وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق: لەگەڵ ئەوەداین کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم چارەسەر بکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژۆ کرا".

ئاماژە بەوەشکراوە، "دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته".

دوێنێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پەرۆشین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین بە زووترین کات لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رێککەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراو لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەپێی ئه و بڕه ی له یاسای بودجەدا جێگیركراوه".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار