حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمینجار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کرد

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بۆ یەكەمجار بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار كە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، خرایە سەر سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لەبارەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئومێدەرواین ئەمە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت کە یەکەم بڕیار باس لە تەوتینکردنی و بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری دووەمیش رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە زەمینەسازی دەکات بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجۆرە هەنگاوانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان باجی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەدەن".
هەڵەدنی وتیشی، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی روونن و دەبێت وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و پابەندیشی خستووەتە سەرشانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".
ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمینجارە ، لە دوای ساڵی 2003وە تاوەكو ئەمڕۆ، بەشێك لە داهاتی نانەوتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی فیدراڵی بکات.
