لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بۆ هاوڵاتی: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
لایەنەکان لە چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی مانگی ئەیلولی ئەمساڵی کردووە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە".
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەسەر پرسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تائێستا هیچ وادەیەکی نوێ دیارینەکراوە و چاوەڕێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و پێشنیازی کردووە لە 5ی ئەیلولی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت".
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی، "یەکێتی و زۆرینەی لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، چونکە لەرووی هونەری و دارایی و یاساوە کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە، بۆیە هیچ بیانووێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".
لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە چوار جار بە فەرمی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە هەر چوار جارەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخراوە، لەئێستاشدا چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی 5ی ئەیلولی ئەمساڵی کردووە.
