پنتاگۆن بەندەرێک دروستدەکات کە رۆژانە 2 ملیۆن ژەم خۆراک دەگەیێنێتە غەزە

4 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی

ئەمریکا دەڵێت بەرنامەی خۆراکیی نەتەوەیەکگرتووەکان قایلبووە لە رێگەی دەریاوە هاوکاری مرۆیی و خۆراک بگەیێنێتە دەست ئاوارەکانی غەزە؛ بەو مەرجەی پنتاگۆن بەندەرێکی لە غەزە بۆ دروستبکات.

رۆژی هەینی 20-4-2024، ئاژانسی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشچوونی نێودەوڵەتی بە میدیای ئەو وڵاتەی راگەیاند، ئەمریکا و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کار لەسەر ئەوە دەکەن هاریکاریی مرۆیی بە شێوازێکی "سەربەخۆ، بێلایەن و یەکسان" بگەیێننە دەست ئاوارەکانی کەرتی غەزە, جێگەیباسە تاوەکو ئێستا پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە.

لە دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، لەو کاتەوەی شەڕەکە دەستیپێکردووە، 70٪ی دانیشتووانی کەرتی غەزە دووچاری برسێتی و قات و قڕی بوونەتەوە. هێزی ئەمریکا کە ئێستا کەشتی و سەربازیان لە دەریای نێوەڕاست هەیە، بەندەرێکی کاتی لە کەناراوەکانی کەرتی غەزە دروستدەکەن.

درێژی بەندەرەکە 550 مەترە و پنتاگۆن دەڵێت، توانای گەیاندنی 2 ملیۆن ژەم خۆراکی رۆژانەی بۆ خەڵکی غەزە دەبێت. لە دروستکردنی بەندەرەکەدا 1000 سەربازی ئەمریکی بەشداردەبن و ئەمریکاش داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاسایشی کەناراوەکان بپارێزێت.

دوای دەستپێکی هێرشەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کە ئامانج لێی لەناوبردنی حەماسە، نزیکەی لە 33 هەزار و 800 هاووڵاتی و سەرباز کوژراون و لەنێویاندا سەدان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان هەبوون کە کاریان گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی لەنێوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار