لە هیندستان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و نزیکەی 1 ملیار کەس دەنگدەدەن

3 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن /هاوڵاتی

 هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستان دەستیپێکرد و پارتی بهاراتیا جاناتای سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانییەکی 25 پارتی رکابەریی بۆ بردنەوەی زۆرتین کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکەن.

رۆژی هەینی 19-4-2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان دەستیپێکرد و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەوڵدەدات بۆ سێیەم جار لەسەریەک حکومەتی ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی پارتەکەیدا بهێڵێتەوە.

نزیکەی 969 ملیۆن خەڵک لە هیندستان مافی دەنگدانیان هەیە و ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین پرۆسەی دیموکراسی لەسەر زەوی دەناسرێت. لەبەر زۆری ژمارەی دەنگدەر و دانیشتوانی هیندستان، هەڵبژاردنەکە بە 7 قۆناخی جیاواز بەڕێوەدەچێت و 6 هەفتەی پێدەچێت؛ ئەنجامی کۆتاییش لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی هیندستان کە بە لۆک سەبا ناسراوە لە 543 ئەندام پێکدێت.

ئەو رۆژانەی بۆ هەڵبژاردن دیاریکراون بریتین لە 19ی نیسان، 26ی نیسان، 7ی ئایار، 13ی ئایار، 20ی ئایار، 25ی ئایار و 1ی حوزەیرانی 2024. بۆ ئەوەی پارتێک بتوانێت ببێتە حوکمڕانی هیندستان، پێویستە 272 کورسیی لۆک سەبا بەدەستبێنێت، لە هەڵبژاردنی رابردوو کە لە 2019 بەڕێوەچوو، پارتەکەی نارێندرا مۆدی 303 کورسی بردەوە.

ئاڕاستەی پارتەکەی مۆدی وایە، هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری بەسەر دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە بە داماڵینی هیندستان لە دیموکراسی و رەوتە سێکیولارییەکەی پێشووی لێکدەداتەوە. هاووپەیمانێتییە 25 پارتەکە، کە گەورەترینیان پارتی کۆنگرێسی نیشتمانی هیندییە بانگەشە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی و رێگریکردن لە، وەک خۆیان دەڵێن بنبڕکردنی دیموکراسی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتی هیندستان دەکەن.

لە ماوەی ئەو 10 ساڵەی مۆدی لە دەسەڵاتدا بووە، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی ئەوەی لێگیراوە هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری دەسەپێنێت و هەوڵی کەمکردنەوەی ئازادییە دیموکراسییەکان لەو وڵاتە دەدات. کەچی دوایین راپرسیی ئاژانسی پیوی ئەمریکی ئەوە نیشاندەدات، هەشتیەکی هیندییە پێگەیشتووەکان ئاڕاستەی سیاسیی سەرۆکوەزیرانیان بە دڵە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی لە 2014، مۆدی دەستی لە تەرخانکردنی خەرجییەکی زۆردا بۆ ژێرخانی ئەو وڵاتە هەیە. لەوانە دروستکردنی شاڕێ، وێستگەی کارەبا، پرۆژەی ئاوی و دروستکردنی ملیۆنان خانوو بۆ هاووڵاتیان. لە ژێر دەسەڵاتی مۆدیدا، هیندستان ریکۆردی خێراترین گەشەی ئابووری لە جیهان شکاندووە و بووەتە یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان. ئەو رەخنانەشی لێیدەگیرێن، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکارییە لە نێو گەنجان، نایەکسانی و دروستکردنی ئیسلامۆفۆبیایە لە نێو خەڵکدا کە ناسەقامگیری بۆ سەر ژیانی 230 ملیۆن موسڵمان دروستکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار