یاسین حەمە عەلی: لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن راوێژ بە لایەنەکان دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانەوە نەتوانراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە، ئەمڕۆش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رابردوودا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راوێژی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کردووە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، بۆیە پێم وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکات و سەرۆکی هەرێم راوێژ بە سەرجەم لایەنەکان دەکات".
یاسین حەمە عەلی وتی، "ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین ئەم پرۆسانە پەکی نەکەوێت و لە وادەی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و کارێک نەکرێت پرۆسەیەکی دیموکراتی ببێتە قوربانی ململانێی نێوان لایەنەکان، کە بەداخەوە لە ماوەکانی رابردوو دوای دەرچوونی زیاتر لە چوار مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەهۆی ناکۆکی و نەسازانی نێوان لایەنەکانەوە".
وتیشی، "هیوادارین لە دیاریکردنی وادەی نوێدا زەمینەسازی و سازان و سەقامگیری هەبێت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".
لەکاتێکدا بڕیاربوو لە 10ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی بە رێکارەکان کردبوو، بەڵام بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن و دواتریش سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی لەسەر کۆمیسیۆن، وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت و بڕیاربدرێت کە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت.
