ئەمرۆ ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی ئیران دەداتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"ی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی حکومی ئەمریکی بڵاویکردەوە رەنگە ئەمرۆ دووشەممە ،ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە.

لەلایەکی دیکەوە "پیتەر لیرنەر" ی وتەبێژی سوپای ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی " ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی راگەیاند،بە مەبەستی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران  سووپا چەند بژاردەیەکی خستۆتەبەردەم حکومەتی ئیسرائیل.

هەروەها "لیرنەر" ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە "رەنگە وەڵامدانەوەکەی ئیسرائیل سەربازی بێت و رەنگیشە بە شێوازێکی دیکە بێت ،ئەمرۆ یان لە رۆژانی داهاتوودا حکومەتی ئیسرائیلی جۆر و کاتی وەڵامدانەوەکە دیاری دەکات".

لەماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردووشدا "جۆبایدن" سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد ولاتەکەی پەلە نەکات لە وەڵامدانەوەی ئێران، هەروەک چۆن بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا چەند جارێک جەختییان لەوە کردۆتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هیج جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران ناکات و لە ئێستاشدا لە گەڵ هاوپەیمانەکانیان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و بەرگرتن لە تەشەنە سەندنی جەنگ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدەن.

جێی ئاماژەیە دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیوزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایەتەختی سوریا و کووشتنی حەوت گەورە فەرماندەی ناو سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەسانی نزیک لەو سوپایە، دەرنگانێکی شەوی شەممەی رابردوو ئێران بە دەیان مووشەک و دروون هێرشی کردە سەر ئیسرائیل ، بەڵام بە پێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هێرشەکە زەرەروزیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار