان وایە پەیوەندی دوو وڵات بەرفراوانتر لەم بابەتەیە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران، مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣  لەپەیوەند لەگەڵ هاوکاری ئێران و تورکیادا وتی :» پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیا بەتەواوەتی روون و ئاشکرایە. دوو وڵات لەبواری جیاوازدا پەیوەندی نزیکیان هەیەو هەوڵدەدەین ئەم پەیوەندییە پەرە پێبدەین».

دوو وڵاتی تورکیاو ئێران سەرەڕای ئەوەی کەپەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ یەکتر، کۆمەڵێک کێشەش لەنێوانیاندا هەیە کەچارەسەر نەکراوە. ئەو راگەیاندنەی کەدوای ئەم دیدارە بڵاوکرایەوە دەرخەری کەڵەکەبوونی ئەم رسانەیە. هەروەها یادداشتێکی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەدەماودەمی سەفەرەکەدا لەڕۆژنامەی « میللیەت»ی تورکیا چاپ بوو کەدەرخەری ئەو کێشانەیە کەپێویستە چارەسەربکرێن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەژمارەیەکی زۆر لەو کێشانە کرد کە لەنێوان دوو وڵاتدا بوونی هەیەو پێویستە بڕیاری لەسەربدرێت. ئەو پرسانە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، هەر لەباری کەلتووری و سنووری و سەربازییەوە بگرە تا دەگاتە پرسی ئابووری.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو وڵات کردووەو جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەئێستادا یەکێکە لەسەرەکیترین دابینەکەرانی غازی سروشتی تورکیاو هێڵی بۆری غازی نێوان دوو وڵات لەساڵی ٢٠٠١ەوە یەکێکە لەڕەمزە گرنگەکانی هاوکاری بەردەوامی ئابووری نێوان دوو وڵات.

بەڵام بەوردبوونەوە لەئاستی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ تۆرکیا، ئەوە دەکەوێتە روو، ئەوەی ئێران بەگرنگی دەزانێت بەلای تورکیاوە وەک ساڵانی زووتر گرنگ نەماوەو فرۆشتنی گازی ئیران بۆ تورکیا لەساڵی رابردوودا ٥٠ لەسەد کەمی کردووە. هەر ئەم جیاوازی ژمارەو وتانە، بەشێک لەکێشەکانی نێوان دوو وڵات دەخاتەڕوو.

 

سەرەنجام سەفەرەکە کرا

تورکیاو ئێران وەک دوو وڵاتی دراوسێ کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیەو کۆمەڵێک پرسی هاوبەش هەیە کەکۆیان دەکاتەوە. لەساڵی رابردوودا چەندجار لەمیدیاکانی دوو وڵات باس لەوەکرا کە رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی کردووە سەردانی تورکیا بکات. بەڵام ئەو سەفەرە هیچکات رووینەدا. دوایین جار کەسەفەری بەرنامە بۆداڕێژراوی رەئیسی بۆ تورکیا هەڵوەشایەوە، رۆژی ٤ی کانوونی یەکەم بوو، کە بەهۆی تەقینەوەکانی کرمان کەزیاتر لە ٩٠ کەس تێیدا کوژراو زیاتر لە ٢٠٠ کەس برینداربوون، سەفەرەکە هەڵوەشایەوە. بەڵام بۆ جارەکانی تر نەزانراوە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا چی بووە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا لەمانگی تشرینی دووهەم وتبووی، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەفەرەی رەئیسی بۆ تورکیا ئەوە بووە کەوەزیری دەرەوەی دوو وڵات لەو کاتەدا لەئەمریکا بوون. بەڵام ئەم وتەیەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەڵامێکی گونجاو نەبووە بەلای شارەزایانی سیاسەتی نێونەتەوەییەوە. لەبەرئەوەی لەوکاتەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا بەدرێژایی ئەو هەفتەیەی بەرنامەی سەفەرەکەی رەئیسی بۆ چنرابوو لەدەرەوەی تورکیا بوو، لەبەرئەوەی دەیانتوانی سەفەرەکە لەکاتێکی تردا دابنێن. هەربۆیە شارەزایانی بواری سیاسەتی نێونەتەوەیی و بەتایبەت سیاسەتی دوو وڵاتی تورکیا و ئێران بۆچوونی جیاوازیان هەبوو لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئەو سەفەرەی رەئیسی لەو سەردەمەدا نەکراوە.

لایەنە ئێرانییەکان لایان وابوو سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا هەڵوەشاوەتەوە لەبەرئەوەی تورکیا پەیوەندی بازرگانی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەش پێچەوانەی داواکاری خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بوو کەداوای لەوڵاتانی ئیسلامی کردبوو پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.

بەڵام میدیا تورکییەکان جۆرێکی تر بۆ بابەتەکەیان دەڕوانی. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی لەو کاتەدا بۆ تورکیا بۆ جیاوازی روانینی دوو وڵات دەگەڕێتەوە لەسەر چۆنیەتی وەستانەوە دژی تیرۆریزم لەناوچەکە. میدیا تورکییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون ئێران لەم بارەوە وەڵامی داواکارییەکانی تورکیا ناداتەوە.

بێگومان مەبەستی میدیا تورکییەکان لەوشەی تیرۆریزم، کوردو پرسی کوردە لەباکوورو رۆژئاوای کوردستان. تورکیا بەتایبەت هەوڵدەدات لەڕۆژئاوای کوردستان ئێران بکات بەهاوهەڵوێستی خۆی و بەهۆی پەیوەندی نزیکی ئێران و ئەسەد، هەوڵبدات دەسەڵاتی ئەسەد ناچاربکات و هانی بدات دژ بەڕۆژئاوای کوردستان بوەستێتەوەو هێرشی سەربازی بکاتە سەر رۆژئاوا. لە ئێستادا تورکیا هەموو هەوڵی خۆی ئەدات ئەزموونی رۆژئاوا لەبار ببات و لەهەمانکاتدا بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر پ.ک.ک لەباشووری کوردستان.

 

کێ بوو مەبەستی فاڵەکەی رەئیسی؟

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەبەشێک لەسەفەرەکەی خۆیدا لەدیوانێکی کۆنی حافز فاڵێکی گرتەوەو دێڕێک لەشیعرێکی حافزی خوێندەوە. زۆر کەس لایان وایە خوێندنەوەی ئەو شیعرەو ئاماژەکانی دوو وڵات دەرخەری کێشەو جیاوازییەکانی نێوان دوو وڵاتە.

لەو دێڕە شیعرەی حافزدا کە رەئیسی خوێندییەوە ئەمە نووسراوە :» خوش باش کە ظالم نبرد راە بە منزل» واتە « گەشبین بە زاڵم بە مەنزڵ ناگات». ئەردۆغان بەئاماژەی قامکی ئیبراهیم رەئیسی کرد وەک بەردەنگی ئەو دێڕە شیعرە ناوبرد کە لەفاڵەکەدا دەرهاتبوو. بەڵام رەئیسی وای دەڕوانی مەبەستی ئەو لە «زاڵم» ئیسرائیلە.

 

ئایا پرسی کورد دوو وڵات دەباتەوە سەر مێز؟

وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەهەر شتێکدا پێکەوە ناکۆک بووبێتن لەسەر پرسی کوردو وەستانەوە دژی ئەزموونی کورد لەهەر پارچەیەک هاودەنگ و کۆک بوون و هەن. دەربارەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان رەنگە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لەئێستادا روانینی جیاوازیان هەبێت بەرامبەری، بەڵام سەرەنجام هەردوو وڵات سەقامگیری ئەو ناوچەیە و دروستبوونی هەرێمێکی ئارام و سەقامگیر لەبەرژەوەندی خۆیاندا نابینن. لەپەیوەند لەگەڵ باشووری کوردستانیش بەهەمانشێوە. بەشێکی گەورەی ئامانجی ئەم سەفەرە کە رەنگە کەمتریش هاتبێتە ناو میدیاوە لەوەی باسی کراوە باسکردنی پلان و بەرنامەکانیانە دژی هەر ئەزموونێکی کوردی.

هیوا ئەحمەد لەڕاپۆرتێکدا لە ANFNEWS  لەپەیوەند لەگەڵ سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا نووسیویەتی :» بەچالاكییەكانی گەریلاكان لەبەرەكانی شەڕو بەرخۆدان ئەردۆغان و حكومەتەكەی لەژێر زەخت و گوشاری زۆردایە، بۆیە لەلایەك پەنای بۆ رژێمی ئێران و دەوڵەتی ئێران بردووەو لەلایەك راستەوخۆ لەگەڵ ئیستخباراتی سوریا و گروپە چەتەكان لەناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستی هەسەدە ئاژاوەگێڕی و فیتنە دەنێتەوە و لەلایەكی تر هەموو شتێكی توركیای خستووەتە گرەوو مەزادەوە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەپێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی سیاسی، سەربازی، ئابوری بۆ لەناوبردنی گەلی كوردو بزوتنەوەی ئازادی كوردستان، وەك ئەوەی لەقبوڵكردنی وڵاتانی سویدو نەرویج بۆ چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە بینرا».

هیوا ئەحمەد لای وایە ئامانجی سەرەکی بانگهێشتکردنی رەئیسی لەلایەن تورکیاوە ئەوەیە ئەردۆغان دەیەوێت بەو فێڵ و پێشنیارە، رژێمی ئێران رووبەڕووی بزوتنەوەی گشتی ئازادی گەلی كوردستان «پەكەكە»و گەلی كورد بكاتەوە. بێگومان ئەگەر رژێمی ئێران بكەوێتە داوی پیلانەكانی دەوڵەتی توركەوە ئەوا بەدەستی خۆی گیرۆدەی ئاگرەكە دەكات.

رەئیسی لەبەشێک لەقسەکانیدا باسی لەوەکرد:» ئێران ئاسایش و ئەمنییەتی تورکیا بەئاسایش و ئەمنیەتی خۆی دەزانێت و نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەم ئاسایشە بکەوێتە مەترسییەوە» ئەمەش بەو مانایە ئێران رازی بووە هاوکاری تورکیا بکات بۆ وەستانەوە دژی پ.ک.ک. بەڵام میدیا تورکییەکان بەگومانەوە لەقسەکانی رەئیسی دەڕوانن و ئەوان پ.ک.ک بەهاوپەیمانی ئێران دەزانن و لایان وایە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

تورکیاو میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن هێزەکانی پ.ک.ک لەناوچەی سەوزو لەسلێمانی چالاکی بەردەوامیان هەیەو بەردەوام لەهاتووچۆدان. لەهەمانکاتدا لایان وایە ئێران لەم ناوچەیە دەستی دەڕوات. چاوەڕوانی ئەوەیان لەئێران بووەو هەیە هەموو رێگایەک بگرێتەبەر بەوە بەر بەچالاکییەکانی پ.ک.ک بگرێت لەم ناوچەیە.

 

پرسی فەلەستین

رەئیسی پێش سەفەرەکەی جەختی لەوە کردەوە سەفەری بۆ تورکیا، سەفەرە بۆ وڵاتێکی دراوسێی موسوڵمان بۆ ئەوەی لەئێستادا هاودەنگ بین لەمەڕ پرسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو وەک خۆی دەڵێت، پشتیوانی لەخەڵکی فەلەستین. تورکیا زۆر جار لەمیدیاکانەوە هەڵوێست دەگرن دژی ئیسرائیل. بەڵام بەئێستاشەوە پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. بەشێکی زۆری نەوتی ئیسرائیل لەڕێگای تورکیاوە دابین دەکرێت. تورکیا لایەنگری پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینە هاوشان لەگەڵ ئەوەی کەئیسرائیل بوونی هەیە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمی نەمانی ئیسرائیلی هەیەو تەنها بە نەمانی ئیسرائیل رازییە.

 

پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی

ئیبراهیم رەئیسی پێش سەفەرەکەی باسی لەوە کرد ئامانجی سەرەکی ئەم سەفەرەی پرسی ئابوورییە. ئەو وتبووی :» ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی نێوان دوو وڵات بگەیەنینە ٣٠ میلیار دۆلار، کە بەهۆی تواناکانی دوو وڵاتەوە ئامانجێکە دەتوانین پێی بگەین».

لەئەنقەرەو لەدانیشتنی هاوبەشی چالاکانی ئابووری دوو وڵاتیشدا وتی :» ئەم بڕیارە کەپەرە بەبازرگانی و پەیوەندی نێوان دوو وڵات بدەین لەبەڵگەنامەو رێککەوتننامەکانی ئەمڕۆی نێوان دوو وڵاتدا باسی لێوەکراوە».

رەئیسی تەنانەت زیاتر لەمەشی باسکردو بەئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی قسەکانی خۆی هێنایە باس و وتی :» پەیامی ئامادەیی بەرپرسانی دوو وڵات لەم  کۆبوونەوەیەدا دەرخەری ویستی ئێران و تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی کاری جیهادی و هەنگاوی جیددی هەڵگرتن  بەمەبەستی چارەسەرکردنی لەمپەرەکانی بەردەم گەشەی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان بەتایبەت لەبواری ئابووری و بازرگانیدا».

لەبەرامبەردا ئەردۆغانیش لەکۆبوونەوەیەکدا کە ٤٠٠ کەس لەبازرگان و چالاکانی ئابووری ئێران و تورکیا تێیدا ئامادە بوون وتی :» بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دژی گەمارۆ یەک لایەنەکانین دژی ئێران. هیچکات پەیوەندی ئابووری و بازرگانی خۆمان لەگەڵ ئێران بەهۆکاری گەمارۆکان نەپچڕاندووەو لەمەو بەدواش بەردەوام دەبین. سوورین لەسەر ئەوەی ئاستی بازرگانی دوو وڵات بگەیەنینە ٣٠ میلیار دۆلار».

تورکیاو ئێران هەوڵیان ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەساڵی ٢٠١٢ زیاتر پەرە پێبدەن. لەو ساڵەدا بازرگانی دوو وڵات گەیشتە ٢٢ ملیار دۆلار. بەڵام دواتر بەهۆی گەمارۆکانەوە ئاستی بازرگانی تورکیاو ئێران دابەزی بۆ کەمتر لە ١٥ ملیار دۆلار. هەردوو ولآت بیانووی ئەوەیان هەیە کەکرۆنا کاریگەری بووە لەسەر دابەزینی ئاستی بازرگانی دوو وڵات. بەڵام ئەم دابەزینە تەنها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا نەبووە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار