سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیاو ئێران تەلبەند دەکرێن

عێراق دەیەوێت رێگری لەقاچاغی مادەی هۆشبەرو هاتنەناوەوەی هێزەکانی تورکیا بکات لەڕێگەی تەلبەندکردنی سنوورەوە

3 مانگ لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد

حکومەتی عێراق دەیەوێت ناوچە سنووریەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیاو ئێران تەلبەند بکات و هێزەکانی پاسەوانی سنووریش لەو ناوچانە جێگربکات بۆ رێگەگرتن لەبۆردوومانەکانی ئەو دوو وڵاتەو رێگریکردن لەقاچاغی مادەی هۆشبەرو بەزاندنی سنوور، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سەربازیی.

بەرپرسێکی باڵا لەپاسەوانی سنوور داوای کرد ناوی نەهێنرێت بەهاوڵاتی رایگەیاند «لەدوای بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەساڵی ٢٠٢٢ کەژمارەیەک گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی، حکومەتی عێراق بڕیاریدا کەدەبێت هێزەکانی پاسەوانی سنوور بچنە ناوچە سنوورییەکان رێگە لەبۆردوومانەکانی تورکیاو ئێران بگرن».

لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ فرۆکەکانی تورکیا چەند تۆپێکیان ئاراستەی ناوچەیەکی گەشتیاریی سنووری زاخۆ کردو بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداو ٢٦ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەو کەسانەی بوونە قوربانی، سەرجەمیان گەشتیاری عەرەب بوون و لەپارێزگاکانی عێراقەوە چووبوونە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوەشکرد «کەماوەی دوو ساڵە هەنگاوەکان بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەو بودجەی بۆ تەرخاندەکرێت بەتایبەت لەلیوای ٢١ی پاسەوانی سنوور لەپارێزگای هەڵەبجە کە لیوایەکی نوێیە کەدەستیانکردووە بەتەلبەنکردنی دەروازەکە بەتەلی دڕکاوی بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆو رێگریکردن لەبەزاندنی سنووری عێراق».

وتیشی «دوورخستنەوەی هێزە دەرەکییەکانی دژ بەئێران وەک هێزەکانی دیموکرات ئاسانترە، بەڵام دوورخستنەوەی پەکەکە بەتایبەت لەلیوای یەکی دهۆک ئاڵۆزترە، چونکە پەکەکە گوێ لەحکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان ناگرێت بۆ ئەوەی سنوورەکان چۆڵ بکات، ئەمەش ئاستەنگێکە».

لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان لەلایەن حکومەتی عێراق و کاریگەرییەکانییەوە ئەو بەرپرسە وتی «لێکترازانی کۆمەڵایەتی دروستدەکات، چونکە لەنێوان بەشێک لەگوندە سنوورییەکان و خەڵکی هەرێم ژن و ژنخوازی هەیەو تەلبەندکردنی سنوورەکان ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە، هەروەها گرفتیش بۆ ئەو کۆڵبەرانە دروستدەبێت کە لەنێوان عێراق و ئێران کۆڵبەری دەکەن».

لەدوای ساڵی ٢٠٠٤وە لەسەرتاسەری سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا هێزێکی حکومەتی فیدراڵی لێیە کەپێیان دەڵێن هێزەکانی پۆلیسی پاسەوانی سنوور.

شارەزایانی سەربازیی پێیانوایە، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارێک دەبێت بۆ ئاسایش و ئارامی و رێگریکردن لەکاری قاچاغ، بەڵام شارەزایانی سەربازی ئەوە ناشارنەوە کەکۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق – تورکیا قورسترە لە سنووری عێراق – ئێران، ئاماژە بەوەدەکەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە پابەندی رێککەوتن و بڕیارەکان نابن.

جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی راگەیاند «بابەتی تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان دوای رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بوو، بڕیاردرا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بودجەیەک تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی هەموو سنوورەکانی عێراق و تەنانەت ئەو سنوورانەی دەشکەونە هەرێمی کوردستانەوە تووندوتۆڵ بکرێنەوە».

یەکەم هەنگاوی پرۆسەکە لەسنووری سوریاوە دەستیانپێکردو یەکەم بنکەی چاودێری سنوور لەوێ دامەزرێندرا، دوای ئەوەش رێگەیەک لەسەرتاسەری سنوورەکان لێدراوە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، دواتریش خاڵی چاودێری سنوورەکان دامەزرێنرا و کامێرای چاودێری لێدانرا.

جەبار یاوەر وتی «لەئێستا دەستکراوە بەکۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق – ئێران و عێراق – تورکیا کە دەکەونە هەرێمی کوردستان، سەرەتاش لەسنووری عێراق – ئێران دەستیپێکردو لەئێستادا بنکەکانی چاودێری پاسەوانی سنوور زیاددەکرێن، هەروەها پێداویستییەکان و ئامێری هاتووچۆو کامێراکانی چاودێریش زیاددەکرێن، ئەمانەش هەمووی بودجەی بۆ تەرخانکراوە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عێراق لەساڵی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکراوە».

