بەرپرسێکی ئەمنی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز: ئەنجامدەرانی هێرشەکەی مۆسکۆ چوونەتە ناو تورکیا و ماونەتەوە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بەرپرسێکی ئەمنی تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو چەکدارە تاجیکیانەی هێرشەکەیان بۆ سەر ناوەندێکی بازرگانی و هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا ئەنجامداوە، چوونەتە ناو تورکیا و بۆ ماوەیەكی کورت ماونەتەوە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لە ڕووسیا.

ئەو بەرپرسە تورکییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوە کردوە هیچ فەرمانێكی دەستگیرکردن لە دژی هێرشبەرەکان نەبووە، واتە توانیویانە بە ئازادی لە نێوان تورکیا و ڕووسیادا گەشت بکەن، ئاماژەی بەوەشداوە ماوەیەکی زۆر لە مۆسکۆ ژیاون.

راشیگەیاندووە، دوو لە هێرشبەرەکان لە 2ی ئاداردا لە هەمان گەشتدا تورکیایان بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت.

جێگەی باسە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-3-2024) رۆژی ماتەمینیی نیشتمانی بوو لە رووسیا، بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر هۆڵی ئاهەنگەکانی نزیک مۆسکۆ، کە خوێناویترین هێرش بوو لە مێژووی  20 ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا.

هەرچەندە رێکخراوی داعش بەرپرسیارییەتیی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆگرتووە، بەڵام بەرپرسانی رووسیا گرنگری بە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکە نەدا و لەبەرامبەردا ئۆکرانیایان تاوانبارکرد.

هاوکات بەپێی دوایین ئامارەکان کە لێکۆڵەرانی ئەمنیی رووسیا بڵاویان کردووەتەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون، گەیشتۆتە 137 کەس، کە لەنێوان کوژراوەکاندا سێ منداڵ هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار