جەنگ دەستیپێنەکردووە بۆرسەی ئێران داڕما

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازادی تاران رۆژی شەممە ١٣ی نیسان سنووری ٦٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند و هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە ٦٦ هەزار و ٣٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکرا.

لە دوای ١ی نیسان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە سوریا و کوژرانی حەوت فەرماندەی باڵای سوپا و ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران، تمەنی ئێرانی ١٠٪ بەهای خۆی لەم چەند رۆژەدا لە دەستداوە و پێش بینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بەهای تمەن بەرامبەر بە دراوەکانیتر زیاتر دابەزێت.

جگە لەمەش نرخی سکە لە دوێنێوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ٣ بۆ ٦ لەسەد بەهاکەی بەرامبەر بە تمەن زیاتر بووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٣ی نیسان، هەر سکەیەکی بەهاری ئازادی بە ٤٢ میلیۆن و ٤٣٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا، سکەی ئیمامی ٤٥ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا.

لە هەمانکاتدا بەپێی ئامارەکان لەگەڵ دەستپێکی بازاڕی بۆرسەی تاران، پێنوێنی گشتیی بۆرسە بە شێوەی بەرچاو دابەزی و ٢٦ هەزار یەکە لە بۆرسەی ئێران دابەزی.

بە هۆی بەرزبوونەی بەرچاوی دۆلار خەڵک روویانکردۆتە بانکەکان و خەریکی کێشانەوەی پارەکانی خۆیانن لە بانک و بە پێی زانیارییەکان لە دوای نێوەڕۆی هەینی ١٢ی نیسانەوە تا پێش نیوەڕۆی شەممە ١٣ی نیسان، هاوڵاتییە ئێرانییەکان ٥٢٨ میلیارد تمەنیان لە بانکەکان کێشاوەتەوە و ئەمەش ئەگەری تێکشکانی بانکەکانی لێ ئەکەوێتەوە.

ماڵپەڕی " مێهرنیوز" لە راپۆرتێکدا باس لەوە ئەکات لە ماوەی یەک هەفتەدا هاوڵاتیانی ئێرانی ٢ تریلیۆن و ٢١٨ میلیارد تمەنیان لە بانکەکان کێشاوەتەوە.

شەممەی رەشی بۆرسە

ماڵپەڕی "تجارت نیوز" لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی " شەممەی رەشی بۆرسە" باس لە دابەزینی بازاڕی بۆرسەی ئێران دەکات و نووسیویەتی، ئەمڕۆ شەممە یەک تریلیۆن و ٧٠٠ میلیار تمەن لە بازاڕی بۆرسەی ئێرانی هێنراوەتە دەرەوە و ئەمەش ئەگەری داڕمانی زیاتری بۆرسەی ئێران لێ ئەکەوێتەوە. لە ئێستادا خەڵک دەیانهەوێت پشکەکانیان بفرۆشن و ٩٩٪ ی ئەوانەی پشکیان لە بۆرسە هەیە خوازیاری فرۆشتنن و کەس ئامادە نییە پشک بکڕێت.

بۆرسەی ئێرانی زیاتر بۆرسەیەکی دەوڵەتییە و بۆرسەیەکە زیاتر لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە ئەبرێت. ئەگەرەکانی دروستبوونی جەنگی ئێران- ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بووە بەهۆی دابەزینی بۆرسەی و بەهای تمەن، هەڵاوسانی زیاتری ئابووری و تێکشکانی بانکەکانی لێ دەکەوێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار