حزبوڵڵای لوبنان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئازار، زیاتر لە ٥٠ مووشەکیان بەرەو باکووری ئیسرائیل هاویشتووە و ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج".

سوپای ئیسرائیل ئاماژرەی بەوەشکردووە "٣٥ مووشەکی حزبوڵڵای پێش گەیشتن بە خاکی ئیسرائیل تەقاندووەتەوە".

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری فەرمی فەرەنسا، بەرەبەیانی یەکشەممە حزبوڵڵای لوبنان بە مووشەک هێرشی کردووەتەسەر باکووری ئیسرائیل و زیاتر ناوچەی مروون لە باکووری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج کە سوپای ئەو وڵاتە بنکەیەکی سەربازی گەورەی کۆنتڕۆڵی لەم ناوچەیە هەیە.

میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند "ژمارەیەک مووشەک لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و نزیک شاری سەفاد کەوتوونەتە زەوی".

رۆژی شەممە ٩ی ئازار، ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوە بە جووڵە سەربازییەکانی پێشتری حزبوڵڵا، ظەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنانی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٥ کەس کوژران ، ٣ کەسیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان و ٢ کەسیان مەدەنی بوون کە یەکیان ژن بووە.

لە راگەیاندنی سوپای ئیسرائیلدا دەربارەی هێرشەکانی رۆژی شەممە ئاماژە بەوە دراوە، ژێرخانە سەربازییەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەی "خربە سلم" کراونەتە ئامانج.

بە پێی زانیارییەکانی میدیای فەرمی فەرەنسا، لە سەرەتای هێرشەکانی حزبوڵڵاوە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل تا ئێستە ١٠ کەسی سەربازی و مەدەنی ئیسرائیلی کوژراون و لەبەرامبەردا لانیەکم ٣١٢ هاوڵاتی لوبنانی کوژراون کە زۆریبەی زۆریان ئەندامی حزبوڵڵان و لە هەر ٦ کوژراوی لوبنانی ٥ کەسیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانن.

حزبوڵڵای لوبنان رۆژی ٨ی تشرینی یەکەم و رۆژێک دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە جەنگی غەزەی لێکەوتەوە، بەمەبەستی یارمەتیدانی حەماس هێرشەکانی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەست پێکرد، بەڵام تا ئێستە نە حزبوڵڵا و نە ئیسرائیل خوازیاری ئەوە نین جەنگێکی تەواو بە مانای جەنگ لە نێوانیاندا دەست پێ بکات.

بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیلەوە دەیان هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی ئاوارە بوون.

حەماس و حزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و ئێران وەک بەرەی بەرگری ناویان دەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار