محەمەد حاجی مەحمود، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەڵەکە بتوێنێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا راگەیاند، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە.
سەرۆکی پارتی سۆسیالست دەڵێت، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەڕێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە کە ماوەیەک بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرا.
وتیشی، ئەو پێشوازییەی ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کرد، وە بینینی ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دڵنەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بەتایبەت بۆ بۆردومانکردنی ماڵی پێشرەو دزەیی، چونکە بۆ بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی تر ئاسان نیە ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ببینن بەڵام بینیمان سەرۆکی هەرێم چۆن پێشوازی لێکراو و بینی.
ئاماژەی بەوەشدا، بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 10ی حوزەیارن دواخست، چونکە وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن وە بەغداد و کۆمسیۆنیش سوربوون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا.
دەشڵێت، کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغدادەوە هەڵبژاردن دواخرا و وە کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردنی وەستاندی.
دەربارەی سەرەوەری عێراق و پاراستنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت” ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت وجودی نیە و سەروەری نیە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد”.
