وتەبێژی سوپای ئیسرائیل: ئێران سزای کارەکانی دەبینێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوا بە دوای دەستبەسەردا گرتنی کەشتییەکی بازرگانی پورتەگالی لە نزیک گەرووی هۆرمۆز لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەوەی کە ئەم کەشتییە خاوەنەکەی میلیاردێرێکی ئیسرائیلییە، دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ئێران لەبەر ئەم کارەی بە قورسی سزا دەدرێت".

هاگاری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "ئێران پشتیوانی هێزە تیرۆریستەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راهێنانیان پێ دەکات و پڕچەکیان دەکات. هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، سوریا و یەمەن لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە ئەم جەنگەیان کردووە بە جەنگێکی جیهانی".

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریسم لە دونیا ناوبرد و ئەوەی خستەڕوو "تۆڕی تیرۆریستی ئێران جگە لەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵکی ئیسرائیل، غەزە، لوبنان و سووریە، بەڵکو رژێمی ئێران پەرە بە جەنگی ئۆکراین دەدات و حکومەتی تاران ئەوەی هەڵبژاردووە کە پەرە بە جەنگ بدات لە ناوچەکە و ئەنجامەکەی ئەبینێتەوە".

ئەم بەرپرسە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوە دا وڵاتەکەی ئامادەی وەڵامدانەوەی هەرچەشنە هێرش و دەستدرێژییەکە بۆ سەر هێزەکانی  و بەرژەوەندییەکانی لە لایەن ئێرانەوەو بە توندی وەڵامی ئەداتەوە.

گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران

ئەم وتانەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە ییسرائیل کاتێز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەربارەی دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە بازرگانییەکە وتی "ئەوەی تارانی کردوویەتی دزی دەریاییە و دەبێ دەستبەجێ حەساری ئابووری بخرێتە سەر ئەو وڵاتە".

کاتێز ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە ئەورووپا و دونیای ئازاد ئەکەم سوپای پاسداران بخەنە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوەو دەستبەجێ حەساری ئابووری بخەنە سەر ئێران".

رۆژی شەممە ١٣ی نیسان کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عومان و گەرووی هۆرمۆز لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا و ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی (ئێرنا) رایگەیاند "ئەم کەشتییە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوەو بەرەو کەنارەکانی ئێران هێنراوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار