مامۆستایانی وانەبێژ، وەزیر خاوەنی بەڵێنەکەی نەبێت ساڵی داهاتوو بایکۆت دەکەین

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری دەدەن و رایگەیاند، چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەزیری پەروەردەن، بە پێچەوانەوە لە خوێندنی ساڵی داهاتوو بایکۆت رادەگەیەنن.
ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزهیرانی 2024، ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی زیاد لە 10 ساڵە حکومەتی هەرێم بە پاساوی جۆراوجۆر کەرتی پەروەردەی پشتگوێخستووە و دامەزراندنی راگرتووە، هەموو ساڵێک بەهۆی بێباکی حکومەت و گوزەرانی سەختی مامۆستایان و وانەبێژان، خوێندن دوای چەن مانگێک بایکۆت بە کەموکورتی بەڕێکراوە.
دەشڵێن، وەک مامۆستایانی وانەبێژ چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەزیری پەروەردەین (نوسراوی ژ.1ی وەزیری پەروەردە لە 7ی1 ی 2024) کە تیایدا باس لە دوو خاڵ دەکات (بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک) دواتر لێدوانێکی دیکەی کە ئاماژەی بەوەکرد دوای جەژن هەنگاوی دیکە دەنێین لەسەر کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ.
مامۆستایانی وانهبێژ له بهیاننامهكهدا راشیانگەیاند، "لێرەوە رایدەگەیەنین، بە وردی چاودێری بەڵێن و هەنگاوەکان دەکەین ئومێد دەکەین لە جێی چاوەڕوانی مامۆستایان بن، بە پێچەوانەوە هەنگاوەکان دڵخۆشکەر نەبن دڵنیایی دەدەین بۆ جارێکی تر خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرین و ئامادەنابین چیدیکە پەروەردە بەم شێوە شکستخواردووە بەردەوامی پێبدەین و پێش دەسپێکی ساڵی نوێ بایکۆت رادەگەیەنین".
بهیاننامهكهی ئهنجومهنی مامۆستایانی وانهبێژ ئاماژهی بهوهشداوه، "داوا لەهەموو ئەو بەرپرس و لایەنانەی سنووری بایکۆت دەکەین دڵسۆزانە بەئەرکی سەرشانیان هەستن و فشار بکەن بۆ جێەجێکردنی بەڵێنەکان تا چیدیکە (منداڵی فەقیر) نەبێتە قوربانی بێباکی بەرپرسانی حکومەت و بایکۆتی ناچاری مامۆستایان".
