بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل ئەمریکا جوڵە بە هێزەکانی دەکات و ئێرانیش هەڕەشە دەکات

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون

پنتاگۆن بڕیاریداوە دوو کەشتی سەربازی بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێنێت بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشی ئێراندا و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات  لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەیدا.

ئاژانسی هەواڵی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردۆتەوە، دوای ھۆشدارییەکەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران لەھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە پەیامێکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە و رایانگەیاندووە، ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان بکات لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و لە ھەموو رێگەکانەوە ھێرشیان دەکەنەسەر.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردۆتەوە کە، تا ئێستا  پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە.

ئەو ئاژانسە باسی لەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بۆ جوڵاندنی هێزەکانی دوای ئاگادارکردنەوەیەک هاتووە لە کەسێکی تایبەت و ئاگادار لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پلانەکانی ئێران.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئەمریکا دوو کەشتی جەنگی وێرانکەر دەنێرێتە ناوچەکە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و یەکێک لە کەشتییەکانیش، سیستەمی بەرگری موشەکی Aegis ی تێدایەو ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.

سەبارەت بەو شوێنانەی چاوەڕواندەکرێت هێرشیانبکرێتە سەر ئەو ئاژانسە لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر باشور یان باکوری ئەو وڵاتە لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا (واتە 24 کاتژمێری داهاتوو)، چونكه‌ ئه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردوو ڕویدا شتێكى ئه‌ووتۆ نییه‌".

لەهەمانکاتدا ئاژانسی هەواڵی CNN لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە ،"ژەنەڕاڵ ئێریک کۆرێلا فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا، لەئیسرائیل بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوەو هێرزی هالێڤی سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئیسرائیلیش لەگەڵ کورێلا کۆبونه‌وه‌یان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە ئه‌نجامداوه‌".

ئەو بەرپرسە جوڵەپێکردنی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکای پشتڕاستکردۆتەوەو باسی لەوەکردووە کە  هێزەکانی ئەمریکا  دەیانەوێت لەعێراق‌و سوریاوه‌  ڕێگریی لەموشەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەن، کە باکوری ئیسرائیل دەکەنە ئامانج، ئەمەش بەگوێره‌ى ئەو شوێنەی کە لێیەوە هەڵدەدرێن".

جێگەیباسە کاربەدەستانی ئەمەریکا ترسیان لەوە هەیە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەناو ئێراندا کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبونی جەنگێکی  ناوچەیی و تێوەگلانی ئەمریکا تیایدا و بەهۆی ئەمەشەوە ئێران هێرشبکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەربۆیە داوایان لە ئیسرائیل کردووە بە وریاییەوە وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار