ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە هەبووە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە هەبووە بەڵام مەترسی خۆپیشاندان دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بەدیسیپلینە".
سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگەش ئەوەی خستۆتەڕوو، "داتای تەواویان لە وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە و بۆ مانگی نیسانیش حكومەتی هەرێم ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی بە كۆد بۆ بەغداد ناردووە، دوای وردبینیش لەلایەن بەغدادەوە مووچەكە دەنێرن، چونكە تائێستا بەغداد هیچ تێبینیەكی نەبووە".
لیوا روکن بەختیار محەمەد، سەبارەت بە بەدواداچوونیان بۆ لیستی مووچەی پێشمەرگە وتی، "ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ كردووە ڕێككەوتنەكە وایە كە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەكە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بكەن ئینجا مووچەكە بنێرن"
. ئاماژەیبەشکردووە، "هەرچەندە تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەكەیەتی و نەهاتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام وەك كێشە تائێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بە دیسیپلینە".
