تیمی گۆیژە بپارێزە، ئیدانەی تێکدانی سروشتی شاخی گۆیژە دەکەین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تیمی گۆیژە بپارێزە، زۆر بەتوندی ئیدانی تێکدانی سروشتی شاخی گۆیژە دەکەین، کە ماوەی چەند رۆژێکە لالیەن هەندێک کۆمپانیا زەویەکەی هەڵدەکەندرێت و بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەکاردەهێنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، تیمی گۆیژە بپارێزە، کە پێکدێن لە چەندین چالاکوانی ژینگەی و نوسەر و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، لە شوێنی ئەوەی شاخی گۆیژە زیاتر سەوز پۆش بکرێت و بۆ خزمەتی گشتی بەکاربهێنرێن لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی سەر بەدەسەڵات دەکرێن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون.
دەشڵێن، دوای ئەوەی ئەم شاخە بەم شێوازە دەشێوێنرێت و سیمای شاری سلێمانی ناشرین دەکەن و دەیکەن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون دواتر دەیخەنە خزمەتی چینە سەرمایەدارەکانی شارەکە.
ئەوەشیانخستەڕوو، سەرجەم بڕگەکانی یاسای دادگای فیدراڵی و هەرێم کوردستانیش تایبەت بە زەوی و نیشتیمان لە کاتێکدا بەکاردەهێنرێن، کە لە خزمەتی گشتی و هاوڵاتیاندا بێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین لە شاخی گۆیژە تەنها داگیرکاری شاخەکە و زەویەکەیە لە لایەن چەند لایەنێکە و پێچەوانەی یاسا و رێساکانە.
جێگەی ئاماژەیە ، ماوەی چەند رۆژێکە شاخی گۆیژە لە لایەن چەن لایەنێکەوە دەکرێن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون و سروشتەکەی تێکدەدرێت ئەمەش نارەزایەتی چین و توێژەکانی شاری سلێمانی لێکەوتۆتەوە و داوادەکەن بەزووترین کات پرۆژەکە رابگیرێت.
