دوای زیاتر لە دوو ساڵ جەنگ گەشەی ئابووری رووسیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتربووە
7 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
حکومەتی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ئەوە دوو ساڵە لەگەڵ ئۆکراینادا لە جەنگدان، بەڵام ئابووریەکەیان گەشەیکردووە.
رۆژی هەینی 17-5-2024، ئاژانسی فیدراڵیی زانیاری حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 5.4٪ بووە، ئەمە لەکاتێکدایە، لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو 4.5٪ بووە.
هەرچەندە لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە رووسیا خەرجییە سەربازییەکانی زیادکردووە، بەڵام ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ چین باسی لەوەکرد، هێشتا خەرجییەکان نەگەیشتووەتە دۆخی نائاسایی. بە گوتەی پووتین، ئێستا خەرجیی سەربازی رووسیا 8٪ی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە کاتی یەکێتی سۆڤیەتدا 13٪ی داهاتی یەکێتییەکە بۆ کەرتی سەربازی بووە.
هەرچەندە تاوی گەشەسەندنی ئابووری رووسیا زیادیکردووە، هەڵاوسان لە رووسیا بۆ 7.8٪ لە مانگی ئایاردا بەرزبووەتەوە کە لە مانگی نیساندا 7.7٪ بوو. لە 24ی شووباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و وەک خۆی گوتی ئامانجی هێرشەکەی "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە"، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بە داگیرکاریی تەواوەتی ناوی دەبەن.
لەو کاتەوە چەندین وڵاتی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان سزای هەمەجۆری دیپلۆماسی و ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. رۆژئاوا دەڵێت ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنی گەورەیان کردووەتە سەر ئابووری رووسیا و بەهۆیەوە هەڵاوسان و باری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە سەختبووە؛ کرێملن ئەو قسانە رەتدەکاتەوە.