بانکی "تی بی ئای" یەکەمین کۆمەڵەی کارتی بانکی رادەستی هەرێمی کوردستان کرد

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI هەستان بە رادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ، 4ی حوزەیرانی 2024، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی "هەژماری من"، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI هەستان بە رادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من، کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکیی 368 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ئاماژە بەوەشکراوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە بانکی ناوبراویان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" و لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکوو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات".
دەشڵێت، "هیوادارین سەرجەم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بەبانکیکردن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە لە ئێستادا لە پڕۆژەی هەژماری مندا بەردەستن".
