چالاکوانانی ژنان خۆشحاڵن بەسەپاندنی دوو سزای لەسیدارەدان لەسلێمانی

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گلەییەک هاتوەتەسەر حکومەتی هەرێم کەئامارەکانی کوشتنی ژنان «زۆر بەرزن»

3 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

سەپاندنی دوو سزی لەسێدارەدان لە سلێمانی خۆشحاڵی هەندێک لە چالاکوانانی ژنانی لێدەکەوێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە رابروودا بەشێک لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە رێگەی سوڵحی عەشایەری چارەسەرکراون.

دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە مانگی شوباتدا سزای لەسێدارەدانی دەرکرد بۆ دوو کەس کە یەکێکیان ژنەکەی خۆی سوتاندوە، ئەوی تریشیان کەسێک بوو کە ئەفسەرێکی لە کاتی ئەرکی فەرمیدا کوشتوە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سلێمانی کاری دەرکرد.

چالاکوانێکی بواری ژنانیش پێی وایە گەرچی بریارەکەی دادگا لە کاتێکی گونجاودا دراوە بەڵام هێشتا یەکلایی کردنەوەی ئەو جۆرە کەیسانە لە ئاستی چاوەروانییەکاندا نین و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش لە ئاست ئەنجامدانی ئەو تاوانانە بێباکن .

رۆژی  یەکشەممە ١٨/٢/٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای لە سێدارەدانی لە دوو کەیسی جیاوازدا  بە سەر دوو تاوانباری بکوژدا سەپاند، کە یەکێکیان پەیوەندی کوشتنی نەقیب موحەمەد لەتیف هەبوو کە لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ژنان کاری دەکرد.

ئەوی دیکەش تایبەت بوو بە سووتاندنی ژنێک بەناوی شنیار هونەر لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی. شنیار تەمەنی ٢١ ساڵ، خەڵکی سەیدسادق و دانیشتووی سلێمانی بوو لە ١٩ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن هاوسەرەکەی سوتێنرا و پاش مانەوەی بۆ چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە و بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای هەتاهەتایی بەسەر بکوژی شنیاردا سەپێنرا، بەڵام دوابەدوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا و بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بریارەکە لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بەرزکرایەوە بۆ سزای لە سیدارەدان.

دوابەدوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدانەکەی بکوژی شنیار هونەر، ئاودێر عومهر، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، لە بەردەم دادگای سلێمانیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ تاوانبارێک ژنەکەی بە ناوی (شنیار هونەر) سوتاند، پاش ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوە ڕێکارەکانی جێبەجێکرد، هاوسەرەکەی و ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پیاوەکە و هاندانی بۆ کوشتنی شنیار دەستگیر کران.

دواتر دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە ٤/٦/٢٠٢٣ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر (هونەر ڕەشید) هاوسەری (شنیار هونەر) سەپاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ئازادکردنی ژنە بە ڕەگەز عەرەبەکەی دا.

لەهەمان رۆژەدا دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سلێمانی دەرکرد.

هەروەها دادگای سلێمانی هەر لە دانیشتنەکەیدا زیندانی هەتاهەتایشی بۆ دوو کەسی تر دەرکرد کە لەگەڵ بکوژەکەدا بوون و یارمەتی بکوژەکەیان دابوو.

هانا شوان، چالاکوانی بواری ژنان  ئاماژە بەوەدەکات کە ساڵانێکە ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی تایبەت بە مافەکانی ژنان داوای سزای یاسایی دەکەن بۆ بکوژانی ژنان و ئەو کەسانەش کە تێوەگلاون لە توندوتیژیکردن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنان، بەڵام هەستیان کردوە کە «دەسەڵاتی سیاسی بێباکە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر ژنان دەکرێت».

هانا شوان بە هاوڵاتی وت « ژمارەیەکی زۆری بکوژی ژنان لەدەرەوەی زیندانەکانن و بە سزا نەگەیەنراون ، لەبەر ئەوە هەموو فشار و تواناکانمان یەکخست بۆ بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانە ، بۆیە پێموایە ئەم دوو بریارەی دادگا ، دوو بریاری زۆر باش بوون و لە کاتێکی گونجاویشدا دران ، بەڵام ئەوە هێشتا ناکاتە ئەوەی کە داواکارییەکانی ئێمە بە دی هاتووە ، چونکە ئێمە داواکاری زۆر زیاتر و گەورەتریشمان هەیە» .

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو جەختی لەسەر دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانە کردەوە کە لە دوای راپەرینەوە تا ئێستا ژنیان کوشتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراون.

«دۆسییەی ئەو ژنانەی کە کوژراون لە دوای راپەرینەوە لە هەرێمی کوردستان ، پێویست دەکات بکوژەکانیان دەستگیر بکرێن و ئەو کەسانەش کە پلانیان داناوە یان ئەو کەسانەی کە داڵدەی بکوژەکانیان داوە پێویست دەکات رووبەرووی یاسا بکرێنەوە لە هەر پۆستێکدا بن « هانا شوان وا دەڵێت.

سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ لە کوردستان تا چەند کەیسی کووشتنی ژنان پەردەپۆش دەکرێت و لە ڕێگەی سوڵحەوە دۆسییەکان چارەسەر دەکرێن ئەم چالاکوانە پێی وایە ئەم بابەتە شتێکی زۆر واریدە و زۆرجار لە راگەیاندنەکانیشا کەس نازانێت چەند ژن ئەکوژرێن و رێژەی تاوانەکان  زۆر بەرزترە  لەو ئامارانەی کە دەخرێنە روو.

«پێشتر ئامارەکان دەخرانە روو بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گلەییەک هاتۆتە سەر حکومەتی هەرێم کە رێژەی کووشتنی ژنان زۆر بەرزە و شێلتەرەکان خزمەتگوزاری زۆر باشیان تیا نییە چەند ساڵێکە ئامارەکان وەک خۆی ناخرێنە روو و جۆرێک لە پەردەپۆش کردنی ئامارەکان هەیە بە تایبەتیش سەبارەت بە تووندوتیژییەوە « هانا شوان وا دەڵێت .

سەبارەت بە رێکخراوەکانی ژنانیش کە ئاخۆ چەن سەرکەوتوو بوون لە وشیارکردنەوەی ژنان ئەم چالاکوانە بە هاوڵاتی وت «مەسەلەی وشیاردنەوە ، مەسەلەیەکی گشتگیرە ، مەسەلەیەکە گۆرانکاری بەسەردا دێت و لەگەڵ هەل و مەرجەکانی کۆمەڵگەدا ئەگۆرێت ، قەیرانی ئابووری ، قەیرانی سیاسی ، کۆمەڵێک قەیران کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی رووبەرووی ئەم هەرێمە بچووکە  دەبێتەوە کاریگەری راستەخۆ و ناراستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەوەی کە تا چەند رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی ئەتوانن ئەو ئەرکەی هەیانە پێی هەستن».

هەروەها وتی «نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە هەندێک بەربەست و سانسۆر و فشار هەیە لەسەر رێکخراوەکان کە لەلایەن حکومەتەوە دەکرێت، چونکە تەنها حکومەت دەسەڵاتی داخستنی رێکخراو یان خود رێگری کردن لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانی هەیە، هەروەها حکومەتی عیراقیش نایشارێتەوە کە ئەوانیش فشارێکی زۆر دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم و ناهێڵن رێکخراوەکان کار بکەن و ناهێڵن رێکخراوە ناوخۆییەکان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵتییەکاندا پەیوەندییان هەبێت و ئەگەر پارەیەکیان بۆ بێت لەوێ دەستی بەسەردا دەگرن بۆ ئەوەی رێکخراوە ناوخۆییەکان نەتوانن کار بکەن  و لە ئێستاشدا ژمارەیەک لە رێکخراوەکان داخراون یان خود دائەخرێن ، ئەمانەش هەمووی وایکردووە کە کارەکە وەک ئاستی پێویست نەبێت».

ئەگەرچی هەندێک لە کەیسەکانی کوشتن لە رابردوودا بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر کراون بەڵام سزادانی دوو کەس بە لەسێدارەدان لە مانگی شوباتدا کە یەکێکیان بکوژی ژنێک بووە دەگەرێنرێتەوە بۆئەوەی کە سکاڵاکارەکان توانیویانە سووربن لەسەر داواکانی خۆیان.

هانای شوان وتی «پێشتر زۆربەی سکاڵاکان پەردەپۆش دەکران و لەسەر هەموو ئاستەکان لە ڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرا، لە ئێستادا تۆزێک باشترە ، ئەو ئامارانەی کە لە پەیوەندییەکانی هێڵی گەرمی 119 دەکرێت و ئەو سکاڵایانەی تۆمار دەکرێت پێمان دەڵێت بارودۆخەکە تۆزێک باشترە بەڵام هێشتا لە ئاستی چاوەروانییەکاندا نییە «.

شەوی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی شنیار هونەری تەمەن ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێداكرا و ئاگری تێبەردرا، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، دوای رووداوەکە هاوسەری شنیار و ژنێکی عەرەب دەستگیرکران، بەڵام دوای دادگاییکردن هەردوو تۆمەتبار بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک ژنە عەرەبەکە ئازادکرا.

شەوی شەممەش ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی داواکراوێک رووبەڕووی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هەر ئەوکاتیش بکوژانی هەڵاتن، دواتر لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتباران دەستگیربکرێن.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار