رووسیا و ئەڵمانیا نیگەرانن لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

3 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

رووسیا و ئەڵمانیا نیگەرانن لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و داوا دەکەن نەبنە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێوشوێنی ئەمنی جیاوازیان گرتە بەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی وڵاتەکانیان.

رۆژی پێنج شەممە ١١ ی نیسان، ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە لایەنی ئێرانی کرد دان بە خۆیاندا بنێن و پەرە بە نائارامییەکان نەدەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی جەنگ لە بەرژەوەندی کەسدا نییە.

بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاو کراوەتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە دان بە خۆیاندا بنێنن و بەرپرسانە بجووڵێنەوە.

هاوکات کۆمپانیای 'لۆفتهانسا'می ئەڵمانی بۆ فڕۆکەوانی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە؛ بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییە ئەمنییەکانەوە گەشتەکانیان بۆ تارانی پایتەختی ئێران ڕادەگرن و ڕێگەشنادەن هیچ فڕۆکەیەک لە تارانەوە بەرەو ئەڵمانیا بفڕێت.

 لە لایەکیترەوە، مۆسکۆ داوای لە ئێران و ئیسرائیل کردووە بەرپرسانە هەڵسووکەت بکەن و نەبن بە هۆی پەرەسەندنی نائارامییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دیمێتری پێسکۆڤ ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین رۆژی پێنج شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییەدا وتی :" گرینگە لایەنەکانی دان بە خۆیاندا بنێنن و نەبن بە هۆی پەرسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە".

لەهەمانکاتدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی بە هاووڵاتییە ڕووسیەکانی دەدات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئیسرائیل و لوبنان نەکەن.

لەوبارەیەوە ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە خۆیان لە سەردانیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزن، ئەوەش وەک ڕێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی سەلامەتییان.

گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەڵمانیا تا دێت پەرەدەسێنێت، و پێشبینیدەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازیی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار