وەزیری دەرەوەی عێراق: ئامادەین نێوەندگیری رووسیا و ئۆکرانیا بکەین

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بکات بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "شەفەق نیوز" فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا بە ئاژانسەکانی هەواڵی "نۆڤۆستی" و "سپۆتنیک"ی رووسیای راگەیاند "عێراق ئامادەیە وەک ناوبژیوانێک مامەڵە بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەر داواکارییەک لە مۆسکۆ و کیێڤەوە هەبێت بۆ نێوەندگیری".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێک بووین لەو تیمە پەیوەندییەی کە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٢٢ پێکیهێنا کە وەزیرانی دەرەوەی میسر، جەزائیر، عێراق، ئوردن، میرنشینەکان، سعودیە، و سودان لەخۆدەگرێت، جگە لە ئەمینداری گشتی".

روونیشیکردەوە "ئەم تیمە بانگهێشتکرابوو بۆ پەیوەندیکردن بە هەردوولا و پێشکەشکردنی نێوەندگیری، ئێمە سەردانی مۆسکۆمان کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا (سێرگی لاڤرۆڤ) کۆبووینەوە، لە وارشۆش لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی کۆبووینەوە و پێشنیارێکمان خستەڕوو بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا، بەڵام بارودۆخەکە زۆر سەخت بوو".

جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە، هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای جۆراوجۆریان بەسەر رووسیادا سەپاند و پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابینکرد.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار