بە پێچەوانەی جەژنی رەمەزان، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی شیعە و سوننە لە عێراق جیاوازە و لە یەک رۆژدا نابێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان رایگەیاند، رۆژی 17ی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەوەش پێچەوانەی جەژنی رەمەزان، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی شیعە و سوننە لە عێراق جیاوازە و لە یەک رۆژدا نابێت.
ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، "رۆژی شەممە یەکەم رۆژی مانگی زیلحیجەی ساڵی 1445ی کۆچییە، بەو پێیەش رۆژی دووشەممە، 17ی حوزەیران، دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان".
رۆژی پێنجشەممە، 6ی حوزەیرانی 2024 سعودیە رایگەیاند، "رۆژی یەکشەممە، 16ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، هاوکات دیوانی وەقفی سوننەش بەدوایدا ئەو رۆژەی بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد".
رۆژی 10ـی نیسانی ئەمساڵ دوای چەند ساڵێک سوننە و شیعەکانی عێراق جارێکی دیکە پێکەوە جەژنیان کرد، دوای ئەوەی هەردوولا یەک رۆژیان وەکو یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرد.
