لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکاندا سێ کەس کوژران

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا "سینتکوم" ، دوێنێ چوارشەممە لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لەسەر پێگەی "ئێکس"رایگەیاند ، لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن 3 کەس کوژراون  و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە راگەیەندراوکەی "سینتکوم"دا هاتووە ،" رۆژی چوارشەممە بە مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان هێرش کراوەتە سەر کەشتی "لیبریە"ی بربادۆس، دوای هێرشەکەش تاقمی کەشتییەکە رایانگەیاندووە 3 کەس لە ئەنجامی هێرشەکە کووژراون و 4 کەسی تریش بریندار بوون کە دۆخی 3 لە بریندارەکان سەختە، هەروەها کەشتییەکەش زیانێکی زۆری پێگەیشتووە".

بە وتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ، ئەمە پێنجمین مووشەکی بالیستییە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ، لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو کەشتییەکانی ناو دەریای سوور هاویژراوە.

لە لایەن خۆیانەوە وەزارەتی کرێکارە کۆچەرییەکانی فلیپین کوژرانی چەند دەریاوانێکی فلیپینی لە ئەنجامی ئەو هێرشە پشتراست کردەوە و رایگەیاند، "لە ئەنجامی هیرشێکدا لە دەریی سوور ، دوو دەریاوانی فلیپینی کوژراون و دوو دەریاوانی دیکەی فلیپینیش بە سەختی بریندار بوون".
دوابەدوای هێرشەکەش حوسییەکان رایانگەیاند ، ئەو کەشتییەی بە ئامانجیان گرتووە ، کەشتییەکی ئەمریکییە و پابەندی ئاگادارکردنەوە و رێنووماییەکانی چەکدارەکانییان نەبووە ، هەربۆیە بە موشەک هێرشیان کردۆتە سەر و پێکاویانە.
هەروەها حوسییەکان ئەوەشیان راگەیاند ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە و هەڵگرتنی ئەو ئابلوقەیەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خراوەتە سەر ئەو کەرتە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.

لەلایەن خۆیەوە کەناڵی "سی ئێن ئێن" ی ئەمریکی بڵاویکردەوە ، لە ماوەکانی پێشوودا حوسییەکان زیاد لە 45 هێرشی جۆراوجۆریان بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان کردۆتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکانی  ناو دەریای سوور .

جێی ئاماژەیە حوسییەکانی یەمەن گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانن و بە بڕوای چاودێران و بەرپرسە سەربازییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەدرێن و ئاراستە دەکرێن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار