وەزارەتی کارەبا، دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکان دەکەین و لە هاویندا کارەبا زیاد دەکەین

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئامادەبوونى بریکار، راوێژکاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێکی گرنگی تێدا درا.
بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکان درا.
یەکێکی تر لە بڕیارەکان برتیبوو لە زیادکردنی کارەبا و لە وەرزی هاویندا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین.
وەزارەتى کارەبا دەشڵێت، "تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی، هەرلە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان دراوە".
