مامۆستایەکی ئایینی لە بۆکان، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سزای سێدارە و 16 ساڵ زیندانبوونی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی شاری بۆکان کە لە رەوتی بزووتنەوەی "ژینا"دا دەستگیرکرابوو، لە لایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیەوە پشتڕاستکراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، پێشتریش مانگی نیسانی2024، لقی 41ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی ڕازینی، سزای سێدارەو 16 ساڵ زیندانیبوونی بەسەر مامۆستا محەممەد خزرنەژاد پشتڕاستکردبۆەوە. محەممەد خزرنەژاد مامۆستایەکی ئایینی تەمەن 45 سالی خەڵکی شاری بۆکانە کە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا و نزیک 19 مانگ لەوە پێش دەستگیرکراوە.
ئەم مامۆستا ئاینییە پێشتر لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشێ ورمێ، بە دادوەری "رەزا نەجەزادە" تۆمەتی "فساد فی الارض"ی بەسەردا داسەپابوو و بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئێران، سزای 15 ساڵ زیندانیبوون و بە تۆمەتی پڕووپاگەناە دژی کۆماری ئیسلامی سزای یەکساڵ زیندانیبوونی بەسەردا داسەپابوو.
محەممەد خزرنەژاد رۆژی 19ی تشرینی دووهەمی 2022 لە رەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوەدەستبەسەر کرا .
دەستبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دوای ڕێوڕەسمی یادی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە کە ناوبراو لەم ڕێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.
