وەزارەتی کۆچ، بەم نزیکانە سەرجەم ئاوارەکانی سلێمانی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، کە پێشتر ئاوارەی شاری سلێمانی بوون.
ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، رایگەیاند، "300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان لە شنگال، گەڕانەوەشیان بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ بووە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى نەینەوا بووە، کە پاڵپشتى لۆجستى بۆ دەستبەرکردوون".
لە هەمانکاتدا، سامر مەشکور، بەڕێوەبەرى بەشى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى کۆچ، بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى راگەیاند، "لە دەرئەنجامى هەماهەنگى باشى نێوان وەزارەتەکەیان حکومەتى خۆجێى سلێمانى، لە مانگى شوباتەوە تاوەکو ئێستا، 275 خێزانى ئاوارە لەو پارێزگایەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان".
وتیشی، "ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، دواى پێشکەشکردنى چوار ملیۆن دینار وەک کۆمەکى بەپەلە کە هاندەربووە بۆ گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەیان".
سامر مەشکور، سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکان لە شاری سلێمانی ئاماژەیبەوەدا، "کە لە پارێزگاى سلێمانى چوار کامپى ئاوارەکان هەیە و زۆرترین ئاوارە لێیانەوە گەڕاوەتەوە زێدی خۆیان و تەنیا ژمارەیەکى کەمى ئاوارە لە یەک کامپدا ماون، چاوەڕوان دەکەن مانگى داهاتوو کۆتایهاتنى ئاوارە لە سلێمانى رابگەیەنن".
بە گوێرەى بەرنامەى حکومەتى عێراق، دەبێت سەرجەم ئاوارەکان تا مانگى تەمووز، بگەڕێنەوە زێدى خۆیان و دۆسییەى ئاوارەکان دابخرێت لە عێراق دابخرێت.
