بەرپرسانی کورد لەخانەقین منداڵەکانیان لەقوتابخانە کوردییەکان دەردەهێنن

3 مانگ لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد

بەرپرسانی کورد لەخانەقین منداڵەکانیان لەقوتابخانە کوردییەکان دەردەهێنن و دەیانگوێزنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبیەکان بەهۆی ئەوەی ترسیان لەئایندەی منداڵەکانیان هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی قوتابخانە کوردییەکان چەند مانگێک نەکرانەوە بەهۆی بایکۆتکردنی دەوامی مامۆستایانەوە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

بەشێک لەقوتابخانەکانی قەزای خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە سەر بەهەرێمی کوردستانن و خوێندن تییاندا بەزمانی کوردییە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا نزیکەی 155 قوتابییان وەرگرتووە، چونکە کەسوکاری قوتابیان هەستدەکەن ئایندەی منداڵەکانیان دەفەوتێت بەهۆی فەرامۆشکردنی خوێندنی کوردی لەشارەکەدا، بەتایبەتی لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەدەسەڵاتی هەرێم بەسەر شارەکەدا نەما.

 حسێن جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەخانەقین رەخنە لەبەرپرسانی کورد دەگرێت لەشارەکە لەبری ئەوەی گرفتی خوێندنی کوردی چارەسەربکەن، بەڵام منداڵەکانیان دەبەن بۆ خوێندنی عەرەبی.

حسێن جەلال بەهاوڵاتی وت «پەروەردەو زمانی کوردی لەقەزای خانەقین بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و لەبری خەمخواردن لەبابەتەکە، بەرپرسان منداڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە عەرەبییەکان».

گرفتەکانی خوێندنی کوردی لەخانەقین زۆرن، دیارترینیان دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی کوردە لەشارەکە کە سەر بەپەروەردەی هەرێمی کوردستانن. مامۆستا کوردەکانی ئەو شارە هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێم لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد بەهۆی پینەدانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیداو راگرتنی پلەبەرزکرەنەوەیان.

حسێن جەلال وتی «ماوەی چوار مانگە دەرگای قوتابخانە کوردییەکانی شاری خانەقین هاوشێوەی هەرێمی کوردستان داخرابوون و لەتەنیشتیان ئەو قوتابخانانەی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراقن دەوامی ئاساییان دەکرد، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو بەرپرسان لەبری بەدەمەوەهاتنی داواکاریی مامۆستایان و چارەسەرکردنی داخستنی دەرگای قوتابخانە کوردییەکان منداڵەکانیان ناردووەتە قوتابخانە عەرەبییەکان».

ئەو بەرپرسە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تەنانەت لەناو بازاڕەکاندا ناوو ناونشیانی شوێنەکان بەزمانی عەرەبین و زمانی کوردی کەمبووەتەوە. وتیشی «کوردەکانی ئەوێ زۆرینەیان خانەقینیان جێهێشتووەو چوونەتە شارەکانی سلێمانی و هەولێر».

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان لە 31 قوتابخانەوە کەمبووەتەوە بۆ 22 قوتابخانە و لەبەرامبەردا ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان لە 40 قوتابخانەوە زیادیان کردووە بۆ 62 قوتابخانە.

حەسەن تاڵەبانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین رەتیدەکاتەوە کەهیچ منداڵێکی قوتابخانە کوردییەکان گواسترابنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات کەبایکۆت لەخانەقین شکاوە بۆیە مناڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکانیان.

حەسەن تاڵەبانی بەهاوڵاتی وت «بێمووچەیی کاریگەریی زۆری لەسەر ژیان و گوزەرانی مامۆستایان کردووە... ئەگەر لەخانەقین بایکۆت بەردەوام بووایە دانیشتووانی ئەوێ منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە عەرەبییەکان و بەمەش مەترسی زیاتر لەسەر خوێندنی کوردی دروست دەبوو».

لەبارەی کێشەکانی خوێندنی کوردی لەو سنوورە بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین دەڵێت «تەنها کێشەی کەمی بینای قوتابخانەمان هەیەو لەڕووی پێداویستیی و کەلوپەلی خوێندنەوە کەموکوڕیمان نییە.

چالاکانی مەدەنی شارەکە دەڵێن لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەخانەقین هەر کەسێک کوردبوایە دەبوو منداڵەکەی بخاتە قوتابخانەی کوردی، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو مەرجە نەماوەو هەرکەس ئازادە لەوەی منداڵەکەی دەخاتە قوتابخانەی کوردی یان عەرەبی.

ئەمیر خانەقینی چالاکێکی مەدەنی خانەقینە بەهاوڵاتی وت «ساڵ بەساڵ ژمارەی ئەو قوتابییانەی دەچنە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان روو لەکەمبوونەوە دەکەن، بەپێی ئامارێک بۆ خوێندنی ئەمساڵ (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) نزیکەی ١٥٧ قوتابی چوونەتە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان».

ئەو چالاکوانە باسی لەگرفتێکی دیکە کردو ئاماژەی بەوەدا «گرفتێکی دیکەی خوێندکارانی قوتابخانە کوردییەکانی قەزای خانەقین ئەوەیە کاتێک ١٢ی ئامادەیی تەواودەکەن بەئاسانی قبووڵناکرێن لەپەیمانگاو زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، یان بەشێکی زۆریان لەزانکۆی گەرمیان وەردەگیرێن کەتاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێدانانی بۆ نەکراوە».

وتیشی «تەنانەت لەناو فەرمانگەکانیش فەرمانبەرە کوردەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و فەرمانبەری عەرەب لەشوێنیان دادەنرێت، هەرکاتێکیش دەپرسین بۆ بەو جۆرەیە لەوەڵامدا دەڵێن تەنها رێکارێکی حکومییەو ئەنجامدەدرێت».

کێشە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەن بۆ لاوازی زمانی کوردی لەخانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەش، چونکە لەئێستادا حکومەتی عێراق لەو ناوچانە دەسەڵاتی زۆری هەیە. کە بەبڕوای ئەمیر خانەقینی حکومەتی عێراق خوێندنی کوردی بۆ گرنگ نییە.

لەسنووری قەزای خانەقین دوو جۆر قوتابخانەی کوردی هەیە، بەشێکیان سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دیالەن لەسەر حکومەتی عێراق، بەشێکی دیکەشیان سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیانن و لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانن.

ژمارەی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی لەخانەقین سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن سێ هەزارو ٦٥٠ مامۆستاو فەرمانبەرن.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەکو ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لایەنە کوردییەکان لەشاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەسەڵاتی تەواویان هەبووە، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە کورد لەو ناوچانە دەسەڵاتی لەدەستداو پرۆسەی تەعریبکردن بەفروانی لەو ناوچانە دەستیپێکرد.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار