ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یاسای ژینا (مەهسا)ی پەسەندکرد

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا چەند یاسایەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد، لەوانە یاسای "ژینا" (مەهسا) و ئەمە بۆ دووەەمجارە لە چوارچێوەی "یاسای ئاشتی سەدەی ٢١" لەگەڵ کۆمەڵێک رەشنووسی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە  پەسەند دەکرێت.

یاسای مەهسا لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکەوێتە دەنگدانەوە، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم رەشنووسە لە ئەنجومەنی پیران و واژۆکردنی لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاوە کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت.

پێشتر و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە ٤١٠ دەنگی بەڵێ و ٣ دەنگی دژ، رەشنووسی "یاسای ژینا (مەهسا)"ی پەسەند کرد، ئەم ڕەشنووسە لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا هەندێ ئاڵوگۆڕی تێداکرا. 

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ هەمان ڕەشنووسی پێشتری "یاسای ژینا"ی پەیوەست کرد بە پاکێجی یارمەتییە دەرەکییەکانەوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هیوادارن رەشنووسی پێشنیارکراو بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پاکێجی یارمەتیدان بە ئۆکراین و ئیسرائیل، پێکەوە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت.

لەئەگەری پەسەندکردنی "یاسای ژینا " لە ئەنجومەنی پیران، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێویستە سەرجەم ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لەوانە، عەلی خامنەیی ، رێبەری کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بخاتە لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەم یاسایە هەروەها ئەمریکا ناچار ئەکات بەوەی هەر ٩٠ رۆژ جارێک راپۆرتێک دەربارەی ئەو کەسانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لە ئێران، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی و نووسینە و دامەزراوەکانی سەر بە ئەوان، بخاتە بەردەست کۆنگرە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار