رێککەوتنی سیاسی لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ جاری سێیەم سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستەکان پەسەندکراوە و پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی کراوە، هەروەها بڕیاردراوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە دەست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکرێت.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، هەروەها عەرەب پێنج کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان بەدەستهێنا لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان.
