لە ماوەی مانگێکدا لە ئێران 67 کەس لەسێدارە دراون

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ماوەی مانگی رابردوودا لایەنی کەم سزای سێدارەی 67 بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی چوار کە 77 بەندکراو لە سێدارە درابوون،10حاڵەت واتا %13 کەمی کردووە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئایاری 2024 لایەنی کەم سزای سێدارەی 67 بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، شایەنی باسە کە، ناسنامەی 66 کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتەی رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئایاردا لایەنی کەم سزای سێدارەی 25 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە کە بەرانبەر بە %37ی سەرجەم حاڵەتەکانە، هەروەها لەو مانگەدا 15 بەندکراوی تورک، پێنج بەندکراوی بەلووچ و سێ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە سێدارە دراون.
لە مانگی ئایار سزای سێدارەی دوو بەندکراوی مەزهەبی و ئایینیی کورد بە ناوەکانی خەسرەوە بەشارەت و ئەنوەر خزری لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. هەروەها سزای سێدارەی منداڵێکی کوردی تاوانبار و خەڵکی شاری میاندواو بەناوی ڕامین سەعادەت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا جێبەجێ کراوە.
لە مانگی رابردوودا لایەنی کەم سزای سێدارەی چوار ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە، فەریبا محەممەدزەهی بەندکراوی خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی کرمان، رەزیە خەڵکی مەشهەد لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد، پەروین مووسەوی خەڵکی مەراغە لە بەندیخانەی ئورمیە و فاتمە عەبدوڵڵاپوور خەڵکی نەیشابوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئەو چوار ژنەن کە لە مانگی رابردوودا لە سێدارە دراون.