وتیشی «کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق – تورکیاو جێگیرکردنی پۆلیسی پاسەوانی سنوور لەو ناوچانە بەهۆی هەبوونی هێزەکانی تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە قورسترە».

هێزەکانی تورکیا ٨٧ بنکەیان لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەقوڵایی ١٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لەخاکی هەرێمی کوردستانن و بەردەوام شەڕو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەئاسمان و زەوی ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکانی توندوتۆڵکردنی سنوور نەوەستاون وردە وردە هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەبرێن لەو سنوورانە جێگیر دەکرێن.

جەبار یاوەر وتی «مەبەستی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ئەوەیە کەبتوانێت سنوورەکان لەگەڵ تورکیاو ئێران بپارێزێت، چونکە ئێران و تورکیا بەردەوام عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کەئۆپۆزسیۆنی هەردوو وڵات هێزی چەکداریان هەیە لەدیوی خاکی هەرێم و عێراق».

وتیشی  «دوای رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران زۆرێک لەهێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران زۆربەی سنوورەکانیان بەجێهێشتووە و هاتوونەتە ناوەوە و بڕیار وایە ئۆردوگای تایبەتیان بۆ دروستبکرێت، خۆشیان بڕیاریانداوە چالاکی سەربازیان راگرن بەمەبەستی رێزگرتن لەیاساکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا سنوورەکانی عێراق – ئێران هێمن ترەو پۆلیسی پاسەوانی سنوور بەئاسانی دەتوانن بچەنە سەر هێڵی سنووری نێوان هەردوو وڵات».

ئەو پسپۆڕە سەربازییەش دەڵێت «عێراق پێی وایە بەم هەنگاوانە دەتوانێت رێگری لەهێرشی چەکداری بکات لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و تورکیا، هەمیش پێی وایە بەم هەنگاوە رێگری لەکاری قاچاغ دەکرێت بەتایبەت قاچاغی ماددە هۆشبەر، هەروەها عێراق دەیەوێت هاتنەناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ خاکی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کەمبکاتەوە و بیانووەکانی حکومەتی تورکیا نەهێڵێت، بۆ ئەوەی هێزەکانی بەرێتە سەر سنوورو رێگری بکات لەهێرشەکان پەکەکە بۆ سەر تورکیا، تاوەکو تورکیا بیانووی نەمێنێت بۆ کردنە ئامانجی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان».

ئاماژەی بەوەشدا «عێراق بەنیازە رێککەوتنی ئەمنی بەهەمان شێوازی ئێران لەگەڵ تورکیا بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەکەکە پابەندی بڕیارەکان نابێت، رەنگە کارەکە قورستربێت لەو سنوورانە».

«ئەگەر شەڕو ئاژاوەی سنوورەکان نەمێنێت ئەو گوندنشینانەی هەرێمی کوردستان کە گوندەکانیان چۆڵکردەوە کەزیاتر لە ٤٥٠ گوندن دەتوانن بگەڕێنەوە سنوورەکانی خۆیان، هەروەها بیانووی تورکیاو ئێران نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی مەدەنیش نابنە قوربانی»، جەبار یاوەر وای وت.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو وڵاتانەی دراوسێی یەکترن ئەگەر کێشەیان لەنێواندا نەبێت، دەبێت هەردوولایان رێز لەسنوورەکان بگرن و ئەمنییەتی بپارێزن.

 جەبار یاوەر وتی «هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاو ئێران کەخاکی هەرێم بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنەسەر تورکیا و ئێران بەهەمان شێوە بەپێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێم و عێراق و یاسای نێودەوڵەتییەکان هەژماردەکرێت».

هەروەها رۆژی سێشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا بە راگرتنی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی.

لە بارەی ئەو بڕیارەوە کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند «سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پرۆسەی تەلبەندکردنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران رابگرێت تا پێداچوونەوە دەکرێت بەو گلەیی و ناڕەزایەتییانەی کە خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانە هەیانە و کێشەکانیان چارەسەردەکرێت».

ئاماژەی بەوەشکرد «وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێداچوونەوە بە پرۆسەکە دەکات و چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە هەیە، چونکە نابێت بستێک لە خاکی هەرێم و عێراق لەم پرۆسەیە بە فیڕۆبچێت».

وتیشی «ئەم راگرتنە کاتییە و پرۆسەی تەلبەندکردنی نێوان ناوچە سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی گرنگە بە تایبەت کە رێگری لە قاچاغ دەکات».

ئێران و تورکیا بەبیانووی هەبوونی هێزەکانی پەکەکەو دیموکراتی ئێران بەردەوام هێرش دەکەنەسەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سەروەری خاکەکەی پێشێل دەکەن، بەهۆی ئەم هێرشە بەردەوامانەی تورکیاو ئێرانەوە ژمارەیەکی زۆر گوند لەناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون، هەروەها ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی هێرشەکانی ئەم دوو وڵاتە.

هەرێمی کوردستان ٣٠٠ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتی تورکیاو هەروەها ٥١٣ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار