شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێنجشەممە ئەم هەفتەیە و شەممەی داهاتوو، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ئاداری 2024 دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی وانەبێژان رایگەیاند، بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، لەنێوان 250-350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 250-400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار کەسن، بودجەی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، رێگەکە ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مامۆستایانی وانەبێژ و ناو و زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق.
دەشڵێت ، وەزارەتی دارایی عێراق لە رێگەی تیمی دیوانی چاودێری وردبینی دەکات بۆ ئەو زانیارییانەی بۆی هاتووە، دواتر داواکارییەکە دەنێرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانیدایە بەپێی مادەی 60 لە یاسای بودجەی ساڵی 2023، مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت.
